ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك رێكخراوی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی له‌شاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان كۆبوونه‌وه و یاداشتێكیان ئاراسته‌ی كۆمسیۆن كرد له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم .
رێكخراوه‌كان كه ژماره‌یان هه‌ژده رێكخراوبوو، له یاداشته‌كه‌دا چه‌ندین پێشلیكاری كۆمسیۆنیان خسته‌روو داوایان كرد كۆمسیۆن پابه‌ندی یاسا‌و رێكاره‌كان بێت، له به‌شێكی تری یاداشته‌كه‌دا، رێكخراوه‌كان داوایان كرد هه‌ڵبژاردنێكی پاك له‌كاتی خۆیدا ئه‌نجام بدرێت .
ده‌قی یاداشته‌كه :
به‌ڕێزان/ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان
فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان
كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی
بابه‌ت/ پێشێلكارییه نایاساییه‌كانی هه‌نگاوه‌كانی هه‌ڵبژاردن
له رووی یاساییه‌وه رۆژی (6/11/2017) ته‌مه‌نی خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان كۆتایی دێت، بۆیه پێویستبوو به‌پێی یاسا به‌لایه‌نی كه‌م به‌ر له (60) رۆژ، واته دوو مانگ به‌ر له‌ته‌واوبوونی واده‌ی په‌رله‌مان، ئه‌وه‌بوو هه‌ریه‌ك له به‌رێزان (مه‌سعود بارزانی) به‌ناوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له رۆژی (8/6/2017) و (د.یوسف محمد) به ناوی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه (29/5/2017) له دوو نوسراوی جیادا داوایان له كۆمسیۆن كرد رۆژی هه‌ڵبژاردن ده‌ستنیشانبكرێت، به‌ڵام به‌هۆی ده‌سنیشان نه‌كردنی واده‌ی هه‌ڵبژادن له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه، هه‌ر به‌رێز بارزانی له (19/7/2017)به نوسراوێك بۆ كۆمسیۆن رۆژی (1/11/2017)ی ده‌ستنیشانكرد و كۆمسیۆنیش له رۆژی (14/8/2017) وه‌ڵامیدایه‌وه‌و كه له‌كاتی دیاریكراودا ئاماده‌ن هه‌ڵبژاردنه‌كه ئه‌نجام بده‌ن. به‌پێی یاسا ده‌بوایه تائێستا هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان ته‌واو بوونایه و ئێستا بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ستی پێبكردایه، به‌ڵام ئاماده‌كارییه‌كان له واده‌ی یاسایی خۆیاندا نین. (جا هۆكاره‌كه‌ی له‌به‌ر سه‌رقاڵی كۆمسیۆنه‌وه بێت به پرۆسه‌ی راپرسیه‌وه یا هه‌ر هۆكارێكی تر).
ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت ئێواره‌ی رۆژی (4/10/2017) له ماڵپه‌ڕی كۆمسیۆن راگه‌یاندنێك به مێژووی (2/10/2017) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و تیایدا هاتووه:
1-ماوه‌ی پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتی نێوان لایه‌نه سیاسیه‌كان له رێكه‌وتی (3/10/2017 تا 6/10/2017) ده‌بێت.
2-ماوه‌ی پێشكه‌شكردنی كاندید بۆ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ڕێكه‌وتی (9/10/2017 تا 13/10/2017) ده‌بێت.
3-هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مان له (15/10/2017 تا 29/10/2017) ده‌بێت.
له‌هه‌مان نوسراودا هاتووه كه: "به‌له‌به‌رچاوگرتنی كه‌میی كات و ئه‌و وادانه‌ی كه دیاریكراون جێگیرن و گۆڕانكارییان به‌سه‌ردا نایه‌ت". جێگه‌ی سه‌رنجه له‌م بڕیاره‌دا یاسا شكێنی كراوه‌و پێوه‌ره‌كان له‌به‌رچاو نه‌گیراون، لێره‌دا به‌چه‌ند خاڵێك ده‌یخه‌ینه‌ڕوو:
یه‌كه‌م: سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان:
1-پێشتر كۆمسیۆن په‌یڕه‌وی ژماره (1)ی ساڵی 2017 ی ده‌ركردووه به‌ناوی (په‌یره‌وی ئاماده‌كردن و نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران و خستنه‌ڕووی تانه‌كان بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق) كه ئه‌مه‌ش به‌لای كه‌مه‌وه دوو مانگی پێویسته، له خاڵی (1)ی به‌شی چواره‌می هه‌مان په‌یره‌وه‌دا هاتووه كه دوای ئه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران نوێ ده‌كرێته‌وه و ده‌خرێته روو به‌مه‌رجێك به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه(15) رۆژ به‌ر له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان بێت، به‌پێی ئه‌مه ده‌بێت تا (14/10/2017) پرۆسه‌ی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران ته‌واو بێت، ئه‌مه له‌كاتێكدا كه ته‌نها (6) رۆژی ماوه‌و كۆمسیۆنیش هیچ ئاماده‌كارییه‌كی نه‌كردووه‌و تا ئێستا نه رایگه‌یاندووه‌و نه هیچ بنكه‌یه‌كی بۆ ئه‌م مه‌به‌سته كردۆته‌وه. به‌پێی ئه‌مه له‌وه ده‌چێت كۆمسیۆن خۆی له‌و په‌یره‌وه بواردبێت كه هیچ كاتێكی بۆ دانه‌ناوه، دیاره ئه‌مه‌ش نایاساییه.
2-ماوه‌ی پێكهێنانی هاوپه‌یمانیه‌تی كه (3 تا 6/10/2017)ی بۆ ته‌رخانكراوه، ئه‌م كاته كه‌مه‌و جگه له‌وه‌ی خودی كۆمسیۆن راگه‌یاندنه‌كه‌ی رۆژێك دره‌نگتر بڵاوكردۆته‌وه، ئه‌مه‌ش كارێكی نایاساییه.
3-ماوه‌ی پێشكه‌شكردنی كاندید (9 تا 13/10/2017) ی بۆ ته‌رخانكراوه، ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی یاسایه، چونكه له بڕگه‌ی (2)ی ماده‌ی (22)ی یاسای ژماره (1)ی سالی 1992 ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستاندا هاتووه: "لیستی پاڵێوراوه‌كان له‌ماوه‌ی (15) رۆژ له‌به‌رواری راگه‌یاندنی واده‌ی هه‌ڵبژاردن پێشكه‌ش به كۆمسیۆن ده‌كرێت و هه‌موو به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی پێوه ده‌لكێنرێ كه له‌ماده‌ی بیست و یه‌كه‌مدا داواكراون". ئه‌مه له‌كاتێكدایه كه واده‌ی هه‌ڵبژاردن له (14/8/2017) له‌لایه‌ن كۆمسیۆنه‌وه راگه‌یه‌نراوه، كه نه‌ك (15) رۆژ به‌لكو (56) رۆژی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕیوه. جگه له‌مه ته‌نها ماوه‌ی (5) رۆژ بۆ ئاماده‌كردن و پێشكه‌شكردنی لیستی ناوی كاندیده‌كان دانراوه، ئه‌مه‌ش كاتێكی كه‌مه و له‌گه‌ل هیچ ستانداردێكدا وێكنایه‌ته‌وه. جگه له‌مه له ماوه‌ی ته‌نها یه‌ك رۆژدا كۆمسیۆن كه ته‌نها رۆژی (14/10/2017)ی له‌به‌رده‌مه چۆن ده‌توانێت لیستی نزیكه‌ی (30) قه‌واره سیاسی كه زۆرینه‌یان هه‌ریه‌كه‌یان (100) كاندیدیان هه‌یه‌و لیستی كۆتاش كه هه‌ریه‌كه‌ی (5) كاندید له‌خۆده‌گرێت پێداچوونه‌وه‌و راستاندنیان بۆ بكات؟ چونكه رۆژی (15/10/2017) بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ست پێده‌كات!
4-ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن (15 تا 29/10/2017) ی بۆ ته‌رخانكراوه، كه (14) رۆژ ده‌خایه‌نێت و ئه‌و ماوه‌یه‌ش له‌گه‌ل پێوه‌ره‌كان وێك نایه‌ته‌وه.
5-له رۆژی (15/10/2017) به حیسابی كۆمسیۆن راستاندنی لیستی كاندیده‌كان ته‌واو ده‌بێت، و تا كاتی هه‌ڵبژاردن ته‌نها (15) رۆژ له‌به‌رده‌مدایه، كه ئه‌م كاته‌ش كه‌مه بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی تایبه‌ت به چاپكردن و دابه‌شكردنی فۆرمه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به پرۆسه‌ی هه‌لبژاردن و چاپكردنی كارتی ده‌نگدان (كه پێویسته كوالیتی به‌رز بێت) و دابه‌شكردنیان به‌سه‌ر بنكه‌كاندا.
دووه‌م: هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم:
1-به‌پێی راگه‌یاندنی ژماره (18)ی كۆمسیۆن كه له 17/9/2017 ده‌رچووه، ماوه‌ی تۆماركردنی كاندید بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم تا (3/10/2017) درێژ كراوه‌ته‌وه، كه ئه‌مه‌ش نایاساییه، چونكه له بڕگه‌ی یه‌كه‌می ماده‌ی حه‌وته‌می یاسای ژماره (1)ی سالی 2005 ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمدا هاتووه: "داوای خۆپاڵاوتن، لانی كه‌م، پێش (30) رۆژ له‌واده‌ی هه‌ڵبژاردندا پێشكه‌ش به كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن كرابێت". به‌ڵام ئه‌م واده‌یه كه‌متره و (27) رۆژ ده‌كات نه‌ك (30) رۆژ و نایاساییه.
2-تا كۆتایی هاتنی ئه‌م واده‌یه‌ش (3/10/2017) كاندیدێك خۆی تۆمار كردووه.
3-له راگه‌یاندنی ژماره (22) كه به مێژووی (2/10/2017) بڵاو كراوه‌ته‌وه باس له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم و بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن و رێكاره‌كانی نه‌كراوه. له‌كاتێكدا هه‌ردوو پرۆسه ده‌بێت هاوته‌ریب به‌ڕێوه بچن.
4-ئه‌گه‌ر له حاڵه‌تێكدا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بكرێت و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم نه‌كرێت، په‌رله‌مانی نوێ ناتوانێت ده‌ست به‌كار بێت، چونكه به‌پێی بڕگه‌ی (3) له ماده‌ی (10)ی یاسای ژماره (1)ی ساڵی 2005 ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت سه‌رۆكی هه‌رێم بانگهێشتیان بكات بۆ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌و سوێندی یاسایی بخۆن.
5-په‌رله‌مانی نوێ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژێردرێت ناتوانێت یاسا‌و بڕیار ده‌ربكات، چونكه به‌پێی بڕگه‌ی (1) له ماده‌ی (10)ی یاسای ژماره (1)ی ساڵی 2005 ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێویستی به مه‌رسوم هه‌یه و كه‌سیش نابێت مه‌رسوم ده‌ربكات.
6-په‌رله‌مانی نوێ ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژێردرێت ناتوانێت حكومه‌تی تازه پێكبهێنێت، چونكه به‌پێی بڕگه‌ی (12) و (13) له ماده‌ی (10)ی یاسای ژماره (1)ی ساڵی 2005 ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێویسته سه‌رۆك هه‌بێ مه‌رسوم ده‌ربكات.
ئه‌نجام:
پێویسته ئه‌م ڕاستیه بخه‌ینه ڕوو كه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد ئه‌نجام بدرێت و متمانه بۆ هاولاتیان بگه‌ڕێته‌وه‌و حزبه‌سیاسیه‌كانیش دان به ئه‌نجامه‌كانیدا بنێن، زوو به زوو ئه‌م هه‌نگاوانه بنرێن:
1-ستاندارته نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له هه‌ڵبژاردندا له‌به‌رچاو بگیرێت و هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد به‌ڕێوه ببرێت.
2-كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی له‌په‌یڕه‌و و رێكاره‌كانیدا یاسا به‌ركاره‌كان له‌به‌رچاو بگرێت و لێیان لانه‌دات.
3-كار به یه‌ك تۆماری ده‌نگده‌رانی یه‌كگرتووی پاگژ بكرێت، كه له ناوی دووباره‌و مردوو و ساخته پاك بكرێته‌وه و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان (ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌ندروستی و ناوخۆ و بازرگانی و پێشمه‌رگه و پلاندانان) مولزه‌م بكرێن به‌وه‌ی هاوكاری بكه‌ن له ئاماده‌كردن و پاك كردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌راندا.
4-پێداویستیه مادی و مه‌عنه‌وییه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن دابین بكرێت، و بودجه‌ی پێویستی بۆ ته‌رخان بكرێت.
5-زه‌مینه‌سازی بۆ متمانه‌ی نێوان هێز و لایه‌نه‌كان له پرۆسه‌ی هه‌لبژاردندا دروستبكرێت له پێناو سه‌رخستن و په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامه‌كانی.
ئه‌گه‌ر كۆمسیۆن ئه‌م كارانه نه‌كات، پێویسته له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه لێپێچینه‌وه‌ی له‌گه‌لدا بكرێت، ئه‌گه‌ر رێگریش له كاره‌كانی كراوه پێویسته كۆمسیۆن بیخاته روو و لایه‌نی كه‌مته‌رخه‌م ئاشكرا بكات، هه‌ر بۆیه داواكارین له‌پێناو هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌ردا هه‌موو هه‌ولێك بخرێته گه‌ڕ بۆ ده‌رچونی هه‌رێمی كوردستان له‌م بارودۆخه چه‌قبه‌ستووه‌دا.
له‌حاله‌تی نه‌بوونی وه‌لامدا وه‌ك رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی ناچارین هه‌موو رێگه‌و فشارێكی مه‌ده‌نی بگرینه‌به‌ر و رای گشتیی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌شی لێ ئاگادار بكه‌ینه‌وه.
له‌گه‌ل رێزدا
1--په‌یمانگه‌ی په‌ره‌پێدانی یاسایی (ILDK)
2-ئینستتیوتی په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پیێدان (PAY)
3-سه‌نته‌ری په‌ره‌پێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ (DHRD)
4-رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان (WOLA)
5- رێكخراوی كوردستان بۆ هه‌موان (KEODD)
6- ریكخراوی ستۆپ بۆ دژه گه‌نده‌لی
7- په‌یمانگای ناوین بۆ په‌یوه‌ندیه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان
8- ڕێكخراوی كوردۆ زانست بۆ دیموكراسیه‌ت و مافی مرۆڤ
9-رێكخراوی چاوی زانكۆ
10- ریكخراوی لیزا بۆ گه‌شه‌پێدانی مرۆیی
11-ریكخراوی ریكان بۆ ئاماده كردنی سه ركرده
12- رێكخراوی گه‌یاندن بۆ چالاكیه دیموكرسیه‌كان و مافی مرۆڤ
13- ریكخراوی رونیا بۆ هوشیاری
14-تۆڕی لیده‌ر
15-په‌یمانگه‌ی كوردی بۆ دیالۆگ
16-رێكخراوی جوگرافیای گشتی كوردستان
17-ئینستتیۆتی برادۆست بۆ گه‌شه‌پێدان
18-رێكخراوی هه‌ڵوێست
9/10/2017