خەندان-
دامەزراوەی پەی رایگەیاند، پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا کۆبونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم ئەنجام بدەن بۆ دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن، هەروەها پێویستە سەرجەم لایەنەکان پێداچونەوە بە لیستی کاندیدەکانیان بکەن، چونکە کاندیدەکان خەسڵەتی خاوەن ئەزمون و پشپۆڕی جیاجیان تێدا کەمە
دامەزراوەی (پەی) بۆ پەروەردە و راگەیاندن لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، پەرلەمانی كوردستان گرنگترین دامەزراوەی هەرێمی کوردستانە، كە لەسایەیدا لە رابردو كۆمەلێك بڕیاری چارەنوسساز درا، لە گرنگترینیان بڕیاری پێكهێنانی حكومەت و فیدرالیەت بو بۆ قەوارەكە، جگە لەمانە هەر پەرلەمانە كە یاساكان دادەڕێژێت بۆ رێكخستنی كایەكانی كۆمەڵگە و هەر ئەویشە دەبێت چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێكردن بكات تا لە رێڕەوی یاسایی خۆی لانەدات.
پەرلەمان گومبەزی كۆكەرەوەی سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی هەرێمە
لە راپۆرتەکەی دامەزراوەی پەی ئاماژە بەوەشکراوە، سەرباری هەمو ئەمانە پەرلەمان گومبەزی كۆكەرەوەی سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی هەرێمە بە بیروڕای جیاوازیشەوە، ئەگەر لە رابردودا ئەم دامەزراوەیە لەبەر كۆمەلێك هۆكار نەیتوانیبێت بەئەركەكانی خۆیشی هەڵسێت و ماوەی ساڵێک و شەش مانگە لەكارخراوە و هەڵبژاردنەكەی جار لەدوای جار دوادەخرێت.
پەرلەمان دامەزراوەیەکی پێویستە
ئەوەشخراوەتەڕو، بەڵام پەرلەمان دامەزراوەیەکی پێویستە و ئەركی مێژویی لایەنە سیاسییەكانە ئیتر واز لە عینادی و دەستشكانەوەی یەكتری بێنن و ئەم رەوشە ناهەموارەی هێناویانەتە كایەوە لەسەر حیسابی هاولاتیان و ئەزمونەكە كۆتایی پێ بێنن و ئەویش لە رێگەی گرتنەبەری چەند هەنگاوێکەوە.
کۆبونەوەی بەپەلەی لوتکەی لایەنە سیاسییەکان لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم ئەنجام بدرێت
دامەزراوەی پەی بەپێویستی دەزانێت، بەپەلە كۆبونەوەی لوتكەی لایەنە سیاسییەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم ئەنجامبدرێت و لەسەر وادەیەك رێك بكەون كە لە زوترین كاتدا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و هەرێم لە بۆشایی یاسایی دەرباز بكرێت.
پێداچونەوە بە لیستی کاندیدەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت
دامەزراوەی پەی ئاماژەی بەوەشکردوە، لایەنە سیاسییەكان بە كاندیدانی ئەو لیستانەیاندا بچنەوە كە لە چەند مانگی پێشو پێشكەشیان كردبو بۆ ئەو هەڵبژاردنەی بڕیار بو لە 10ی مانگی (حوزەیران/6) ئەنجامبدرێت، بەڵام نەكرا.
کاندیدەکانی ئێستا خەسڵەتی خاوەن ئەزمون و پسپۆڕی جیاجیان نییە
رونیشی دەکاتەوە، پەرلەمان پێویستی بە كەسانی (بڕیار بەدەست، لێهاتو، بە ئەزمون و خاوەن پسپۆریی جیاجیا و خاوەنی بڕوانامەی فیعلی) هەیە، جێگەی داخە بەشێكی زۆریی لیستەكان ئەم خەسڵەتانەیان تیادا بەدی نەدەكرا، لە ئێستادا كە كۆمسیۆن دەرفەتی داوە و وادەی پێشكەشكردنی لیستی كاندیدانی درێژكردۆتەوە پێویستە ئەم گۆڕانكاریانە بكەن كە هەم لە بەرژەوەندی خۆیان و هەم خەڵكی كوردستاندایە.
رێككەوتنێكی ستراتیژی بەشێوازی میساقێكی شەرەف لەنێوانیان لایەنە سیاسییەکان واژۆ بكرێت
هەروەها داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات، رێككەوتنێكی ستراتیژی بەشێوازی میساقێكی شەرەف لەنێوانیاندا واژۆ بكرێت بۆ دەربازكردنی هەرێم لەم قۆناغە سەختەی تێی كەوتوە و سەنگ و قورسایی جاران بۆ هەرێم بگێڕنەوە.
لینكی هەواڵ:
https://www.xendan.org/detailnews/181552