.jpg

ئەنجومەنی كۆمیسیاران بڕیارینەداوە بەكردنەوەی دەرگای خۆتۆماركردن

Jun 5, 2024  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئاماژە بەوەدەكات تائێستا دیارنییە جارێكی دیكە دەرگای خۆپاڵاوتن و تۆماركردنی قەوارە و لایەنە سیاسییەكان دەكرێتەوە یاخود نا، چونكە ئەو بابەتە پەیوەستە بە بڕیاری ئەنجومەنی كۆمیسیارانەوە، هاوكات ئەو وادەیەی كە سەرۆكایەتی هەرێم دیاریدەكات كاریگەری دەبێت لەسەر دەكردنی وەها بریارێك.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند: “لەدوای یەكلایی بوونەوەی ئەو تانانەی كە لەدەستەی باڵای داوەری كۆمیسیۆن تۆماركرابوون و هەروەها دواین بریاری دادگای فیدراڵیش جاریكی دیكە دەستمان بە كاركردن لە ئۆفیسەكانمان كردووەتەوە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش چاوەرێی سەرۆكایەتی هەرێمین وەڵامی پێشنیارەكەمان بداتەوە كە 5/9/2024 مان دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن”.
ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیاری دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆبەربژێركردن بۆ كاندیدانی سەربەخۆ و هەروەها خۆتۆماركردنی قەوارە و لایەنە سیاسییەكان، بۆ بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكان ئەوە بڕیارێكی تایبەتی دەوێت و دەبێت ئەو بڕیارەش لەلایەن ئەنجومەنی كۆمیسیارانی سەر بەكۆمیسیۆن دەربكرێت ئایا دەرگای خۆپاڵاوتن دەكرێتەوە یاخود تەنها ئەو قەوارەو كاندیدانە بەشدار دەبن كە پێشتر تۆماركراون.
وتەبێژەكەی كۆمیسیۆنی بالای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە پێشنیارمان بۆ سەرۆكایەتی هەرێم كردووە كە ڕۆژی 5/9/2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بڕیاری كۆتایی لای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە و ئەو وادەیی ئەوان دیاری دەكەن كاریگەری دەبێت لەسەر بڕیاری دووبارە كردنەوەی دەرگای خۆ تۆماركردن چونكە ئەگەر وادەیەك دیاری بكەن نزیك لە تەواو بوونی تەمەنی كۆمیسۆن ئەوا پیناچێت بتواندرێت جارێكی دیكە دەرگای خۆپاڵاوتن بكرێتەوە چونكە ئەو كارە پیویستی بەكاتێكی زۆر دەبێت بۆ پەسندكردن و وردبینیكردنی ناوی بەربژێرو كاندیدەكان.