ئەمڕۆ ٢٠٢٤/٥/٢١دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان لە عێراق بڕیاری دا، پێنج کورسی لە سەد کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان بدرێت بە کۆتاکان، بەشێوەیەک دابەشبکرێت بەسەر بازنەی هەڵبژاردن بەم شێوەیە: هەولێر کورسیەک بۆ تورکمان و کورسیەک بۆ کریستیان، لە سلێمانی کورسیەک بۆ تورکمان و کورسیەک بۆ کریستیان هەروەها لە دهۆک کورسییەک بۆ کریستیان.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ٢٠٢٤/٢/٢١ دادگای فیدڕاڵی حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە لابردنی ١١ کورسییە کۆتاکان لە پەرلەمانی کوردستان دوای ئەوەی هەریەكە لە (زیاد جەبار) سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و (ئامانج نەجیب شەمعوون) سەرۆکی فراکسیۆنی رافیدەینی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی سكاڵایان تۆمار كردبوو لە دادگای فیدڕڵی، كە تیایدا سکالاکاران داوای بەنادەستووری ناساندنی مادەکانی (١)، (٩)، (١٥)، (٢٢) و (٣٦) دەکرد.
ئەو مادانەی كە بەنادەستووری كاریان پێكراوە بریتین بوون لە:
مادەی ١: ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە ١١١ کورسی پێکدێت.
مادەی ٩: هەرێمی کوردستانی عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت.
مادەی ١٥: لە هەرێمی کوردستان سەنتەرەکانی هەڵبژاردن تۆماری ناوی دەنگدەران بە ریزبەندی پیتە ئەبجەدییەکان ئامادە دەکەن.
مادەی ٢٢: هەموو قەوارەیەکی سیاسی لە هەرێم مافی تۆمارکردنی لیستی تایبەتی هەیە بەمەرجێک %٣٠ بەربژێرەکانی لە رەگەزی مێ بن.
مادەی ٣٦: تایبەتە بە کورسی کۆتاکان و تێیدا هاتووە؛ پێنج کورسی کلدان، ئاشووری و سریانییەکان تەرخان دەکرێت و پێنج کورسی بۆ تورکمانەکان و یەک کورسیش بۆ پێکهاتەی ئەرمەن تەرخان دەکرێت و بەربژێرانی سەرجەم پێکهاتە کۆتاکان رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی دەکەن.