slemanmstefa.jpg

هەنگاو بە هەنگاو دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن

Oct 31, 2024  |   بیروڕا 

سلێمان مستەفا حەسەن 

هەنگاوکانی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە فەرمیەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن ئەنجومەنی کۆمسیاران، ئەو قسەو باسانەن کە زۆرترین پرسیاریان لە بارەوە دەکرێن ، لێرەدا هەوڵدەین وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەینەوە ، لەبەر ڕۆشنایی یاسا و پەیرەوەکانی پەیوەندیدار بەو پرسە ، لەوانە یاسای کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەلبژاردنی  عێراق ژمارە ( ٣١)ی ساڵی٢٠١٩ ی هەموارکراو ، و یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە ( ١) ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراو ،و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی هەموارکراو، و پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانی ساڵی ٢٠١٨ و پەیرەوی ژمارە (٩) ی ساڵی ٢٠٢٤ی دابەشکردنی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان .
یەکەم : قۆناغی تانە و پەسەندکردنی ئەنجامەکان :
بەپێی یاسای کۆمسیۆنی فیدراڵی و یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە ، لایەنە زەرەر مەندەکان بۆیان هەیە لەرۆژی دوای بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکان بۆماوەی سێ رۆژ لەبەردەم دەستەی دادوەری هەڵبژاردن تانە لەئەنجامەکان بدەن ، دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەکان ماوەی هەفتەیەکی لەبەر دەستە بۆ وەرگرتنی دۆکۆمێنتەکانی پەیوەندیدار بە تانەکان ، وە لەماوەی (١٠) رۆژ تانەکان یەکلایی دەکاتەوە ، دوای کۆتایی یەکلایی کردنەوەی تانەکان ئەنجامەکان پەسەند دەکات و بۆ کۆمیسیۆنیان دەنێرێتەوە بەمەبەستی ڕاگەیاندنیان بەشیوەی فەرمی و کۆتایی ، وەک لە بڕگەی (٧) یاسای کۆمیسیۆندا هاتوە، هەروەها بڕیارەکانی دادگای هەڵبژاردنێش بنبرن و قابیلی تانە لێدان نین وەک لە بڕگەی (٣)ی ماددەی ١٩ ی یاسای کۆمیسیۆندا هاتوە .
دووەم : قۆناغی دانێشتنی پەرلەمان و سوێند خواردنی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمان : بە پێی دەقی بڕگەی سێیەمی ماددەی ( ١٠)یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ، و ماددەی (٤٦) یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کورستان و ماددەی (٣) پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ، لە رۆژی دەیەمی دوای پەسەند کردنی ئەنجامەکان سەرۆکی هەرێم بانگهێشتی یەکەم کۆبونەوە دەکات ، لەئەگەر دەرنەکردنی مەرسومی هەرێمی بۆ بانگهێشتی کۆبەنەوە لەرۆژی دەیەمی دوای پەسەند کردنی ئەنجامەکان ، پەرلەمان ڕاستەوخۆ کۆدەبێتەوە ، لەم کۆبونەوەیە تەنها دوو کاری تایبەت ئەنجام دەدرێت ، یەکەم کۆبونەوەکە لە لایەن بە تەمەنترین ئەندامەوە سەرپەرشتی دەکرێت ، و ئەندامانی پەرلەمان سوێندی یاسایی دەخۆن و دەبن بە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان ، کاری دووەمی سەرۆکی دانیشتن هەڵبژاردنی ( سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانە ،وەک لە دەقی ماددەی (  ماددەی 48/ یاسای هەڵبژاردندا هاتوە :(پەرلەمان لە یەكەم دانیشتنیدا ، بە رێگەی دەنگدانی نهێنی ، سەرۆك و جێگری سەرۆك و سكرتێری پەرلەمان بە زۆرینەی رەهای دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت)، هەروەها لە ماددەی (١١) پەیرەوی ناوخۆشدا هاتوە ( ماددەی/ 11:
یەكەم/ پەرلەمان ، دانیشتنی یەكەمی خۆی كە لە ماددەی (3) سێ ئەم پەیرەوەی ئاماژەی پێدراوە بە سەرۆكایەتی بە تەمەنترین كاندیدی دەرچووی ئامادەبوو دەبەسترێت.
دووەم/ بە تەمەنترین كاندید دەرچووی ئامادە بوو لە لایەن سەرۆكی دیوان سەرۆكایەتی پەرلەمان بانگهێشت دەكرێت و دەبێتە سەرۆكی یەكەم دانیشتن، ئەركی تەنیا بریتی دەبێت لە بەرێوەبردنی دانیشتنی یەكەم و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی.
  لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دیتە پێشەوە ، ئایا مەرجە لە یەکەم کۆبونەوەی پەرلەمان دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت ، ئەگەر نیوە زاید یەک ئامادەی کۆبونەوە بێت دەکرێت لە یەکەم کۆبونەوە دەستەی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرێت ، بەڵام گەر ڕەچاوی سازان و رێکەوتن بکرێت بەپێی ئەزموونی رابردوو لە هەرێم و عێراق دانێشتنی یەکەم بە کراوەی بەجێدەهێشترێت تا لایەنە سیاسەکان دەگەن بە رێکەوەتن .
سێیەم : بابەتی بایکۆتی پەرلەمان و سوێند نەخواردنی بەشێک لە پەرلەمانتاران و فراکسیۆنەکان:
شاراوە نییە لە هەرێمی کوردستان کار بە سیستەمی نوێنەرایەتی رێژەیی لیستی کراوەی سنوردار دەکرێت و لەم هەڵبژاردنەدا هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنە دابەشکرا ، هەروەها لە دابەشکردنی کورسیەکانێش پەیرەوی  شێوازی دابەشکاری هەڵبژاردن دەکرێت و کورسیەکانش بەدوو قۆناغ بەسەر حزب و کاندیدان دەبەشدەکرێت ، سەرەتا کورسیەکان دەدرێت بەو حزب و کاندیدانەی کە نرخی کورسیان بەدەست هێناو ، لەگەر مانەوەی کورسی لەبازنەکانی هەڵبژاردن ، ئەوە بەپێی زۆرتین دەنگی ماوە بەسەر حزب و کاندیدان دابەشدەکرێت ، پرسیارێکی گرنگ و جێگای بایەخی هاوڵاتیان و لایەنە پەیوەندی دارەکان ئەوەیە ، ئایە ئەگەر فراکسیۆنێک بایکۆت بکات و پەرلەمانتارانی سوێندی یاسایی نەخۆن ، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە دەکرێت ، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەگەرێنەوە سەر مادەو برگە پەیوەندی دارەکان لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان و پەیرەوی دابەشکردنی کورسیەکان ، بەڵام پێش ئەوەی باسی برگەو ماددە پەیوەندیدارەکان بکەین بنەمایەکی یاسای گرنگ هەیە لە تەدەروجی یاساکان ، کە دەستور بالاترین یاسایە ، دوای ئەوە یاسای پەیوەندیدارە ، ئینجا پەیرەوە ، دوای ئەوە بڕیارە کە هێزی یاسایی هەبێت ، بۆ ئەم بابەتەش ئەولەویەت بۆ یاسای هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە چونکە ئێمە دەستورمان نییە ، لەماددەی (٦١)یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هاتوە :

بڕگەی سێیەم ( ئەگەر كورسیە بەتاڵەكە هی لیستێك بوو كە پاڵێوراوی نەمابێ‌ ئەوا كورسیەكە بۆ پاڵێوراوێكی دیكە لە قەوارەیەكی سیاسی دیكە تەرخاندەكرێت كە كەمترین رادەی ژمارەی ئەو دەنگانەی بەدەستهێناوە كە بۆ پركردنەوەی كورسیەك پێویستە ، بە پێچەوانەوە كورسیەكە بە بەتاڵی دەمێنێتەوە.
 بڕگەی چوارەم (ئەگەر كورسیە بەتاڵەكە تایبەت بوو بە ژن ، مەرج نیە ژنێكی دیكە جێی بگرێتەوە ، مەگەر لەو بارەدا كە كاریگەری لەسەر رێژەی نوێنەرایەتی ژناندا هەبێ‌ .
 بڕگەی پێنجەم (لە حاڵەتی سوێند نەخواردنی پاڵێوراوی هەڵبژێردراو بۆ پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی دیاریكراودا بە بێ‌ هیچ هۆیەكی ڕەوا ، ئەوا دوای (90) رۆژ لە مێژووی ناوبراو مافی ئەندامێتی نامێنێ‌ و پاڵیوراوێكی دیكە بە پێی یاسا شوێنی دەگرێتەوە.
ئەوەی لە ناوەرۆکی دەقی ماددەی (٦١) بەدیدەکرێت کورسی ماوە دەدرێتە ئەو حزب و کاندیدەی کە زۆرتین دەنگی ماوەی هەیە ، وە بابەتەکە پەیوەندیدارە بە قۆناغی دابەشکاری کورسیەکان ، وەرگێرانی دەنگەکانی هەڵبژاردنە بۆ کورسی پەرلەمانی بەپێی شێوازی دابەشکاری هەڵبژاردن، لێرەدا گەر بەوردی سەیری نیەتی یاسا دانەر بکەین ، پرسی بایکۆتی حزب و کاندیدی تێدا باس نەکراوە ، لێرەدا ئەو حزبەی بایکۆت دەکات پالیوراوی تری ماوە بەڵام بەهۆکاری تایبەتی خۆی بایکۆت دەکات ، ئەگەر بۆ هەمان مەبەست بروانینە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان وەک لە ماددەی ماددەی/13 دا هاتوە :
یەكەم/ لە رێكەوتی ( سوێند خواردن) ی یاساییەوە كاندیدە هەڵبژێردراوەكان دەبێتە ئەندام و بە دەستبەكار هەژماردەكرێن و گشت مافێكی ئەندامێتی دەبێت و هەموو ئەركەكان ئەندامێتی دەكەوێتە ئەستۆ .
دووەم/ ئەگەر كاندیدی هەڵبژێردراو بە بی پاساوی ڕەوا ، لە دانیشتنی یەكەمەوە بۆ ماوەی بۆ ماوەی (30) سی رۆژ ( سوێند خواردن ) ەكە ئەنجامنەدا ، مافی سوێند خواردنی یاسایی نامێنێت. 
گەر سەرنج بدەین دەقی بڕگەی دووەمی ماددەی (١٣)پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان پێچەوانەی بڕگەی پێنجەمی ماددی (٦١ )ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە ، وە بە پەیرەوی ناوخۆ ناتوانرێت یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەموار بکرێت ، گە ر دیقەت بدەین سەرچاوەی دەسەلات و هێزی  دەرکردنی پەیرەوی ناوخۆ یاسای هەلبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە ، وەک لە پێشەکی پەیرەوی ناوخۆدا هاتوە (  پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان مێژووی دەرچوون 17/7/2018 
پاڵپشت بە حوكمی بڕگەی (8) لە ماددەی (56)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)  ی ساڵی 1992 هەمواركراو ، و بریاری ژمارە (10)ی ساڵی 2014 . پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (8)ی رۆژی 17/7/2018 ئەم پەیرەوەی دەركرد ) ، هەروەها لەماددەی ٥٦ بڕگەی (٨) یاسای هەڵىژاردن ئەو دەسەڵاتەی داوەتە پەرلەمان پەیرەوی ناوخۆی دەربکات ، دیقەتی دەقی بڕگە هەشتەم بدەن (8) دانانی پەیرەوی ناوخۆیی، دیاریكردنی میلاكات و بریاردان لەسەر بودجەو دامەزراندنی كارمەندانی.

بۆیە مامەڵەی دروست لەگەڵ پرسی دابەشکردنی ئەو کورسیانەی کە بایکۆتی پەرلەمان دەکەن ، سەرتا دەبێت دوای (٩٠) رۆژ لەرۆژی سویند خواردنی پەرلەمانتارانەوە بێت، دوای ئەوە پەرلەمانی کوردستان نوسراو بۆ کۆمیسیۆن بکات و داوای ناوی تر بکات لەهەمان حزب بەپیی رێزبەندی دەنگەکانیان ، وە دەبێت ئەم رێکارە بەردەوام بێت تا تەواوی کاندیدان دەگرێتەوە لە هەمان حزب ، لە لایەکی ترەوە باس لە ئەزموونی عێراق دەکەن ، کە لە خولی ئێستای ئەنجومەنی نوینەران کوتلەی سەدری لە پرۆسەی سیاسی کشانەوەو شوێنەکانیان پر کرایەوە ، لە عێراق دا لە بڕگەی پینجەمی ماددەی ( ٤٩) دەستور دەسەڵآتی داوەتە ماڵی یاسا دانانی عێراقی یاسای شوێنگەوەی پەرلەمانتارن دابنێن کە تێدا هاتوە (  ئەنجومەنی نوێنەران  یاسایەک دادەنێت بۆ چارەسەرکردنی بارەکانی گۆرینی ئەندامان لە کاتی دەست لە کار کێشانەوە یان لەکار خستن یان مردندا  ) ، وە کوتلەی سەدری ئەو رێژە کاندیدەی نەبوو ، وە هەموو فراکسیۆنەکە ئیستیقالەیان دا ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا پرسەکە روون نییە ، ئایا حزبەکان بایکۆت دەکەن ، ئایا هەموو کاندیدانیان واژۆ لەسەر بایکۆتەو بریای حزبەکەیان دەکەن ، ئەمانە هەموو ئەو پرسیارانن ، وە گەر سەرنجی پەیرەی ژمارە (٩)ی دابەشکردنی کورسیەکان بکەین کە لە لایەن کۆیسیۆنەوە دەرچوەێندراو ، تەنها باس لە دابەشکاری کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات لە بارودۆخێکی ئاسایی دا گەر کورسی ماوە هەبێت چۆن مامەلەی لەگەڵ دا بکات ، بۆیە بەرای ئێمە لە حاڵتی نائاسای کە حزبەکان بایکۆتی پەرلەمان بکەن ، ئەوا وەک لە بڕگەی سێیەمی ماددەی (٦١) دا هاتوە شوێنەکانیان بە بەتاڵی بهێلرێتەوە ، دوای ئەو هەموو کاردانەوانەش ئایە حزبەکان بەردەوام دەبن لەسەر هەڵوێست وەرگرتن ؟ ئایا پەنا بۆ دادگای فیدرالی دەبەن ؟.
چوارەم : ماددەیەکی باڵکێش لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڕگەی  (١١) ی ماددەی ٥٦ کە تیادا هاتوە ( ماددەی ٥٦ : پەرلەمان ئەو ئەرک و دەسەڵاتانەی خوارەوە جێبەجێدەکات ) برگەی (١١) : یەكلاكردنەوەی ئەو تانانەی كە پێشكەشكراون لە بارەی دروستی هەڵبژاردنی ئەندامەكانی ، ئەندامیش بە زۆرینەی دەنگی دوو لەسەر سێی ئامادەبوانەوە نەبێ‌ هەڵناوەشێتەوە. گەر سەرنجی ئەو ماددەیە بدەین جێگای پرسیارە چونکە گەر داداگای هەڵبژاردن ئەنجامەکان پەسەند بکات و بڕیارەکانی بنبڕبن ، چۆن پەرلەمان بڕیار لە دروستی هەڵبژاردنی ئەندامەکانی دەدات ؟
پێنجەم : کاری قۆناغی دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی چییە ، ئەرک و دەسەڵاتی پەرلەمان چییە : لێرەدا ئەو پرسیارە رووبەروی ئەو پەرلەمانتارانە دەبێتەوە کە دەبن بە ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ،گەر ئێمە بۆ وەلامی پرسیارەکەمان سەرتا  پەنا بۆ دەقی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان  و پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ببەین ،یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و یاسای پەرلەمان یەک یاسان لە هەرێمی کوردستان لە یاسای پەرلەمانی کوردستان لە ماددەی (39بۆ ماددەی 57 ) دا باس لەئەرکی پەرلەمان دەکات ، بەلام بەگشتی کارە سەرەکیەکانی دەسەڵاتی یاسادانان بریتینە لە 1 -  یاسا دانان 2 -  چاودێری کردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و متمانە پێدان و متمانە لێسەندنەوەی  3 - پەسەندکردنی بودجەی هەرێم 4 - جاودێری کردن و متمانە دان بە دەستە سەربەخۆکان( مافی مرۆڤ ، دەستەی دەست پاکی ، کۆمسیۆنی هەڵبژاردن ، چاودێری دارایی ) کە ئەم چوار دەستەیە رۆڵی گرنگ دەبین لە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی هەرێمی کوردستاندا )  ، هەروەها لەماددەی (56)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا هاتوە ( پەرلەمان ، ئەم ئەرک و دەسەڵاتانەی خوارەوە جێبەجێدەکات :
1-  یاسادانان ،
2-  بڕایاردان لەسەر ڕیکەوتنەکان ، یەکلایکردنەوەی کێشە چارەنوسازەکانی گەڵی کوردستان عێراق ، دیاریکردنی پەیوەندیی یاسایی لەگەڵ ناوەند (مەرکەز) ، ئەم برگەیە لە لایەن دادگای فیدرالی بە نادەستوری هەژمار کراوە.
3-  دەستنیشانکردنی سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ،کە ئەویش دەسەڵاتی دەستنیشانکردنی ئەندامەکانی هەیە لە نێو ئەندامانی پەرلەمان یان کەسانی تر .
4-  متمانە دان بە دەسەڵاتی جێبەجیکردن ، یان لێسەندنەوە .
5-  بڕیار دان لەسەر بودجەی گشتی و پلانەکانی گەشەپێدان .
6-  چاودێری دانان لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن .
7-  پێکهێنانی لیژنەی جۆربەجۆر  بۆ لێکۆڵینەوە لەهەر کاروبارێک بیەوێت .
8-  دانای پەیرەوی ناوخۆی ، دیاریکردنی میلاکات ، بڕیار دان لەسەر بوجەکەی و دامەزراندنی کارمەندەکانی .
9-  پێکهێنانی لیژنەی هەمیشیەکان و کاتیەکان لە ئەندامانی ئەنجومەن بە پێی پەیرەوی ناوخۆی .
10-  دانانی رێسا بۆ تۆمەتبارکردن و دادگایکردنی ئەندامەکانی لەکاتی شکاندنی ئەو سوێندەی خواردویەتی .
11-  یەکلای کردنەوەی ئەو  تانانەی کە پێشکەشکراون لە بارەی دروستی هەڵبژاردنی ئەندامەکانی ، ئەندامەتیش  بە زۆرینەی دەنگی دوو لەسەر سێی ئامادەبوانەوە نەبێ هەڵناوەشێتەوە .

هەروەها لە پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانیش لەبەر رۆشنایی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان شیوازی کارو ئەرکی ئەندامان و دەستەی سەرۆکایەتی ولیژنەکان و چونیەتی گرێ دانی دانیشتنەکانی کردوە ، ئەزموونی خولەکانی رابردووپێمان دەلێت بەشی زۆری فراکسیۆن و پەرلەمنتاران تا رادەیەک سەرکەوتوو نەبوون لە دروستکردنی هاوسەنگێ لە نێوان ئەرکی پەرلەمنانتاری و ئەرکی حزبی دا ، راستە پەرلەمانتاران نوێنەرایەتی حزبەکان دەکەن و بەدەنگی هەوادارانی حزبەکە گەشتونەتە پەرلەمان ، بەلام یاسای پەرلەمان ئەرکیکی پیرۆزی خستۆتە سەر شانی پەرلەمانتاران ، شاراوە نییە گەورەترین دەسەلات لە هەریم پەرلەمانە کە سەرچاوەی رەوایەتی حوکمرانیە ، بۆیە چاوەروانی ئەوە لە پەرلەمانتارن دەکرێت ، لەگەڵ دەنگدەران و ئەو سوێندەی دەیخۆن راستگۆو پابەندبن ، بە پێی چاوەڕوانیەکان ئەرکی ئەم خولەی پەرلەمان زۆر گران دەبێت و بەتایبەتی لە نوسینەوەی دەستور و هەموار کردنەوەی ئەو یاسایانەی کە پەیوەندیدارن بە پرۆسەی سیاسی هەرێم و یەکلایی کردنەوەی پرسی ئەو یاسایانەی ناکۆکن لە گەڵ بنەماکانی دەستوری عێراق چ جای پرسە هەڵواسراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێم و دەستە بەرکردنی ئارامی و یەکریزی لە هەرێمی کوردستان ، پرسی هەر قورس کە چاوەڕێ پەرلەمانتارانی ئەم خولە دەکات  دوایئەوەی سوێندی یاسایی دەخۆن  چ دەورێک دەبینن لە لێکنزیکردنەوەی حزبەکان بۆ رێکەوتن لەسەر هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی و متمانە دان بە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان ؟.