hoshyarabdulla.jpg

دەنگە پوچەڵەکان و کۆمسیۆن و شتی تریش..

Oct 25, 2024  |   بیروڕا 

هۆشیار عەبدوڵا

 

دەنگە پوچەڵەکان وایکردوە قەبارەی ساختەکاری و دزینی دەنگ و ئیردەی دەنگدەر نزیکەی ١٢ کورسی بێت! کەواتە ئێمە لە بەردەم هەڵبژاردنێکین؛ ئەگەر ساختەکاری فشار و بەزۆر دەنگ پێدان و ویژدان کڕین و هەموو ئەوانەش بخەینە لاوە، تەنها دەنگی پوچەڵ لە کۆی ١٠٠ کورسی ١٢ کورسی ساختە کردوە!
* دەبوو کۆمسیۆن هەر لە دەنگدانی تایبەتەوە ئەو راستیەی ئاشکرا بکردایە کە بوونی ئەو هەموو دەنگە پوچەڵە لەسەر وەرەوەقەیەکی دەنگدان کە دەنگدانەکە تەواو دروستە و جیهازی مەلعون پوچەڵی کردوە جێگای هەڵوەستەیە ، پێویست بوو بە هەمان ئەو پێوەرەی یاسا رێگای داوە دەنگە دروستەکان بە دەستی ئەژمار بکرێنەوە، دەنگە دروست و پوچەڵەکانیش بە دەست جیابکرێنەوە، ئەمە وایکردوە پرسیارێکی گەورە و جدی لەسەر خودی کۆمسیۆن دروست بێت، بە تایبەتی کە دوای ئەو هەموو هەرا و زەنایە ئامادە نییە جارێکیتر دەنگە پوچەڵەکان بخاتەوە ژێر روناکی و یەکلابێتەوە قەبارەی ئەو هەموو دەنگە پوچەڵە بۆ؟! ئایا دەنگی حزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات بون و جیهازی سەر سندوقەکان بە فەرمانی پێش وەختە پرۆگرام کرابوون، بۆیە هەموو لایەک تەنانەت میدیاکانی دەسەڵاتیش لە ساتی یەکەمی روماڵیانەوە تا ئێستا لە دەنگی پوچەڵ بێدەنگن؟! ئاخر ٢١٠ هەزار دەنگ، ١٢ کورسییە بەرێزان نەک سێ، چوار کورسی!! ٢١٠ هەزار دەنگی پوچەڵ لەگەڵ ئەو ئیدیعایەی کۆمسیۆن یەکناگرێتەوە کە دەیانگوت رێگە نادەین هیچ دەنگێک ساختەبکرێ یان بفەوتێ!
* زیادکردنی رێژەی بەشداری و بەرزکردنەوەی نا سروشتی دەنگەکانی دەسەڵات بۆ سەروی (ملیۆنێک و دوو سەد هەزار) دەنگ، هەر کەس و لایەنێک بچێتە ژێر باری و موبارەکەی بکات، جیا لەوەی خیانەت لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان دەکات، لە هەمان کاتدا دەبێ لە ئێستاوە فاتیحە بۆ چەندین هەڵبژاردنی داهاتوو، نزیکترینیان ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بخوێنێ، چونکە پەسەند کردن و موبارەکە کردنی سەروی (ملیۆنێک دوو سەد هەزار) دەنگ واتا مۆرکردنی زۆرینەکەی بێ کێشە بۆ حزبەکانی دەسەڵات.
* ئەگەر یانزە کورسیەکەی کۆتا کە کەمکراوەرەتەوە لە هاوکیشەکە لابەرین و ١٠٠ کورسی بە دابەشبونی پێنج کورسی کۆتاوە بەسەر پارتی و یەکێتیدا ئەژمار بکەین، کورسیەکانی پارتی و یەکێتی زیادیانکراوە نەک داکشابن، راستیەک هەیە با ڕون بێت، هیچ لایەنێک کورسی و دەنگی لە پارتی و یەکێتی نەبردوە، هەمووی کێبەرکێیەتی لەسەر ٢٥ کورسییە کۆنەکەی گۆڕان و کورسی ئیسلامییەکان، بەمانایەکی دیکە هیچ کات شەرەکە نەبراوەتەوە ناو ماڵی پارتی و یەکێتی بەڵکو ئاگرەکە لە دەرەوەی ماڵی ئەوانە! جیاوازییەک کە هەیە ئەوەیە ئەگەر سەردەمی گۆڕانی نەوشیروان مستەفا بە ٢٥ کورسییەوە جەبهەی معارەزە دروست دەبوو، دەتوانرا فشار بکرێ، پاکێجی چاکسازی ئامادە بکرێ، لە ئێستادا دۆخەکە بە جۆرێکە لەوە قێزەونترە هیچی لەبارەوە بگوترێت!
* هێزی سیاسیی رەسەن، لە هەڵبژاردندا پێش کورسییەکانی خۆی خەمی دەنگی خەڵک و ئەوانیتریەتی، هێزی سیاسیی راستگۆ ناڵێ من کورسی خۆمم هێناوە و حەقم نییە ساختەکاری کراوە یان نا؟! هێزی سیاسیی رەسەن لە ئاست ٢١٠ هەزار دەنگی پوچەڵ بێدەنگ نابێت لە گەورەیی ساختەکارییەکە کەمناکاتەوە! هێزی سیاسیی رەسەن ئەگەر بە بەڵگە و دۆکۆمێنتی یەکلاکەرەوە سەلما کە هەڵبژاردنەکە ساختەکاری رێکخراوی تێدا کراوە، ئامادە نییە لە پەرلەمانێکی دیزاینکراودا بەشدار بێت. 
* داکۆکیکردن لە دەنگی دزراو و ساختەکراو بێ هیوایی لای خەڵک دروست ناکات، گەورەترین بێ هیوا بوون کە بۆ خەڵک دروست بکرێ، گەورەترین گورز کە لە ئومێدی گۆڕانکاری بدرێت، بەهێزترین زەبر کە بەر ورە و ئیرادەی خەڵک بکەوێ ئەوەیە، هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات بیسەلمێنن کە بەڵێ پارتی و یەکێتی خاوەنی سەروی (ملیۆنێک و دوو سەد هەزار) دەنگن و راستەوخۆ و ناراستەوخۆ پیرۆزباییان لێ بکەن!