slemanmstefa.jpg

زۆرینەی ڕەها بۆ هەڵبژاردنی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم

Nov 6, 2024  |   بیروڕا 

سلێمان مستەفا حەسەن

نەبونی دەستوور لە هەرێمی كوردستان کەلێنێکی گەورەی دروست کردوە ، هەست کردن بەو کەلێن و بۆشایانە رۆژ لەدوای رۆژ زیاتر بەدەر دەکەون و زەرورەتی پەسندکردنی دەستور خێراتر دەکەن ، دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ، هەمووان چاوەڕێی یەکلایی کردنەوەی تانەکانن لە لایەن دەستەی داوەری هەڵبژاردن ، بۆ ئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسومی بانگێهشتی یەکەم کۆبونەوە دەربکات و لەماوەی (١٠) دەرۆژ دوای پەسەند کردنی ئەنجامەکان پەرلەمانتارانی خولی شەشەم سوێندی یاسایی بخۆن ، تا ئێرە پرسەکە ئاساییە بەڵام لەدوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن نەخشەی سیاسی بەدەرکەوت و ژمارەکان دیارو بەرچاون ، پرسیاری گرنگ ئەوەیە لەناو یاسای پەیوەندیدارەکان چۆن پرسی هەڵبژاردنی سێ سەرۆکایەتییەکە یەکلایی کراوەتەوە ، کام فراکسیۆن رادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان ؟ .
هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان :
لەماددەی (٤٧) ییاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی هەموارکراوی ژمارە (١) ی ساڵی ١٩٩٢دا،  هاتوە لە یەکەم دانیشتن لەماوەی دە رۆژ دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان دا دەبەسترێت ، لەماددەی (٤٨)ی هەمان یاسادا هاتوە پەرلەمان لەدانیشتنی یەکەمیدا سەرۆک وجێگر و سکرتێری بە زۆرینەی دەنگی موتلەقی ئەندامانی هەڵدەبژێرێت ، ئەمەش بەو مانایەدێت کە نیوە کۆ یەکی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان واتە (٥١) دەنگی پەرلەمانتارانی پێویستە ، بۆ لێسەندنەوەی متمانەش بەپێی دەقی بڕگەی دووەم ی ماددەی (١٥) پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان  لەسەر پێشنیاری یەک لەسەر سێ ئەمدامان و رەزامەندی دوو لەسەر سێ دەنگی ئەندامان متمانە لە دەستەی سەرۆکایەتی دەسەنرێتەوە ، لەبڕگەی چوارەمی ماددەی (١٠)ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەمورکراودا هاتوە لەم حاڵەتانە خوارەوە بە فەرمانی سەرۆکی هەرێم پەرلەمانی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە ١/ ئەگەر نیوەی ئەندامانی دەستیان لەکار کێشایەوە ، ٢/ ئەگەر لەماوەی (٤٥) رۆژدا لە بانگهشت کردنی بۆ کۆبونەوەی خولی هەڵبژاردن ، ژمارەی یاسایی ئەندامان بەدەست نەهات ، ٣/ئەگەر پەرلەمان متمانەی بە ئەنجومەنی وەزیران ، لە سێ پێکهاتەی وەزاری جیاواز یەک لە دوای یەک نەدا  ، ٤/ ئەگەر سیستەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان گۆڕا ، خولی شەسەمی هەڵبژاردنێش(٦)مانگ یان کەمتری مابوو  .
هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان :  دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان نۆرەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دێت  ، بەپێی یاسا ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١٩ یاسای  کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆک تا پەسندکردنی دەستور ، لەبڕگەی یەکەمی ماددەی (٢) پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی هەرێم هەڵدبژێرێت ، وە بەپێی ماددەی (٤) خاڵی یەکەمی بڕگەی یەکەم ، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەماوەی (٣٠) رۆژ رێکارەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم دەست پێدەکات ، وەک لە خاڵی پێنجەمی بڕگەی یەکەمی هەمان یاسادا هاتوە ( سەرۆکی هەرێم لە دەنگدانێکی ئاشکراو بەدەنگی زۆرینەی  ڕەهای ئەندامانی پەرلەمان ، لە ماوەی (٣) رۆژ لە رۆژی دەرکردنی بڕیاری بنبڕ لەسەر تانەکانی هەڵدەبژێرتدرێت ، واتە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیویستی بە نێوە کۆ یەکی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام بەپیی بڕگەی (٣) ماددەی (١٦) لەیاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١) ساڵی ٢٠٠٥ ی هەموارکراو بۆ لێسنەندنەوەی متمانە لەسەرۆک پێویستی بە سێ لەسەر چواری دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستانە  ؟ .

هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران : بەپێی بڕگەی (٣)  ماددەی (٥٦)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەموارکراوی ساڵی ١٩٩٢ ،دەستنێشانکردنی سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ، وەبە پێی بڕگەی چوارەم ،  پێدانی متمانە بە سەرۆکی ئەنجومەن و کابینەکەی لەدەسەلاتی پەرلەمانە ، وە دوای ناونانی لە لایەن پەرلەمان ، بەپێی برگەی (١٢) لەماددەی (١٠)ی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە (١) ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراو ، (  پاش  ناونانی لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە ، کاندیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران رادەسپیرێت بۆ پێکێننانی کابینەی وەزاری  لە ماوەیەکدا کە لە (٣٠) رۆژ تێپەر نەکات ) پێدانی ناونان و راسپاردنی سەرۆکی حکومەت و متمانە پیدانی، لە لایەن پەرلەمان کوردستان و سەرۆکی هەرێم روون ئاشکرایە ، بەلام ئەوەی جێگای سەرنجە لەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم و یاسای ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (٣)ی ساڵی ١٩٩٢ی هەموارکراو ، دوو پرسی گرنگ باسیان لێوە نەکراوە ، یەکەم ، کام فراکسیۆن ڕادەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی وەزاری ؟ ، دووەم ، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و کابینەکەی پێویستیان بەچەند دەنگە بۆ بەدەستهێنانی متمانە ؟ ئایا بەزۆرینەی رەهایە واتە نێوە کۆیەک ، یان بە دوولەسەر سی دەنگە یان زۆرینەی ئاسایی ؟ گەر دیقەت بدەین پەرلەمانی کوردستان لە پەسەندکردنی پەیرەوی ناوخۆیی ساڵی (٢٠١٨)ی بۆ لێسندنەوەی متمانە لە سەرۆک وەزیران ،وەک لە بڕگەی چوارەم لە ماددەی(٧٤)ی پەیرەوی ناوخۆیدا هاتوە ، سەرۆک وەزیران بە دەنگی دوو لەسەر سێ بە متمانە لێسنەدراو هەژمار دەگرێت ، لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش ئایا پەیرەوی ناوخۆ لە چوارچیوەکەی دەرچوە ؟ ئایا دەکرێت حوکمی ئەم بڕگەیش بکەین پێوەر بۆ متمانە دان بە سەرۆک وەزیران و کابینەکەی .
پرسیاری هەموان ئایا هەڵبژاردنی هەرسێ سەرۆکایەتی دەکرێتە یەک پاکێج لەنێوان فراکسیۆنەکان ؟ ئایا کام فراکسیۆن رادەسپێردرێت ؟ بنەمای بڕگەی یەکەمی  ماددەی ( ٧٦) دەستور دەکرێتە پێوەر ، یان ڕاڤەی بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ ئەم بڕگەیە ، پرسیارێکی تر ئایا متمانە دان بە سەرۆک وەزیران بە زۆرینە تێدەپەرێندرێت یان بەدەنگی دوو لەسەر سێ دەنگی ئەمدامانی یان پەنادەبرێتە بەردادگای فیدراڵی بۆ ساغ کردنەوەی ئەم پرسە ، یان بەپیی عورفی ساڵانی پێشوو کە متمانە دراوە بە سەرۆک کابینەی وەزاریەکەی بەزۆرینەی ڕەها  . 
خاڵیکی باڵکێش لە کاتی ئامادەکردنی ئەم بابەتە جێگای سەرنج بوو ، یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان ٩ جار هەموار کراوە ، یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دوو جار هەموار کراوەو و دوو یاسی تری پەیوەندیداریشی بۆ دەرچوێندراوە بەناوی یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠١٩ویاسای هەڵپەساردنی سەرۆکایەتی هەرێم ژمارە (١٠) ساڵی ٢٠١٨ ، و یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٧   ، سەرەڕای ئەوەش دژیەکی لەنێوان ماددەو بڕگەیاساییەکان بەدیدەکرێت ، بۆیە دەتوانین بڵێن ئەرکی سەرکی ئەم خولە نوسینەوەی دەستوو و پێداچونەوەیە بە زۆربەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستان ، بەراوەر لەگەڵ  عراقدا پرسی هەڵبژاردنی سێ سەرۆکایەتی لە دەستوری هەمیشەی ساڵی ٢٠٠٥ ساغ کراوەتەوە و بۆ یاسا تایبەتمەندەکان جێنەهێڵراوە ،  پرسی متمانەدان ولێسەندنەوەی متمانە بە ( سەرۆكی كۆمارو سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی حكومەت) لە ماددەی (  ٥٥، ٧٠، ٦١ ،٦٤ ،٧٦   ) جێگای کراوەتەوە .