كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی ڕاگەیاند.
سەرۆكی كۆمیسیۆن ئەم هەڵبژاردنەی بە باشترین هەڵبژاردن وەسف کرد کە لە ساڵی 1992ـەوە تا ئەمڕۆ ئەنجام درابێت".
هەروەها سەبارەت بەو قسەی ئەو لایەنانەی كە دەڵێن "هەڵبژاردنێكی دیزاینكراو بووە و ساختەكاریی گەورە كراوە، ئەوە قسەیەكی بێ بنەمایە و تەنیا لە ڕاگەیاندنەوە دەكرێت".
بەپێی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردن كە ئەمڕۆ ٢٠٢٤/١٠/٣٠ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی كورسیی لایەنەكان لەگەڵ ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن گۆڕانكاریی بەسەردا نەهاتووە.
بەپێی ئەنجامی كۆتایی، پارتی دیموكرات زۆرترین دەنگ و كورسیی بەدەست هێناوە، كە ژمارەی دەنگەكانی بریتییە لە ٨١٢هەزار و ٧٩٤دەنگ و ٣٩كورسیی بەدەست هێناوە.
یەكێتیی نیشتمانی پلەی دووەمی لە زۆرترین دەنگ و ژمارەی كورسیدا گرتووە، كە ژمارەی دەنگەكانی ٤٠٩هەزار و ٥٤٨دەنگە و ٢٣كورسیی بەدەست هێناوە.
نەوەی نوێ لە پلەی سێیەمدا دێت بۆ زۆرترین دەنگ و كورسی، كە ٢٩٢هەزار و ٣٢دەنگ و ١٥كورسیی بەدەست هێناوە.
هەروەها کورسی لایەنەکانی تر :یەکگرتوو: ٧ کورسى، هەڵوێست: ٤ کورسى، کۆمەڵ: ٣کورسى، بەرەى گەل: ٢ کورسى، هەریەکە لە گۆڕان و هاوپەیمانیى کوردستانیش یەکى ١ کوسییان بەدەست هێناوە.