8brwanamekan.jpg

٦٧٩ بەربژێرى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بڕوانامەی خوێندنیان نییە

Oct 14, 2024  |   هەواڵەکانی پەی 

بەگوێرەى راپۆرتێکى دامەزراوەى پەى، زۆرینەى بەربژێرانى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان، بڕوانامەی خوێندنیان نییە و لە کۆى هەزار و 191 بەربژێر تەنیا 36 بەربژێریان هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆران.

دامەزراوەى پەى بۆ پەروەردە و گەشەپێدان راپۆرتێکى لەسەر ئاستى خوێندنى بەربژێرانى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بڵاوکردووەتەوە و بەگوێرەى راپۆرتەکە، لە کۆی هەزار و 191 بەربژێر تەنیا 36 بەربژێر هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆران، هەروەها، 51 بەربژێر هەڵگرى بڕوانامەى ماستەرن و 339 بەربژێریش هەڵگرى بڕوانامەى بەکالۆریۆسن، 86 بەربژێریش هەڵگرى بڕوانامەى دیبلۆمن.

بەگوێرەى هەڵسەنگاندنەکە، 679 بەربژێرى بێ بڕوانامە تۆمارکراون کە لەبەرامبەر ناوەکانیاندا یان بڕوانامەى سەرەتایى یان ناوەندى یاخود تواناى خوێندنەوە و نوسین تۆمارکراوە.

دامەزراوەکە دەشڵێت: بەراورد بە لیستى تۆمارکراوانى 10ـى حوزەیران، رێژەکە بۆ زیاتر لە 57% بەرزبووەتەوە.

ئاماژەبەوەشدەکات، سەرجەم ئەو ئامارانە ئامارى کۆمیسیۆنن و وەک ئامارى فەرمى تۆمارکراون و مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

بەگوێرەى راپۆرتەکە، بەربژێرانى پارتى دیموکراتى کوردستان لەڕیزبەندى پێشەوەى لیست و قەوارەکانن کە خاوەنى زۆرترین بڕوانامەن کە بەربژێرەکانیان هەڵگرى 15 دکتۆرا و 14 ماستەر و 63 بڕوانامەى بەکالۆریۆسن.

لەدواى ئەوەش بەربژێرانى یەکێتى نیشتمانى کوردستان دێت کە هەشت بەربژێریان هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرا و 14 بڕوانامەى ماستەر و 79 بڕوانامەى بەکالۆریۆسن.

هەروەها، بەربژێرانى بزووتنەوەى پەیوەندى ئیسلامى، بزووتنەوەى بابلیۆن، بزووتنەوەى ئیسلامى و بەرەى تورکمانى خاوەنى کەمترین بڕوانامەن.

بریارە کاتژمێر 12ـی شەو کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی بێت و رۆژی 18ـی مانگیش دەنگدانی تایبەت دەستپێدەکات و 20ـی مانگیش دەنگدانی گشتی دەکرێ

 

هەواڵی (CHANEL 8)لەسەر راپۆرتی دامەزراوەی پەی