raportydwwem.jpg

دامەزراوەی پەی راپۆرتی دووەمی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمان بڵاو کردەوە

Dec 1, 2024  |   هەواڵەکانی پەی 

 

ئەمڕۆ 1-12-2024 دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان، دووەمین راپۆرتی خۆی سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی پخولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بڵاو كردەوە.
 راپۆرتەكە سەبارەت بە (رێكارەكانی بەر لە هەڵبژاردن، بانگەشە، سروشتی كاندیدەكان، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و گشتی، راگەیاندنی ئەنجامی بەرایی و كۆتایی، راو سەرنجی لایەنە بەشدار بووەكان و چاودێران، سكاڵاو دەنگی پوچەڵ و ئەگەرەكانی ساختەكاری) لە هەڵبژاردنەكەدا كراوە،  لە كۆتایشدا وێرای ئەو ئەنجامانەی  كە دامەزراوەی پەی پێیان گەیشتووە، راسپاردەی پێویستیشی بۆ لایەنە پەیوەندیدارەكان خستۆتە روو.
  لە پێشەكی راپۆرتەكەدا دامەزراوەی پەی نوسیویە:
رۆژی 20 تشرینی یەكەی 2024 هەڵبژاردنی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، كە دەبوایە دوو ساڵ لەمەوبەر ئەنجامبدرایە. هۆكارەكانی دواكەوتنی بۆ ململانێی نێوان پارتە دەسەڵاتدارە ركابەرەكان دەگەڕێتەوە كە نەدەسازان، هەرجارەی یەكێكیان بایكۆتیان دەكرد، لەلایەكی تریشەوە هۆكارەكەی لاوازی و لەئاست بەرپرسیارێتیدا نەبوونی پەرلەمان و سەرۆكایەتیەكەی بوو، كە كۆمەڵێك ئەركی پەیوەندیدار هەبوو، دەبوایە پەرلەمان بەجێیان بگەیەنێ، بەڵام كەتەرخەمی تیادا كردن و بەجێی نەگەیاندن، لەوانە: كارا كردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی، هەموار كردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و یەكخستنی لەگەڵ یاسا پەیوەندیدارەكانی تر، پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران، هێنانەكایەی سازانی لایەنەكان سەبارەت بە پرسی كورسی كۆتاكان و بازنەكانی هەڵبژاردن و چەندانی تر.
 بەهەر حاڵ دوای دوو ساڵ لە بۆشایی یاسایی و نەبوونی پەرلەمان لە هەرێم، هەڵبژاردنەكە كرا، ئەم هەڵبژاردنە جیاواز بوو لە هەڵبژاردنی خولی پێشوو، لەلایەكەوە لەبری كۆمسیۆنی هەرێم ئەركەكە بە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق سپێردرا، لەلایەكی ترەوە هەمواری یاساكەش لە دەست پەرلەمانی كوردستان دەرهێنراو بە بڕیاری دادگەی باڵای ئیتیحادی هەموار كرایەوە، لەبری یەك بازنە بە چوار بازنە هەڵبژاردن، كورسی كۆتای پێكهاتەكان لە (11) ەوە بۆ (5) كورسی و كورسییە گشتیەكانیش لە (100) ەوە بۆ (95) كورسی كەمكرانەوە.
هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان، هەرچەندە خوازیاری ئەوە بوون هەڵبژاردنەكە جارێكی تریش دوابخرێت، بەڵام لەبەرامبەر بڕیارەكانی دادگەی باڵای ئیتیحادیدا نەیانتوانی لەم هەڵوێستەیان بەردەوام بن و بەناچاری چوونە ژێرباری ئەنجامدانیەوە، بەم شێوەیە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستی پێكرد، پڕ بوو لە ژاوەژاو و كۆبوونەوەی جەماوەری، تیایاندا گوتاری ئاگرین پێشكەش دەكران، كە تیایاندا ئەندامانی خۆیان هاندەدا، ناكۆكییە حزبییەكان زەق دەكرانەوەو لاپەڕە كۆنەكانی رابردووی یەكتریان هەڵدەدایەوە، لەبری ئەوەی بەرنامەی كاری خزمەتگوزاری خۆیان بخەنە روو تۆمەتیان بۆ یەكتری دەبەخشیەوە، ئەمەش هۆكارێك بوو كە بەشێكی زۆری هاوڵاتیان مەترسی دروستبوونی پەشێوی و پێكدادانیان دەكرد، بەتایبەتی لە نێوان لایەنگرانی هەردوو لایەنە ڕكابەرە سەرەكییەكەی (پارتی و یەكێتی)، لە ئەگەری دروستبوونیدا كۆنترۆڵكردنی سەخت بوو، بەڵام ئەوەی جێگەی خۆشحاڵی بوو هیچ ڕووداوێكی مەترسیداری لێنەكەوتەوە. لە ساتی بانگەشەدا هەر لایەنێك لە چاوەڕوانی هیواكانیدا، لە میدیاكانەوە مەزەندەی ژمارەی كورسییەكانی خۆی بەرز دەكردەوە، بەجۆرێك ئەگەر ژمارەی كورسییەكان لەبەرچاو بگرین كە هەر حزبێك چاوەڕێی بەدەستهێنانی دەكرد، ڕەنگە (150) كورسی تێپەڕێنێت، بە پێچەوانەی ئەو واقیعەی هەبوو كە ژمارەی كورسییەكان تەنها (95) كورسی بوو.
ئەوەی جێگەی تێڕامان بوو لەم هەڵبژاردنەدا، هەڵوێستی لیستە بەشداربووەكان بوو، یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە حەماسەتێكی زۆرەوە چووبووە ناو بانگەشەی هەڵبژاردنەكەوەو پێی وابوو زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، تەنانەت دروشمەكانی "كۆتایی پێدەهێنین" و "هەولێر وەردەگرینەوە"ی بەرز كردبوویەوە، بەڵام كاتێك ئەنجامەكان راگەیەنران، تا ئاستێكی زۆر دەنگەكانی پارتی توشی شۆكی كردن. پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەرەتاوە باسی لەوە دەكرد كە هەڵبژاردنەكە "دیزاینكراوە" و نیگەرانی و ترسەكانی خۆی نەدەشاردەوە، بەڵام دواتر بێدەنگی هەڵبژارد، ئەمەش جێگەی پرسیار بوو كە ئاخۆ هەڵبژاردنەكە دیزاینكراو بوو یان نا؟ ئەگەر دیزاینكراو بوو بۆچی بێدەنگ بوون و چۆن ئەو دەنگەیان بەدەست هێنا؟ ئەگەر دیزاینكراو نەبوو بۆچی بەر لە هەڵبژاردنەكە بانگەشانەیان دەكرد كە بەپاڵپشتی دەرەكی كورسییەكان دیاریكراون؟ حزبەكانی تر "ئۆپۆزسیۆنەكان" تا ئاستێكی زۆر جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە هەڵبژاردنێكی پاك بەڕێوە دەچێت و بەهیچ شێوەیەك ساختەكاری تیادا ناكرێت، بەڵام كاتێك ئەنجامەكان راگەیەنران، هەر هەموویان هاواریان لێ هەڵساو پێچەوانەی رای پێشوویان رایانگەیاند كە هەڵبژاردنەكە "دیزاینكرابوو" و زۆرترین ساختەكاری كراوە، كاتێكیش هاتە سەر ئەوەی تانە لە ئەنجامەكان بدەن، لە ئاست رووداوەكەدا نەبوون، بەبەراورد لەگەڵ ئەوەی باسیان لێوە دەكرد، كەمترین سكاڵا و كەمترین بەڵگەیان خستە روو، ئەگەر ساختەكارییە بەو قەبارە گەورەیە كرابێت، چۆن دەبێت لە كۆی (7.067) سندوق و وێستگەی هەڵبژاردندا بە (16) حزبی ناڕازیەوە تەنها (189) سكالا پێشكەش بكەن و تەنها (26) وێستگە رابگیرێن و بەدواداچوونیان بۆ بكرێت؟ ئەگەر وانیە چۆن دەكرێت بەو قەبارە گەورەیەی ساختەكارییەوە وەك باسی لێوەدەكەن تەنها (41) تانە هەبێت و هیچ كامیشیان سور نەبن!؟ ئەمەی گوزەراوە یا لاوازی حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان دەردەخات كە تاكو ئێستاشی لەگەڵدابێت نە خۆیان ناسیوەو نە بەرامبەرەكەیان و نە لە شێوازی كاری هەڵبژاردنیش دەزانن! یا ئەوەیە قەبارەو پاڵپشتی ساختەكارییەكە ئەوەندە گەورەو رێكخراو و پاڵپشت بە هێزی ناوخۆیی و دەرەكی بووە، لەئاستی دەسەڵاتی بەدواداچوونی لایەنە ناڕازییەكاندا نەبووە!

دووەمین راپۆرتی خۆی سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی پخولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە pdf