xendanbrwaname.jpg

دامەزراوەی پەی: زیاتر لە نیوەی كاندیدەكانی پەرلەمانی كوردستان بڕوانامەیان نیە

Oct 14, 2024  |   هەواڵەکانی پەی 

دامەزراوەی پەی ڕایگەیاند، بۆ ئەم خولەی پەرلەمان لە كۆی هەزار و 191 كاندیدی لیستەكان و سەربەخۆكان، تەنها 39 كەس خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا، 51 ماجستێر، 339 بەكالۆریۆس، 86 دبلۆم و 679 كاندیدیش بێ بڕوانامە تۆماركراون، كە لە بەرامبەر ناوەكانیاندا یا بڕوانامەی سەرەتایی و ناوەندی یا دەستەواژەی (یقرأ ویكتب) تۆمار كراوە، بەوەش 57.01% ڕێژەی ئەوانەی كاندیدن بڕوانامەیان نیە.

دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، ئەمڕۆ دوشەممە لە ڕاپۆرتێكدا بەناوی "ئاستی بڕوانامەی كاندیدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان" بڵاویكردەوە، لەو هەڵبژاردنەی بڕیاربو بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان كوردستان لە 10ی (حوزەیران/6)ی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، هەڵسەنگاندنێكمان بۆ ئاستی بڕوانامەی كاندیدی سەرجەم لیست و قەوارەكان و كاندیدانی سەربەخۆ كرد، ئەو كاتە بەپێی داتا فەرمییەكانی كۆمسیۆن ژمارەیەكی زۆر لە كاندیدەكان بڕوانامەیان نەبو و ئاستی خوێندەواریان نزم بو".

لەكۆی گشتیی 861 كاندید،  465 یان بێ بڕوانامە تۆماركرابون

ئاماژەی بەوەشكرد، لەكۆی گشتیی 861 كاندید بۆ ئەو هەڵبژاردنە كە داواكاریان پێشكەشی كۆمسیۆن كردبو، تەنها 23 دكتۆرا، 48 ماجستێر، 249 بەكالۆریۆس، 76 دبلۆم و 465 كاندیدیش بێ بڕوانامە تۆماركرابون، لە بەرامبەر ناوەكانیاندا یا بڕوانامەی سەرەتایی و ناوەندی یا دەستەواژەی (یقرأ ویكتب) تۆمار كرابو، بەوەش رێژەی ئەوانەی بڕوانامەیان نەبو رێژەی 54%ی سەرجەم كاندیدەكانی پێكدەهێنا. 

دامەزراوەكە باسی لەوەشكرد، "ئەو كاتە ئێمە لە بانگەوازێكدا كە ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانمان كردبو، داوامان كرد، كەسانی (بڕیار بەدەست، لێهاتوو، بە ئەزمون و خاوەن پسپۆریی جیاجیا و خاوەنی بڕوانامەی فیعلی) كاندید بكەن، چونكە پەرلەمان پێویستی بەم جۆرە كەسانە هەیە، لەو كاتەدا ئەوە بو هەڵبژاردن دواخرا و دەرفەتێك بە قەوارە سیاسییەكان دراو دەیانتوانی بەم كارە هەڵسن". 

ڕێژەی 57.01%ی ئەو كاندیدەكان بڕوانامەیان نیە

ئەوەشی خستەڕو، لەو لیستانەی بۆ جاری دوەم و بۆ هەڵبژاردنی 20ی (تشرینی یەكەم/10)ی ئەمساڵ پێشكەشیان كردەوە، نەك هەر گۆڕانكاری نەكراوە بەلایەنی ئەرێنییەوە بەڵكو بەرەپێی داتا فەرمییەكانی كۆمسیۆن بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە، ئەوەتا لە كۆی هەزار و 191 كاندیدی لیستەكان و سەربەخۆكان، تەنها 39 كەس خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرا، 51 ماجستێر، 339 بەكالۆریۆس، 86 دبلۆم و 679 كاندیدیش بێ بڕوانامە تۆماركراون.

دامەزراوەكە ڕونیكردەوە، رێژەی ئەوانەی بڕوانامەیان نیە، بەرزبوەتەوە بۆ رێژەی 57.01%، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە لایەنە سیاسییەكان نایانەوێت كەسانێكی بەهێز بنێرنە پەرلەمانەوە.

بڕوانامە یەكێكە لە پێوەرەكان و پێویستە بەپێی لیژنەكانی پەرلەمان پسپۆریان هەبێت

لە ڕاپۆرتەكەدا ئەوەشهاتوە، هەرچەندە بڕوانامە هەموو پێوەرێك نیە و یەكێكە لە پێوەرەكان، بەڵام ئەگەر پەرلەمانێکی بەهێز و پرۆفیشناڵمان دەوێت، پێویستە ئەوانەی دەنێردرێنە پەرلەمانەوە بەپێی ئەو 19 لیژنە پەرلەمانییەی هەن، پسپۆریان هەبێت و كەموكوڕی لە كاروباری لیژنەكان دروستنەبێت. سەرجەم ئەم داتایەنەش داتای حەقیقی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانن و وەک داتای فەرمی تۆمار کراون و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.