لەو هەڵبژاردنەی بڕیار بوو بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان كوردستان لە (10/6/2024) بكرێت، هەڵسەنگاندنێكمان بۆ ئاستی بڕوانامەی كاندیدی سەرجەم لیست و قەوارەكان و كاندیدانی سەربەخۆ كرد، ئەو كاتە بەپێی داتا فەرمییەكانی كۆمسیۆن ژمارەیەكی زۆر لە كاندیدەكان بڕوانامەیان نەبوو و ئاستی خوێندەواریان نزم بوو، بە جۆریچك لە كۆی گشتیی (861) كاندید كە داواكاریان پێشكەشی كۆمسیۆن كردبوو، پێكهاتبوون لە: (23) دكتۆرا، (48) ماجستێر، (249) بەكالۆریۆس، (76) دبلۆم و (465) كاندیدیش بێ بڕوانامە تۆمار كرابوون، لە بەرامبەر ناوەكانیاندا یا بڕوانامەی سەرەتایی و ناوەندی یا دەستەواژەی (یقرأ ویكتب) تۆمار كرابوو، بەمەش رێژەی ئەوانەی بڕوانامەیان نەبوو رێژەی (54%) ی سەرجەم كاندیدەكانی پێكدەهێنا.
ئەو كاتە ئێمە لە دامەزراوەی پەی لە بانگەوازێكدا كە ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانمان كردبوو، داوامان كرد، بە لیستی كاندیدانیاندا بچنەوە. بۆ ئەوەی كەسانی (بڕیار بەدەست، لێهاتوو، بە ئەزموون و خاوەن پسپۆریی جیاجیا و خاوەنی بڕوانامەی فیعلی) كاندید بكەن، چونكە پەرلەمان پێویستی بەم جۆرە كەسانە هەیە، لەو كاتەدا ئەوە بوو هەڵبژاردن دواخرا و دەرفەتێك بە قەوارە سیاسییەكان دراو دەیانتوانی بەم كارە هەڵسن، پێویست بوو ئەم گۆڕانكاریانە بكەن كە هەم لە بەرژەوەندی خۆیان و هەم خەڵكی كوردستانیشدا بوو. بە شێوازی راستەو خۆ و ناراستەو خۆ زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان بەڵێنی ئەوەیاندا
بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت، لەو لیستانەی بۆ جاری دووەم و بۆ هەڵبژاردنی (20/10/2024) پێشكەشیان كردەوە، نەك هەر گۆڕانكاری نەكراوە بەلایەنی ئەرێنییەوە بەڵكو بەرەپێی داتا فەرمییەكانی كۆمسیۆن بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە، ئەوەتا لە كۆی (1191) كاندیدی لیستەكان و سەربەخۆكان، (36) دكتۆرا، (51) ماجستێر، (339) بەكالۆریۆس، (86) دبلۆم و (679) كاندیدیش بێ بڕوانامە تۆمار كراون، كە لە بەرامبەر ناوەكانیاندا یا بڕوانامەی سەرەتایی و ناوەندی یا دەستەواژەی (یقرأ ویكتب) تۆمار كراوە، بەمەش رێژەی ئەوانەی بڕوانامەیان نیە بەرز بۆتەوە بۆ رێژەی (57.01%). ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كە لایەنە سیاسییەكان نایانەوێت كەسانێكی بەهێز بنێرنە پەرلەمانەوە.
هەرچەندە بڕوانامە هەموو پێوەرێك نیە و یەكێكە لە پێوەرەكان، بەڵام ئەگەر پەرلەمانێکی بەهێز و پرۆفیشناڵمان دەوێت، پێویستە ئەوانەی دەنێردرێنە پەرلەمانەوە بەپێی ئەو (19) لیژنە پەرلەمانییەی هەن، پسپۆریان هەبێت و كەموكوڕی لە كاروباری لیژنەكان دروستنەبێت. سەرجەم ئەم داتایەنەش داتای حەقیقی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانن و وەک داتای فەرمی تۆمار کراون و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت.
دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
14/10/2024
هاوپێچ: ئاستی بڕوانامەی كاندیدانی ئەو لیست و قەوارانەی پێشكەشی كۆمسیۆنیان كردوە بۆ ئەو هەڵبژاردنەی بڕیارە لە (20/10/2024) ئەنجامبدرێت.