xendanpay.jpg

دامەزراوەی پەی: پێنج په‌رله‌مانتار بە نایاسایی داوای خانەنشینیان كردوه‌، به‌ڵام داواكه‌یان سەری نەگرت

Oct 12, 2024  |   هەواڵەکانی پەی 

 دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان رایگه‌یاند، دوابەدوای ئەوەی هەوڵەكانی پێنج په‌رله‌مانتار كه‌ له‌ دوای درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی یاسایی په‌رله‌مان ده‌ستبه‌كاربون "سەری نەگرت بۆ خانەنشینی"، ئەوكاتە داوای گەڕانەوەیان كرد بۆ سەر كاری پێشویان"، ده‌شڵێت، "بە هەر پێنج په‌رله‌مانتاره‌كه‌ بڕی 172 ملیۆن و 200 هه‌زار دیناریان وەك موچە وەرگرتبو، كەچی بە نایاسایی داوای خانەنشینیان دەكرد.

 دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لەبارەی داوای خانەنشینی ئەو په‌رله‌مانتارنه‌ی كه‌ دوای تەواوبونی ماوەی یاسایی تەمەنی پەرلەمان سوێندی یاساییان خوارد، باسی له‌وه‌كرد، "دوابەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە 9ی 10ی 2022 چەند ئەندامێكی پەرلەمان وەك هەڵوێست وەرگرتن دژی ئەم كارە نایاساییە دەستیان لەكاركێشایەوە، بۆ شوێنگرتنەوەیان چەند بەربژێرێك بەپێی ریزبەندی دەنگەكانیان شوێنیان گرتنەوەو سوێندی یاساییان خوارد، دواتر له‌ 30ی 5ی 2023 دادگای ئیتیحادی بڕیاری نادەستوریبونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیدا، ئەو ماوەیەی لە 6ی 11ی 2022 تا 30ی 5ی 2023ی بە نایاسایی دانا.

سەرجەم ئەو یاساو بڕیارانەی پەرلەمان ده‌ریكردبو، پوچەڵ كرانەوە

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، سەرجەم ئەو یاساو بڕیارانەی پەرلەمان ده‌ریكردبو، ئەو هەنگاوانەی نابوی لە پڕكردنەوەی شوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكان بە ئەندامی نوێ و سوێندخواردنیان، پوچەڵ كرانەوە، هەر بەپێی بڕیارەكەی دادگا، ئەو ماوەیەی پەرلەمانتاران موچەیان وەرگرتبو نایاسایی بو، دەبوایە موچەكان بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە، بەلام هیچ پەرلەمانتارێك موچەكەی نەگێڕایەوە، بەوانەشەوە كە لە ئێستادا لیستیان دروستكردوە، یان لەنێو حزبەكانیاندا خۆیان كاندید كردوه‌تەوە!. ;

پێنج لەو بەربژێرانەی لە دوای 6ی 11ی 2022 بەنایاسایی سوێندیان خواردبو 

دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان باسی له‌وه‌كردوه‌، "پێنج لەو بەربژێرانەی لە دوای 6ی 11ی 2022 بەنایاسایی سوێندیان خواردبو، كە بریتین لە (سۆز عەبدولقادر عەبدولڕەحمان) و (دلێر عەبدولخالق حاجی) لە بزوتنەوەی گۆڕان، (عەبدوڵا حەسەن حەمەد) و (لەیلا عەلی عەبدولعەزیز) لە بزوتنەوەی ئیسلامی، (بێروان فەقێ‌ ئیسماعیل) لە یەكگرتوی ئیسلامی (هەر بۆ زانیاری دوای سوێندخواردنی بێروان فەقێ‌ لە پەرلەمان، یەكگرتوی ئیسلامی ناوبراوی لە ریزەكانی خۆی دەركرد)، لە سەرەتای مانگی تەموزی داوایان كرد هاوشێوەی پەرلەمانتارەكانی خولی پێنج مامەڵەی خانەنشینیان بۆ بكرێت، بەڵام بەهۆی نایاسایی بوونی كەیسەكەیانەوە سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمان نەچوە ژێر باری ئەو لێپرسراویەتیەوە.

هه‌ر پێنج په‌رله‌مانتاره‌كه‌ لە یادداشتێكدا داوایان لە سەرۆكایەتی دیوان كردەوە مامەڵەی خانەنشینیان بۆ بكات 

 ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، هه‌ر پێنج په‌رله‌مانتاره‌كه‌ لە یادداشتێكدا داوایان لە سەرۆكایەتی دیوان كردەوە مامەڵەی خانەنشینیان بۆ بكات، لە یادداشتەكەیاندا هاتبو: "بە پشت بەستن بە بڕیاری ژمارە (12952) لە (12/10/2023)ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڕگەی سێیەمی تایبەت بە كارپێكردنی ئەو یاساو بڕیارانەی لە دوای (6/11/2022) لە پەرلەمانی كوردستان ده‌رچون، كە لە دوای ئەو بەروارەوە سوێندی یاساییان خواردوە خانەنشین بكرێن".

 دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان ده‌ڵێت، "مەبەست لەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران كە بە ژمارە (12952) كە لە (12/10/2023) دەریكردوە، تیایدا هاتوە كار بەو یاسایانە بكرێت كە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەرچوێنراون، بەپێی ئەمە بەربژێرە سوێندخواردوەكان مەبەستیان بو ئەو ماوەیەی لەپەرلەمان بون بە یاسایی بۆیان هەژمار بكرێت، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و بڕیاری دادگا بو!.

سەرۆكایەتی دیوان بەبێ ئەوەی پشتگیرییان لێ بكات، لە ژێر فشاردا تەنها یادداشتەكەیانی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كرد

 بەپێی زانیارییەكانی دامەزراوەی پەی، سەرۆكایەتی دیوان بەبێ ئەوەی پشتگیرییان لێ بكات، لە ژێر فشاردا تەنها یادداشتەكەیانی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كرد، دواتر داواكارییەكە برایە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و لە رۆژی (27/3/2024) یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبونەوەكە بو، یازی ئەوەیان هەبو هەر پێنجیان خانەنشین بكەن.

ئەو بەرێزانە یەكێكیان تەنها پێنج مانگ، چوارەكەی تریشیان تەنها دو مانگ و پانزە رۆژ لەپەرلەمان دەوامیان كردبو

رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، "ئەو بەرێزانە یەكێكیان تەنها (5) مانگ، چوارەكەی تریشیان تەنها دو مانگ و پانزە رۆژ لەپەرلەمان دەوامیان كردبو، لەو ماوەیەد بە هەر پێنجیان بڕی 172 ملیۆن و 200 هه‌زار دیناریان وەك موچە وەرگرتبو، كەچی بە نایاسایی داوای خانەنشینیشان دەكرد، وەك ئەوەی بیریان چوبێت ئەو ماوە كورتەی لە پەرلەمان بون بە یاساداڕێژەر (مشرع) و پارێزەری یاسا ناوبراون!". 

دوابەدوای ئەوەی هەوڵەكانی ئەو بەربژێرە بەڕێزانە سەری نەگرت بۆ خانەنشینی، ئەو كاتە داوای گەڕانەوەیان كرد

 دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، "وەك ئەركێكی مەدەنی خۆمان لەكات و ساتی خۆیدا كارمان لەسەر كردوەو فشاری مەدەنیمان كردوەو رای گشتیمان لێی ئاگادار كردوه‌تەوە، نەشماندەویست زیاتر لەسەر ئەو بابەتە قسە بكەین، بەڵام لەم چەند رۆژەدا یەكێك لەو بەربژێرانە لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاندبو، كە داوایان نەكردووە خانەنشین بكرێن و چەند بەڵگەنامەیەكیشی خستبوەڕو، لە راستیدا دوابەدوای ئەوەی هەوڵەكانی ئەو بەربژێرە بەڕێزانە سەری نەگرت بۆ خانەنشینی، ئەو كاتە داوای گەڕانەوەیان كرد بۆ سەر كاری پێشویان، مێژوی سەر یادداشت و نوسراوەكانیشیان شایەتن"

 

ئەم هەواڵە لە ماڵپەڕی خەندانەوە ئامادەکراوە