logopayy_(2).jpg

یاداشتنامەی دامەزراوەی پەی سەبارەت بەو کاندیدانەی دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی تەمەنی پەرلەمان سوێندیان خوارد

Oct 13, 2024  |   هەواڵەکانی پەی 

 

لەبارەی داوای خانەنشینی ئەو بەڕێزانەی

دوای تەواوبوونی ماوەی یاسایی تەمەنی پەرلەمان سوێندی یاساییان خوارد

 

دوابەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لە (9/10/2022)، چەند ئەندامێكی پەرلەمان وەك هەڵوێست وەرگرتن دژی ئەم كارە نایاساییە دەستیان لەكار كێشایەوە، بۆ شوێنگرتنەوەیان چەند بەربژێرێك بەپێی ریزبەندی دەنگەكانیان شوێنیان گرتنەوەو سوێندی یاساییان خوارد، دواتر لە (30/5/2023) دادگەی ئیتیحادی بڕیاری نادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانیدا، ئەو ماوەیەی لە (6/11/2022) تا (30/5/2023) ی بە نایاسایی دانا، بەمەش سەرجەم ئەو یاساو بڕیارانەی پەرلەمان دابوونی، ئەو هەنگاوانەی نابووی لە پڕكردنەوەی شوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكان بە ئەندامی نوێ و سوێندخواردنیان، پوچەڵ كرانەوە. هەر بەپێی بڕیارەكەی دادگە، ئەو ماوەیەی پەرلەمانتاران موچەیان وەرگرتبوو نایاسایی بوو، دەبوایە موچەكان بۆ خەزێنەی گشتی بگێڕنەوە، بەلام هیچ پەرلەمانتارێك موچەكەی نەگێڕایەوە، بەوانەشەوە كە لە ئێستادا لیستیان دروستكردووە، یا لەنێو حزبەكانیاندا خۆیان كاندید كردۆتەوە!  

ئێمە لە دامەزراوەی پەی، چەندین راپۆرتمان بۆ رای گشتی بڵاو كردەوە، دەیان یادداشتمان پێشكەش بە لایەنە پەیوەندیدارەكان كرد، هەر لە سەرۆكایەتیەكانی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی دادوەریەوە تا وەزارەتی دارایی، بەڵام سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی بەردەوام بوون لە پێدانی موچە نایاساییەكە، یادداشتمان پێشكەش بە دامەزراوەكانی (داواكاری گشتی، دەستەی نەزاهە، دیوانی چاودێری دارایی) كرد، بەڵام ئەوانیش كە ئەركی خۆیان بوو بەدواداچوون بكەن و رێگر بن، كەچی هیچكامیان دەنگیان لێوە نەهات!

سەرباری هەموو ئەوانە، پێنج لەو بەربژێرانەی لە دوای (6/11/2022) بەنایاسایی سوێندیان خواردبوو، كە بریتین لە (سۆز عەبدولقادر عەبدولڕەحمان) و (دلێر عەبدولخالق حاجی) لە بزوتنەوەی گۆڕان، (عەبدوڵلا حەسەن حەمەد) و (لەیلا عەلی عەبدولعەزیز) لە بزوتنەوەی ئیسلامی، (بێروان فەقێ‌ ئیسماعیل) لە یەكگرتووی ئیسلامی (هەر بۆ زانیاری دوای سوێندخواردنی بێروان فەقێ‌ لە پەرلەمان، یەكگرتووی ئیسلامی ناوبراوی لە ریزەكانی خۆی دەركرد)، لە سەرەتای مانگی تەموزی داوایان كرد هاوشێوەی پەرلەمانتارەكانی خولی پێنج مامەڵەی خانەنشینیان بۆ بكرێت، بەڵام بەهۆی نایاسایی بوونی كەیسەكەیانەوە سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمان نەچووە ژێر باری ئەو لێپرسراویەتیەوە، دواتر لە (13/11/2023) هەر پێنجیان لە یادداشتێكدا داوایان لە سەرۆكایەتی دیوان كردەوە مامەڵەی خانەنشینیان بۆ بكات، لە یادداشتەكەیاندا هاتبوو: "بە پشت بەستن بە بڕیاری ژمارە (12952) لە (12/10/2023)ی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڕگەی سێیەمی تایبەت بە كارپێكردنی ئەو یاساو بڕیارانەی لە دوای (6/11/2022) لە پەرلەمانی كوردستان درچوون، كە لە دوای ئەو بەروارەوە سوێندی یاساییان خواردووە خانەنشین بكرێن". مەبەست لەو بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران كە بە ژمارە (12952) كە لە (12/10/2023) دەریكردووە، تیایدا هاتووە كار بەو یاسایانە بكرێت كە لەدوای درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەرچوێنراون، بەپێی ئەمە بەربژێرە سوێندخواردووەكان مەبەستیان بوو ئەو ماوەیەی لەپەرلەمان بوون بە یاسایی بۆیان هەژمار بكرێت، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و بڕیاری دادگا بوو!

بەپێی زانیارییەكانی دامەزراوەی پەی، سەرۆكایەتی دیوان بەبێ ئەوەی پشتگیرییان لێ بكات، لە ژێر فشاردا تەنها یادداشتەكەیانی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كرد، دواتر داواكارییەكە برایە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران و لە رۆژی (27/3/2024) یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە بوو، یازی ئەوەیان هەبوو هەر پێنجیان خانەنشین بكەن.

شایانی باسە ئەو بەرێزانە یەكێكیان تەنها (5) مانگ، چوارەكەی تریشیان تەنها دوو مانگ و پانزە رۆژ لەپەرلەمان دەوامیان كردبوو. لەو ماوەیەد بە هەر پێنجیان بڕی (172.200.000) سەد و حەفتاو دوو ملیۆن دیناریان وەك موچە وەرگرتبوو. كەچی بە نایاسایی داوای خانەنشینیشان دەكرد، وەك ئەوەی بیریان چووبێت ئەو ماوە كورتەی لە پەرلەمان بوون بە یاساداڕێژەر (مشرع) و پارێزەری یاسا ناوبراون!

سەرباری ئەوەی خواستی خانەنشینكردن بۆ ئەو پێنج بەڕێزەو بەدەمەوەچوونی داواكەیان هەبوو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بەڵام بەهۆی نایاساییبوونی كەیسەكەو دروستكردنی فشاری مەدەنیەوە كارەكە ئەنجامنەدرا. چونكە ئەگەر بكرابوایە و دواتر هەر كەسێك لە دادگەی ئیتیحادی سكاڵای تۆمار بكردایە، دادگا لەبەرژەوەندی سكاڵاكار و لە دژی حكومەتی هەرێم بڕیاری دەدا و خانەنشین بوونە نایاساییەكان هەڵدەوەشانەوە.

ئێمە لە دامەزراوەی پەی، لەپێناو سەروەری یاسا و دادی كۆمەڵایەتیدا، وەك ئەركێكی مەدەنی خۆمان لەكات و ساتی خۆیدا كارمان لەسەر كردووەو فشاری مەدەنیمان كردووەو رای گشتیمان لێی ئاگادار كردۆتەوە، نەشماندەویست زیاتر لەسەر ئەو بابەتە قسە بكەین، بەڵام لەم چەند رۆژەدا یەكێك لەو بەربژێرانە لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاندبوو كە داوایان نەكردووە خانەنشین بكرێن و چەند بەڵگەنامەیەكیشی خستبووە روو. لە راستیدا دوابەدوای ئەوەی هەوڵەكانی ئەو بەربژێرە بەڕێزانە سەری نەگرت بۆ خانەنشینی، ئەو كاتە داوای گەڕانەوەیان كرد بۆ سەر كاری پێشوویان، مێژووی سەر یادداشت و نوسراوەكانیشیان شایەتن.

ئێمەش لێرەدا بەڵگەی داواكانیان و نوسراوی فەرمی سەرۆكایەتی دیوان دەخەینە روو و هاوپێچی دەكەین، بۆ ئەوەی راستیەكان نەشێوێنرێن، چونكە هەموو ئەو كەیسانەی دامەزراوەكەمان وروژاندویەتی پشت ئەستور بووە بە بەڵگەی حاشا هەڵنەگر، تاكە مەبەستمان ئەوە بووە دوور لە چەواشەكاری زانیاری دروست بە رای گشتی بگەیەنین.

هاوپێچ:

1-یادداشتی پێنج بەربژێر بۆ سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمان بۆ مەبەستی خانەنشین بوونیان.

2-نوسراوی سەرۆكایەتی دیوانی پەرلەمان بۆ ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە (2/أ/107) لە (21/12/2023) كە یادداشتەكەی بە فەرمی ناردووە.

 

دامەزراوەی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان

10/10/2024

یاداشتنامەکە بە pdf