slemanmstefa.jpg

به‌راوردی تۆماری ده‌نگده‌ران له‌ سێ خولی هه‌ڵبژاردندا

Oct 9, 2024  |   بیروڕا 

سلێمان مستەفا


تۆماری ده‌نگده‌ران گرنگترین كۆڵه‌گه‌ی هه‌ر هه‌ڵبژاردنێكه‌، ده‌وله‌تیش تاكی لایه‌نه‌ی به‌رپرسه‌ له‌ تۆماری هاوڵاتیانی، به‌پێی ئه‌و به‌ڵگه‌نامه‌ی كه‌ هاوڵاتیانی تۆمار ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ناسنامه‌یان پێ ده‌درێت، جگه‌ له‌وه‌ش ده‌وڵه‌ت به‌رپرسه‌ له‌ ئه‌نجامدانی سه‌رژمێری گشتی، هۆكاری سه‌ره‌كیش نه‌بوونی داتا و سه‌ر ژمێری له‌ عێراق ده‌وله‌ته‌ ، دوا سه‌رژمێری له‌سه‌ر ئاستی 18 پارێزگا له‌ ساڵی 1987 ه‌وه‌ بوو، ساڵی 1997 سه‌رژمێری گشتی له‌سه‌ر ئاستی 15 پارێزگایه‌وه‌بوو، به‌ڵام له‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق تا ئه‌مرۆ به‌ هۆكاری جیاجیا و سیاسی ئه‌م پرسه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و سه‌رژمێری نه‌كراوه‌ كه‌ بریار وایه‌ ئه‌م ساڵ بكرێت، له‌ مادده‌ی (110 / 10ده‌ستوور پرسی ئامارو سه‌رژمێری خراوه‌ته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی تایبتمه‌ندی حكومه‌تی فیدراڵی، كه‌واته‌ لایه‌نی كه‌م ته‌رخه‌م له‌م بابه‌ته‌ حكومه‌تی فیدراڵه‌،  له‌ یه‌كه‌م خولی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی  كوردستان له‌ ساڵی 1992 تا ئه‌مرۆ ژماره‌ی دانیشتوان و تۆماری ده‌نگده‌ران بابه‌تێكه‌ جێگای پرسیارو ناكۆكیی بوه‌، هه‌م بۆ هه‌ڵبژاردن و هه‌م پرسی بوجه‌ و به‌شی پارێزگاكان، بێ گومان له‌عێراقیش له‌ دوای پرۆسه‌ی ئازادی تا ئه‌مرۆ ئه‌و پرسه‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ و خاڵی ناكوكی بوه‌، له‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق به‌ ناچاری په‌نا برا بۆ داتای كۆمپانیای خۆراك و كرایه‌ بنه‌ما بۆ ئاماده‌كردنی تۆماری ده‌نگده‌ران له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی كاتی هاوپه‌یمانان، به‌ڵام لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان كۆمێنت و قسه‌ی خۆیان هه‌بوو له‌ سه‌ر داتاكان، له‌ نێوان كورد و كورد و له‌ نێوان كوردو عه‌ره‌ب و له‌ نێوان عه‌ره‌ب و عه‌ره‌ب، ئه‌م پرس و بابه‌ته‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌ تا ئه‌مرۆ، ته‌نانه‌ت له‌ عێراق له‌ دوای په‌سه‌ند كردنی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی  زۆربه‌ی خوله‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران پێشه‌لی مادده‌ی 49 /1ی ده‌ستور كراوه‌.
له‌ ده‌ستووردا هاتوه‌  بۆ هه‌ر (100) هه‌زار هاوڵاتی  نوێنه‌رێكیان ده‌بێت له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، هه‌روه‌ها بوجه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ دابه‌ش ده‌كرێت، بۆیه‌ مافی پارێزگاكان نه‌دراوه‌ له‌ نوێنه‌رایه‌تی، هه‌رچه‌نده‌ بریارێكی دادگای ئتتحادیه‌/ ژماره‌ (11) ساڵی 2010هه‌یه‌ كه‌ گه‌شه‌سه‌ندنی ساڵانه‌ی هاوڵاتیانی به‌(2,8)دیاریكردوه‌، ده‌كرا به‌و بنه‌مایه‌ ژماره‌ی دانیشتوان دیاریكرابوایه‌، به‌ڵام به‌ بریارێكی دادگای فیدرالی ئه‌م پرسه‌ خراوه‌ته‌ دوای پرۆسه‌ی سه‌رژمێری گشتی چونكه‌ ئه‌گه‌ر ژماره‌ی دانیشتوانی عێراق 40 ملیۆنبێت ئه‌وا ده‌بوایه‌ ژماره‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران  400 ئه‌ندام بوایه‌و به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوانی پارێزگاكان به‌سه‌ر پارێزگاكان دابه‌ش بكرێت، سه‌باره‌ت به‌ تۆماری ده‌نگده‌رانیش یاسا دانه‌ری عێراقی داتای كۆمپانیای خۆراكی كردۆته‌ بنه‌ما، كۆمیسیۆنیش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ تۆماری ده‌نگده‌رانی ئاماده‌ كردوه‌، به‌ڵام چونكه‌ داتایه‌كی پر له‌ كه‌موو كوریه‌ جێگای كۆده‌نگی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان نه‌بوه‌، هه‌ر چه‌نده‌ ماوه‌ی 10 ساڵ زیاتر كۆمیسیۆن باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنی عێراق ده‌ستی كردوه‌ به‌ پرۆسه‌ی تۆماری بایۆمه‌تری كه‌ تا راده‌یه‌ك كاره‌ كانیان به‌رو پێش چوه‌، گه‌ر به‌وردی سه‌رنجی تۆماری ده‌نگده‌رانی پارێزگاكانی هه‌رێم بده‌ین له‌ ماوه‌ی سێ خولی هه‌ڵبژاردن هه‌ست به‌و گۆرانكاریانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ تا راده‌یه‌ك به‌دیهاتوون، ئه‌مه‌ش خالێكی ئه‌رێنیه‌ بۆ ده‌نگده‌ران و حزبه‌ سیاسیه‌كان، هه‌ر چه‌نده‌ كاری له‌ پێشینه‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆ خوله‌كانی داهاتوی هه‌ڵبژاردنه‌كان داتای فه‌رمی كارتی نیشتیمانی بكرێته‌ بنه‌مای دروست كردنی تۆماری ده‌نگده‌ران له‌لایه‌ن كۆمسیۆن، گه‌ر بۆ رونكردنه‌وه‌ی زیاتر و به‌ر چاو روونی سه‌رنجی ئه‌و خشته‌ی خواره‌وه‌ بده‌ین ئه‌وا ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و باوه‌ره‌  كه‌ عێراق له‌بواری داتا و سه‌رژمێری و كه‌م ته‌رخه‌مه‌ و زۆر له‌ دواوه‌یه‌.
ئه‌م خشته‌ی خواره‌وه‌ رووبه‌روی كۆمه‌ڵێ پرسیارمان ده‌كاته‌وه‌ بۆیه‌ شایه‌نی لێ وردبونه‌وه‌یه‌، داتای فه‌رمی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنی عێراق بۆ ساڵی 2018، 2021، 2024، له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ داتای ساڵی 2018 هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی پێ ئه‌نجامدراوه‌، و داتای 2021 هه‌ڵبژاردنی 2021ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی پێ ئه‌نجامدراوه‌، داتای 2024 ئامادیه‌ و هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی پێ ئه‌نجامده‌درێت:
خشته‌ی به‌راوردكاری تۆماری ده‌نگده‌رانی كۆمیسیۆنی ئتتحادی له‌ ساڵی : 2018، 2021 ، 2024 ، له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان
ئه‌گه‌ر داتاكانی ناو خشته‌ی سه‌روه‌ شیكاری بكه‌ین ده‌گه‌ین به‌م ده‌رنجامانه‌ی خواره‌وه‌:

یه‌كه‌م : ئه‌گه‌ر به‌راوردی تۆماری ده‌نگده‌رانی عێراق له‌ ساڵی 2018 و 2021 له‌سه‌ر ئاستی پارێزگای هه‌ولێر به‌راورد بكه‌ین چه‌ند راستێكی تاڵمان بۆ روون ده‌بنه‌وه‌ ، جیاوازی تۆماری پارێزگای هه‌ولێر (28,205) ده‌نگی زیاد كردوه‌، هه‌روها ئه‌گه‌ر به‌راوردی تۆماری ساڵی 2021 و 2024 بكه‌ین جیاوازیه‌كه‌ (128,518) ده‌نگی كه‌مكردوه‌ ،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ نێوان دوو هه‌ڵبژاردن سێ موالیدی نوێ ده‌خرێنه‌ سه‌ر داتاكانی تۆماری ده‌نگده‌ران، وه‌ ئه‌گه‌ر به‌راوردی تۆماری ساڵی 2018 به‌ تۆماری ساڵی 2024 بكه‌ین جیاوازیه‌كه‌ (100,313) ده‌نگ جیاوازه‌و كه‌می كردوه‌ له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی 6 موالیدی نوێ تۆمار كراون، ئه‌وه‌ له‌كاتێكا له‌ نوێكردنه‌وه‌ی دوا تۆماردا ته‌نها (70162) ده‌نگده‌ری موالیدی (2004، 2005 ،2006) له‌ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانی ساڵی 2024 دا زیاد كراون.
دووه‌م: ئه‌گه‌ر به‌راوردی تۆماری ده‌نگده‌رانی عێراق له‌ ساڵی 2018 و 2021 له‌سه‌ر ئاستی پارێزگای سلێمانی هه‌ڵه‌بجه‌  به‌راورد بكه‌ین چه‌ند راستێكی تاڵمان بۆ روون ده‌بنه‌وه‌، جیاوازی تۆماری پارێزگای سلێمانی هه‌له‌بجه‌(11504) ده‌نگی كه‌م كردوه‌ ، هه‌روها ئه‌گه‌ر به‌راوردی تۆماری ساڵی 2021 و 2024 بكه‌ین جیاوازیه‌كه‌ (146,382) ده‌نگه‌ واته‌ ساڵ له‌ دوای ساڵ كه‌می كردوه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ نێوان دوو هه‌ڵبژاردن سێ موالیدی نوێ ده‌خرێنه‌ سه‌ر داتاكانی تۆماری ده‌نگده‌ران وه‌ ئه‌گه‌ر به‌راوردی تۆماری ساڵی 2018 به‌ تۆماری ساڵی 2024 بكه‌ین جیاوازیه‌كه‌ (157,886) ده‌نگ جیاوازه‌و كه‌می كردوه‌ له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی 6 موالیدی نوێ تۆمار كراون ,له‌ كاتێكا ته‌نها (64,622) ده‌نگده‌ری موالیدی (2004 ، 2005 ،2006) له‌ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانی 2024 زیاد كراون.
سێیه‌م :ئه‌گه‌ر به‌راوردی تۆماری ده‌نگده‌رانی عێراق له‌ ساڵی 2018 و 2021 له‌سه‌ر ئاستی پارێزگای دهۆك  به‌راورد بكه‌ین چه‌ند راستێكی تاڵمان بۆ روون ده‌بنه‌وه‌ ، جیاوازی تۆماری پارێزگای دهوك(116,128) ده‌نگی زیاد كردوه‌، هه‌روها ئه‌گه‌ر به‌راوردی تۆماری ساڵی 2021 و 2024 بكه‌ین جیاوازیه‌كه‌ (108681) ده‌نگی كه‌مكردوه‌ ، واته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ نێوان دوو هه‌ڵبژاردن سێ موالیدی نوێ ده‌خرێنه‌ سه‌ر داتاكانی تۆماری ده‌نگده‌ران ، وه‌ ئه‌گه‌ر به‌راوردی تۆماری ساڵی 2018 به‌ تۆماری ساڵی 2024 بكه‌ین جیاوازیه‌كه‌ (7,447) ده‌نگ جیاوازه‌و كه‌می كردوه‌ له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی نزیكه‌ی 6 موالیدی نوێ تۆمار كراون له‌ كاتێكا ته‌نها (59976) ده‌نگده‌ری موالیدی (2004 ، 2005 ،2006) له‌ نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌رانی 2024 زیاد كراون.
چواره‌م: جیاوازی نێوان تۆماری هه‌رسَی پارێزگا به‌گشتی له‌ نێوان ساڵی 2018 و 2021 نزیكه‌ی (132,829) ده‌نگ زیاد كراون، له‌ كاتێكا 3 موالیدی تازه‌ش مافی ده‌نگدانی پێدراوه‌، به‌و پێیه‌ی ته‌مه‌نی 18 ساڵیان ته‌واو كردوه‌، هه‌روه‌ها جیاوازی تۆماری ساڵی 2021 و 2024 نزیكه‌ی (383,581) ده‌نگ كه‌میكردوه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ 3 موالید زیاد كراوه‌ بۆ سه‌ر تۆماری ده‌نگدان، هه‌روه‌ها جیاوازی تۆماری ساڵی 2018 له‌گه‌ڵ تۆماری 2024 نزیكه‌ی (250,752)ده‌نگ كه‌میكردوه‌ ، له‌ كاتێكا به‌ نزیكه‌یی 6 موالید زیاد كراون بۆ سه‌ر تۆماری ده‌نگدان .
ئه‌و داتا و شیكاریانه‌ ئه‌و راستیانه‌یان دووپات كرده‌وه‌ كه‌، عێراق له‌ رووی داتا و سه‌رژمێری زۆر له‌ دواوه‌یه‌ ،گله‌یی حزبه‌كانیش له‌ شوێن خۆیان بوون، ده‌وڵه‌ت به‌رپرسه‌ له‌ تۆمارنامه‌ی هاوڵاتیانیو سه‌رژمێری، ده‌وڵه‌ت به‌رپرسه‌ له‌ پێدانی داتا به‌ كۆمیسیۆن، یاسا دانه‌ری عێراقیش خۆی له‌و راستیه‌ بواردوه‌ كه‌ كاری كۆمیسیۆن ئاماده‌كردنی تۆماری ده‌نگده‌رانه‌ نه‌ك ئاماده‌كردنی داتای هاوڵاتیان، هه‌رچه‌ند له‌ دوا هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجومه‌نی پارێزگان ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌ كه‌ سوود له‌ داتای تۆماری كارتی نیشتیمانی وه‌ربگیرێت، به‌ڵام راستێكی نكۆڵی لێنه‌كراو هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵبژاردنی پاك و بێگه‌رد ده‌بێت ته‌نهاو ته‌نها  پشت به‌ داتای كارتی نیشتیمانی ببه‌سترێت  بۆ خوله‌كانی داهاتوو.