ئەبو کاروان
پێنج ساڵ پێش ئێستا و بەدیاریکراوی لە ١٠ ی تەمموزی ٢٠١٩ دا لە پەرلەمانی کوردستان ،سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و کابینە وزارییەکەیان بە بەرنامەیەکی هەمەلایەنە و بەڵێنی گەورە متمانەی نوێنەرانی گەلی کوردستانیان پێدرا.
ھەڵبەت خودی سەرۆک وەزیران ناوی بەرنامەکەی و هەم دروشمی کابینەکەی ناونا "کابینەی چاکسازی".
ئێمە كە باسی ھەڵسەنگاندن دەكەین، بنەمای ھەر ھەڵسەنگاندنێكی بابەتی ، بریتییە لە خۆ دوورگرتن لەهەر حوكمێکی پێشوەختە ،هاوکات وروژاندنی پرسیاری جەوهەری دەربارەی واقیعی ئێستای کوردستان و بەرهەمەکانی ئەم کابینەیەش گرنگن.
پێش هەر شتێک، پرسیاری دروست و جەوهەری ئەوەیە کە بپرسین [ئەم کابینەیە چاکسازی لە چیدا کردوە؟ ]واتە چی چاک کردوە کە پێشتر خراپ بووە؟ ئایا ئەو قەیران و کێشانەی لە هەرێمی کوردستان پێش ئەم کابینە هەبوون ، بەهاتنی ئەم کابینەیە کۆتاییان هات؟
بێگومان هەموومان دەزانین کە شاکێشەی هەرێمی کوردستان لە هەموو کابینەکاندا بریتییە لە گەندەڵی دارایی و ئیداریی و دزینی سامانی گشتی، خودی سەرۆکی کاربەڕێکەری ئەنجومەنی وەزیران{مەسروور بارزانی} لەپەرلەمان لەم ڕووەوە وتی: " بە هەموو توانامانەوە، ڕووبەڕووی هەموو جۆرە گەندەڵیەکی دارایی و کارگێڕی دەبینەوە و رێگردەبین لە بەهەدەردانی سامانی گشتی و زێدەرۆیی بۆ سەر موڵک و مومتەلەکاتی هەرێم، ئەمەش لە رێگەی کاراکردن و پشتیوانی کردنی دامەزراوە فەرمی و یاساییەکانی هەرێمی کوردستان ،بە تایبەتی پەرلەمان و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی نەزاهە و داواکاری گشتی."
بابزانین چەند لەم بەڵێنە جێبەجێکرا و محارەبەی گەندەڵی چی بەسەرهات؟ لەماوەی تەمەنی پێنج ساڵەی ئەم کابینەیەدا یەک وەزیری پێشوو یا هی ئێستا ، یەک کاربەدەستی پلەباڵا لەهەرێمی کوردستان لەسەر گەندەڵی نەدرایە دادگا ، بەڵکو تەنانەت پلە دارو پلەباڵایەك لەسەر گەندەڵی سزا نەدرا ،ئاستی گەندەڵی بەئەندازەیەکە گەشتووەتە وڵاتان و ڕێکخراوە جیهانیەکان، بۆنمونە ڕێکخراوی ئۆپێکی تایبەت بە وزە باسی بەقاچاخبردنی نەوتی هەرێم دەکات بێئەوەی یەک کەس بزانێت داهاتەکەی دەچێتە گیرفانی کێوە؟
هەروەها ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ڕۆژانە لە هەرێمەوە ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاخ دەفرۆشێت و لە رێگەی ئێران و تورکیاوە نەوتەکە هەناردە دەکەن کە داهاتەکەی لەمانگێکدا ٣٠٠ ملیار دینارەو دەشڵێت تەنها یەکێتی و پارتی لە داهاتی ئەو نەوتەی بە قاچاخ دەفرۆشرێت سودمەندن.
کەوایە لەڕووی گەندەڵیەوە دۆخەکە خراپتر بووە، نەک باشتر ،ئەمە جگە لەگەندەڵی لە سەکتەری وەبەرهێنان ، زەویو زار، قاچاخی سەرمەرزەکان، دەست بەسەراگرتنی داهاتی باج و ڕسومات و بواری دیکە.
چاکسازی تەنها زاراوەیەک نییە فڕێبدرێ ،بەڵکو مەنهەجیەت و ئیرادەو پلانە، سەرەکیترین ڕێگە کە چاکسازی پێ بکرێت بریتییە لە پێشکەشکردنی پرۆژەیاسای بودجە بە پەرلەمان و جێکردنەوەی چاکسازی لەنێو ئەو پرۆژە یاسایەدا، کەچی بەبیانۆی نەناردنی بودجەی هەرێم لە بەغداوە ئەم کابینەیە یەک دانە پرۆژە بوودجەی نەناردووەتە پەرلەمان، ئەمە لە کاتێکدا ڕوودەدات کە دامەزراوەیەک هەیە خۆی ناوناوە حکومەت کە پێویستە لەسەری خەرجی و داهاتی، شەفاف بێت ، نەک لە گۆترە پارە خەرج بکرێت و داهات کۆبکرێتەوە. نەناردنی بودجە لەلایەن بەغداوە هەرگیز بیانو نییە بۆ ئەم کارە نایاساییانە .
لەبڕگەی حەوتەمی کارنامەی حکومەتدا باسی چاکسازی لە کەرتی تەندروستی کراوە و بەدەق هاتووە و دەڵێ: {بە پێی ستاندەرە جیهانییەکان، چاکسازی لە کەرتی تەندروستی و دەرمان و خۆڕاک دەکەین و رێکاری یاسایی بۆ هەر سەرپێچیەک کە لەم لایەنە ژیاریەدا بکرێت دەگرینە بەر، بۆ ئەم مەبەستانەش دامەزراوەی خۆراک و دەرمانی هەرێم سەر بە ئەنجومەنی وەزیران دادەمەزرێنین}.
لە ڕاستیدا ئەم کارانەمان نەک هەرنەبینی بەڵکو دۆخەکە لەکەرتی تەندرووستیدا خراپتر بووە، قاچاخچێتی دەرمان زیاتر بووە، کوالێتی دەرمان لەهەرێمی کوردستان ئێجگار خراپووە، ئەمە جگە لە فرۆشتنی دەرمانی ئێکسپایەر و خۆراکی ماوە بەسەرچوو بەسەر هاوڵاتیاندا.
لەبڕگەی سیانزەیەمی کارنامەی حکومەت هاتووە: "کار دەکەین بۆ سەروەرکردنی یاسا و رێز گرتن لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و نابێ لە کوردستاندا کەس لە سەرووی یاساوە بێت. هیچ کەسێک رێگەی پێنادرێت بە هۆی پێگەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و حزبی لە دەست یاسا ڕابکات و خۆی لە دەرەوەی یاسا ببینێتەوە, هەروەها کاری جدی دەکەین بۆ کۆنترۆڵکردنی دیاردەی بڵاوبوونەوەی چەک لە ناو کۆمەڵگەکەماندا"
لەڕاستیدا ئەم بڕگەیە یەکێکە لە بڕگەو ماددە هەرە جوانەکانی کارنامەی كابینەی نۆیەم، بەڵام جێبەجێکردنەکەی تەنها لەسەر کاغەز مایەوە، بەڵکو ژمارەی کوژرا و تەقەکردن و تەنانەت تیرۆری سیاسی و شەڕی عەشایەری بە سپۆنسەری حیزبەکانی دەسەڵات زیادی کردووە نەک کەمی کردبێ.
لەسەردەمی ئەم كابینەیەدا ڕەوشی ژیانی خەڵك خراپتر بووە ، كۆچ بەرەو تاراوگە و ،سەرخۆھەڵگرتنی گەنجان زیادی كرد ،، بەردەوام ھەواڵی نغرۆبوونی كەشتییەكان و خنكاندنی ئازیزانمان پێدەگات .
ئەی ئابوری ھەمەچەشن چی لێھات ،کە بەگەرمی بانگەشەتان بۆدەکرد؟ ئەوەتە تائێستاش چاوومان لە بەغدایە پێداویستییەكانمان بۆدابین بكات.
سەبارەت بە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و خێزانی ،بەداتا دەرکەوتووە کە لەم كابینەیەدا ژمارەی جیابونەوەو پەرتبوونی خێزان زیادی كردوە ،بەشێكی زۆری ھۆكارەكان بێكاری و نەبوونییە و بوەتە ھۆكاری كێشە كۆمەڵایەتییەكان
دەبینین سێكتەرەكانی خزمەتگوزاری لەچ ئاستێكدایە ، بۆنمونە خزمەتگوزاریەگشتییەكانی وەك ئاو و كارەباو تەندروستی خراپتر بوون ، لەلایەکی دیکەوە بواری پەروەردەو خوێندن لەلاوازترین دۆخدان ،كەرتی تایبەت بووەتە نەهەنگ و زۆربەی سەکتەرە خزمەتگوزاریەکانی قووتداوە، خاوەنی ئەم کەرتە تایبەتیانە سەرمایەدارانی حیزبین یاخود سێبەرەکانیان بەڕێوەی دەبەن.
گەر تەنها نەخۆشخانە بە نمونە وەربگرین دەبینین کە نەخۆشخانەی تایبەت ڕێژەكەی بەبەردەوامی زیاد دەكات، لەم كابینەیدا یەك نەخۆشخانەی گشتی دروستنەكراوە؟ بەڵام لەبەرانبەردا [٤٠]نەخۆشخانەی تایبەت دروستكراوە.
ھەرێمی كوردستان لە ھێڵی پەڕینەوەی ماددەی ھۆشبەرە و بووەتە شوێنی وەبەرھێنان و ترانزیتی جیھانی ماددەی ھۆشبەر ، زیندانییەكان ئاخێنراوون بە گەنجی ئەم ھەرێمە کە مامەڵەیان بەم ماددە مەترسیدارو زیانبەخشەوە کردوە.
لە پێنج ساڵی تەمەنی ئەم کابینەیەدا سەروەری ھەرێم تا سنووری نەبوون، بوونی نەماوە ،ھەرێم بووەتە جێی تەراتێنی ھێزەكانی وڵاتانی ئەقلیمی ، ھێرش و داگیركاری و بۆردومانی دێھاتەكان و شەھید كردنی ھاوڵاتیان وسووتاندنی ڕەز و باخەكان لەلایەن دراوسێکانمانەوە بەتایبەتی تورکیا بەردەوامی ھەیە ، بێئەوەی دەسەڵاتداران نقەیان لێوە بێت.
لەم کابینەیەدا ئازادییەكان پاشاكشەیەكی گەورەیان كردوە، بچوكترین خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی سەركوتدەكرێت ، خەڵك لە سەر گروپی فەیسبووک و ماسینجەر بۆ كۆمێنتێك ساڵێك خراوەتە زیندان.
لەم كابینەیەدا سیمای دوو ئیدارەیی و دوو زۆنی زیادی كردوە ، ھەر لەسەرەتاوە بەرپرسانی پێكھێنەرانی كابینەكە تەباو منسجم نەبوون ، ھەردوو لایەن یەكێتی نیشتیمانی و بزوتنەوەی گوڕان پەراویزبوونی وەزیرەكانیان ڕاگەیاند ، شەڕی ڕاگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكەی گەیشتە میدیاكان و ھەڵمەتی ئەو ڕاگەیاندنەش دەزگاكانی پاراستن و زانیاری سەرپەرشتییان دەكرد ،كارگەیشتە ئەوەی جێگری حكومەت بایكۆتی كۆبونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران بكات .
نەبوونی ئینسیجام و عقڵیەتی بەڕێوەبردنی حوكمڕانی ھەردوو حیزب پارتی و یەكێتی،وایکردوە کە پرسی یەکخستنی ھێزی پێشمەرگەو ھێزەكانی ناوخۆی پەکخست ،هەروەها نەیانتوانی كێشەی مووچەی ئەم ھێزانە چارەسەر بكەن کە سێ مانگە یەك مووچەیان وەرگرتووە ،لە كاتێكدا دەیانتوانی لە داھاتی زۆری ناوخۆ ئەو مووچانە بدەن ،بەڵام بەرژەوەندیەكانی حزبی و شەخسی گەیشتوەتە ئاستێك کە بایەخ بە پارێزەرانی ئەم ھەرێمە نەدەن.