drseyranteha.jpg

هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان لەلای ئەوان‌ و ئێمە

Jul 10, 2024  |   بیروڕا 

د.سەیران تەها ئەحمەد

 

      لە پرۆسەیەكی پڕ لە شکۆ وشارستانترین پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی بەریتانیادا لە ٤حوزەیران ٢٠٢٤ لە دوای كەمتر لە ١٢ كاتژمێر دەرئەنجامەكان ڕاگەیەنرا و زۆر بە ئاسانی ڕیشی سوناك سەرۆك وەزیران دەست بەرداری دەسەڵات بوو، دەرئەنجامەكەی قبووڵ كرد وە داوای لێبوردنی كرد لە توڕەبوونی دەنگدەران لە حكوومەتەكەی کرد وە لەو دۆڕاندنە سەختەی لە مێژوویی حیزبەكەیاندا ڕوویداوە، ڕایگەیاند كە بەرپرسیارێتیەكەی هەڵدەگرێت وە تەنانەت واز لە سەرۆكایەتی حیزبەكەشی (پارێزگاران) دەهێنێت، وە ڕکابەرەكەی لە حیزبی كرێكاران (كیر ستارمر) بە پیاوێكی بەڕێز و خاوەن ڕۆحێكی گشتی وەسف كرد. وە سەرەڕای ئەمانەش هەموو هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانیش پچوكترین كاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانە ی خەڵك نەكرد و دەوام نەوەستێنرا، هەموو ڕیكلامی هەڵبژاردنەكان بریتی بوو لە ڤیدۆیەكی دوو دەقیقەی پڕلە مانا بوو كە پوختەكەی (لە پێناو باشتركردنی هەموو بوارەكانی ژیان لە خوێندن، بیمەی تەندروستی، باج، خۆشگوزەرانی، خانەنشینی، ژینگە، داهاتووی نەوەكانتان بڕۆن دەنگ بدەن) كە لۆگۆی هیچ حیزبێكی لەسەر نەبوە، چونكە بە ڕاستی دەنگدان لەو ووڵاتانە ماف و ئەركێکی نیشتمانیە، وە كەس بوێری ئەوەی نیە لەترسی میللەت دەستێوەردانی تێدابكات نە حیزب نە حكومەتی نە دەسەڵاتی پادشایەتی .

    بەڵام لە ماوەی ٣٣ ساڵەی حكومڕانی كوریدا لە یەكەم ئەزموونیەوە تا ئێستا لە پرۆسەی خۆ ئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنەكان بریتی بووە لە گوێزانەوەی شەڕی كۆنەقین و دوژمنایەتیە كەسیەكان لەسەردەمی شاخ بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكان لە شاردا بەبێ سڵكردنەوە وە بەبێ لەبەرچاوگرتنی حورمەتی خەبات و بەها شارستانیەكان لە پێناو بە دەست هێنانی دەنگی زیاتر و سەركەوتن بەسەر ڕكەبەرەكانیاندا ئامادەبوون پەنا بۆهەمووشێوازێكی ناشارستانی لە تۆڵەكردنەوەی سیاسی لە ماوەی خۆئامادەكردن بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكان ئەنجام دەدرێت، هەر لە تەخوین كردنی یەكتری و هەڵدانەوەی مەلەفی شاراوە و نهێنیەکانی سەردەمی خەباتی شاخ و شار، كەشف كردنی سكانداڵی دەست تێكەڵکردن و هاوكاری كردن و سیخوری كردن لەگەڵ داگیركەران و دامودەزگا ئەمنیەكانی بەعس بووبێت یان میتی توركی یان پاسداران، كە چۆن بوونەتە هۆی  لەناوبردن یان هەواڵ لێدان و تەسلیم كردنەوەی سەدان لە هاوڕێیانی سەنگەر و پێشمەرگەی لایەنەكانی تر بێت، تەنانەت زۆر جار كار گەیشتۆتە پەلامادانی ژیانی تایبەتی خێزانی ژن و منداڵەكانی یەكتری؟ ئەوەی جێگەی داخە كە هەڵمەتەكانی هەر خولێک لە خولەكانی پێشتر ترسناكتر و ئابڕوبەرانەتر بەڕێوەدەچن؟  

    كاتێك لە پیناو هەڵمەتێکی تری خولێکی تری هەڵبژاردن بە مەبەستی دواخستنی بێت یان گرەنتی پشتیوانی ئقلیمی بێت بۆ ڕێگەنەدان بە گۆڕانكاری لە دەسەڵاتی حیزبیدا، چەند شەرمەزاریە دروست کردنی سیناریۆی تاوانکاری بۆ ئەندامانی هێزە ئەمنیەكان لە زۆنی ڕکابەردا، تاوانباركردنی یەكتری یان پەکەکە بە تەقینەوە و ئاگرتیبەردانی بازاڕەكانی كەركوك و هەولێر لە پێناو ئاسانکاری و پاساو هێنانەوە بۆ تورکیا بۆ کاولکاری زیاترو بۆردمانکردنی بە درۆن کۆڵانەکانی شار و قەزا و گوندەكانی سلێمانی. هەرچەندە ئەم سیناریۆیە هەمان شێوازی سیناریۆی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابڕدووە، كەچۆن تەقینەوەكەی زاخۆ خرایە ئەستۆی سەرۆکی حكومەتی هەرێمی ئەو كاتە لە زۆنی سەوز، پاشان بێدەنگی لێکراو، هەر دوای ڕێكەوتن لەسەر دابەشكردنی دەسەڵات و سامان و داهاتی میللەت کەوتنەوە هاوبەشی حكومەت و دابەشکردنی پۆستەكان هەروەك ئەوەی هیچیان بەیەك نەكردبێت و هیچ ڕووی نەدابێت.
پرسیارەكە ئەوەیە گەر پەکەکە بیەوێت تەقینەوە بکات بۆ لەناو خەڵکی هەژار نشینی بازاڕ و ناوەندی شارەكانی هەرێم دەیکات ؟ لە کاتێکدا ئەو هەموو تورکیان لە بەردەستدایە بۆ چالاكی سیاسی ، وە بە ئاماژەیەك چۆن توانیان هەڵبژاردنی شارەوانیەكان لەدەستی ئەردۆغان دەربهێنن، بەوجۆرە دەتوانن هەموو شارەکانی تورکیا بکەن بە دۆزەخ، لەلایەكی ترەوە مێژووی خەبات و ئابڕووی سیاسی پەكەكە دوورن لە پەنا بردن بۆ ئەو شێوازە لە كاری تیرۆرستیانە .

ترۆپکی بێویژدانی سیاسی وپشتگوێخستنی مێژووی خەبات و ئێستا و داهاتووی،  ئەو دەسەڵاتەی خۆی بە نیشتمانی بزانێت بەشێك بێت لە پرۆسەی لەناوبردنی کەرامەت و شكۆی نیشتمانی كە بە پێشمەرگە ناسراوە، ئاشکردن و ناوزڕاندنی هێزە ئەمنیەكان جا هێزەكانی ٧٠ بێت یان هێزەكانی ٨٠ بێت، دژە تیرۆر یان زێڕەڤانی بێت ....هتد هیچ جیاوازیەكیان نیە، شكاندنی شكۆیان شكاندنی شكۆی هەرێم و دەسەڵاتەكەیەتی، كە بەبێ هیچ گوێدان و حساب كردن بۆ ئاسایشی نیشتمانی هەموو جارێك ئەو ڕاستیە دەسەڵمێنن كە هێزە ئەمنیەكان هێزی نیشتمانی نین بەڵکو هێزی دەست بەسەرداگیراون لەژێر دەسەڵاتی حیزب بۆ پاراستنی حیزب دروست كراون. وە هەرگیز مەبەستیان نەبوە، وە نە كار دەكەن بۆ دروست كردنی هێزێکی نیشمانی یەكگرتوو بۆ ڕووبەڕووی دوژمنان( تەنانەت ئەمەریكا و ئەوروپاش بێ هیوا بوون لە ئامۆژگاری كردنیان). ڕاستە نەهامەتی قورسی ژیانی پێشمەرگە، وایكردوە كە ناچاربن هەموو جۆرە كارێك ئەنجام بدەن، جا كاری شۆفێری، نانەوایی، كرێکاری، باخەوانی باخ و ڤیلاكانی بەرپرسەكان بێت تا دەگاتە خزمەتكاری ماڵ و شۆفێری خێزان و مناڵەكانیان بن ئاسایی بێت، بەڵام ئەوەی ئاسایی نابێت كە بكرێن بە جاسوس و ئەنجامدەری كاری تیرۆرستی؟ ئیتر ئەبێت ئیترشكۆی نەتەوەیەك لەكوێدابێت؟ ئیتر دەبێت حورمەتی كوردایەتی و هەڵبژاردنەكان چ نرخێك و هەیبەتێكیان هەبێت؟

      كەواتە دروست كردنی سیناریۆی تاوان و دەست درێژی كردن بۆ هەر بەشێك لە دەزگا ئەمنیەكانی هەرێم، هەرچەندە بۆ لابردنی سەرنجە لەسەر هێرشەكانی توركیا، بەڵام جگە لە سووك كردن و ڕسواكردن و نەمانی متمانە بە دەزگا ئەمنیەكان دەرئەنجامێكی تری نابێت. بە دیوێكی تردا ڕسواكردنی كورد و ئەزموونی حکومڕانیە شكستخواردوكەیەتی كە زیاتر شەرعیەتی دەسەڵاتەكەی دەخاتە ژێر پرسیارەوە لە دنیای دەرەوە و ناوەوەدا.

     هەرچەندە كە باس لە هەڵبژاردنەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەكی گشتی دەكرێت باس لە كێشەی متمانە و شەفافیەت و بەكارهێنانی فشارە كە پرۆسەیەكی پاك ئەنجام بدرێت، بەڵام كە دەگەینە سەر واقعی هەرێمی كوردستان لە چەند دەیەی ڕابڕوودوودا لە پلەی یەكەم و ترۆپكی ناشریترین ئەزموونی سیاسیە لە ناوچەكەدا هەر لەدواخستنی هەڵبژاردنەكان بە ئەنقەست و دروست كردنی تەنگەژەی سیاسی گەورە، دەرگا داخستنی پەرلەمان بە وویستی حیزبی و ڕێگەنەدان بە چوونە ژوورەوەی ئەو پەرلەمانداری بە دڵیان نەبێت. پەرلەمانێک لەسەر بناغەی تەزویركردنی دەنگی دەنگدەران و پاك نەكردنەوەی لیستی دەنگدەران لە ناوی مردووەكان و فێڵ كردن بە بەكارهێنانی ساختەكاری سوود وەرگرتن لە دەنگی كوردانی پارچەكانی تر( كە ناسنامەی توركی و سوری و ئێرانیان) هەیە بەڕێوە بچێت كە ئەمە بۆ لیستی مووچەش ڕاستە و تا ئێستا گەورەترین كێشەی بۆ فەرمانبەرانی ڕاستەقینە دروست كردووە، وە یەكێكە لە كێشە سەرەكیەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، كە بۆتە هۆی ئابڕووچونی كابینەكانی حكوومەتی هەرێم لەبەردەم دۆست و نەیارەكاندا؟

       دەبێت چ هیوایەك بە هەڵبژاردنەكان هەڵبچنرێت، كاتێك كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە مانگی ئایارەوە ڕایگەیاند كە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان دواناخرێت و لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی ئەنجام دەدرێت. بەڵام كاتێك ئیرادەی حیزب لەسەروو ئیرادەی میللەتەوە دەبێت، نەحساب بۆ بڕیاری دادگا و نە مافی خەلك و میللەت دەكرێت، بەوجۆرە نە ڕێگایاندا هەڵبژاردن بكرێت وە نازانرێت كەی دەكرێت؟ لەبەرئەوە هەڵبژاردن نەك پچوكترین گۆڕانكاری لە بارودۆخی سیاسی هەرێم دروست ناكات بەڵكو هیچ هیوایەكی لەسەر بنیاد نانرێت، جگە لە دەوڵەمەندكردن و ئیمتیاز بۆ گروپێكی ترلە كەسانی حیزبی و نزیكی دەسەڵات فەراهەم دەكات، لەگەڵ زیادكردنی بارگرانیەكی تر بۆ بودجەی هەرێم و بواری زیاتر دەڕەخسێت بۆ چەسپاندنی گەندەڵی.
گەورەترین كارەساتی سیاسی لە عێراقێكی سەروەری لەدەستدراودا، كە سەرۆك كۆمار و وەزیری دەرەوی كورد بێت جگە لە دەیان پۆستی سیادی وعەسکەری كورد لەناو حكوومەتی عیراقدا، كەچی باس لە ‌هێرشە كاولكاریەكان ولەشكركێشی و بۆردومانەكانی توركیا ناكرێت كە گەورەترین جبەخانە و دەبابە وهێزی پیادە لە سنوری بادیناندا كۆكردۆتەوە، جگە لە زیاد كردنی بنكەی سەربازی کە زیاتر لە ١٠٠ بنكەی هەیە لە ناوچەكەدا، وە لە جێبەجێکردنی پلانی دروست كردنی پشتێنەی ئەمنی به ‌قوڵایى زیاتر لە٤٠ بۆ٥٠ كیلۆمه‌تر لەناو هەرێمی كوردستاندا؟ وە ئەوەی لە میدیا عیراقیەكانەوە باس دەكرێت و چەختی لەسەر دەكەن كە ئەوەی ڕوودەدات لە ئەستۆی هەرێمە، وە بەهۆی سیاسەتی حكومەتی هەرێمەوەیە كە ڕێگا بە سوپای عیراق نادات هاوبەش بێت لە پاراستنی سنورەكانی هەرێم كە بەشێكن لە عێراق؟ بەڵام پاساو بۆ سەرپێچی‌و فروانخوازییەکانی تورکیا دەهێننەوە؟ توركیا بێگومان بەردەوام دەبێت لەسەر دەستدرێژیەكانی بۆ سەر خەڵكی كوردستان كە نە لەلایەن عێراق، وە نە لەلایەن حكومەتی هەرێمە بە فەرمی ناڕەزایی دەرنابڕن وە نە داوای كشانەوەی هێزەكانیان لێ دەكەن؟ گەرقبوڵکردنی ئەم بێحورمەتیە سیاسیانەی توركیا ئەوەندە ئاسایی وەربگیرێت ڕەنگە بە پاساو و بیانووی بەهێزترەوە سوود لەم بارودۆخە تێكچوەی ناوچەكەدا وەربگرێت بتوانێت لەشكركێشی بۆ ناو هەولێر و چواردەوریشی زۆر بە ئاسانی ئەنجام بدات، وە پێگەی خۆی زیاتر توندتر و بەهێزتر بكات نەك لەناوچە شاخاوییەكان بەڵكو لە سەنتەری شارەكان.