عومەر نورەدینی
یەکێک لە ئەرکە یاساییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بریتییە لە دیاریکردنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان، سەبارەت بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەدەر لە ویست و ئیرادەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چوار جار دواکەوت. جاری یەکەم کە (01-10-2022) دیاریکرابوو بەهۆی ئەوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان تەمەنی یاسایی خۆی درێژکردەوە، دواکەوت و نەکرا. جاری دووەم کە (18-11-2023) دیاریکرابوو، دوای ئەوەبوو دادگەی باڵای فیدراڵی یاسای درێژکردنەوەی خولی پێنجەمی بە نادەستووری دانا و بەمەش سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردن کەوتە لای کۆمیسیۆنی عێراق و ئەویش بەهۆی سەرقاڵبوونی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، داوای دواخستنی کرد. جاری سێیەم کە (25-02-2024) دیاریکرابوو، بەهۆی دەرچوونی بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی سەبارەت بە نادەستووریبوونی ژمارەیەک مادە و بڕگە لە یاسای هەڵبژاردن، دەبوو دوابخرێ، جاری چوارەم کە (10-06-2024) دیاریکرابوو، دیسان نەکرا. بۆ ئەم دواکەوتنەش کۆمەڵێک هۆکار هەبوون، لەسەروویانەوە دەرچوونی بڕیاری وەلائی لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵی سەبارەت بە راگرتنی رێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بەهۆی بوونی سکاڵا و داوای یاسایی کە لەلایەن بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە پێشکەشکرابوو لەسەر پەیڕەوی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان سەبارەت بە بازنەکانی هەڵبژاردن و دابەشکردنی کورسییەکان، ئەمەش کاریگەری لەسەر خشتەی زەمەنی هەڵبژاردن کرد، سەرەنجام وەک ئاشکرایە بە مەرسوومی سەرۆکی هەرێم وادەیەکی نوێ دیاریکراوە کە (20-10-2024)ـە. ئومێدەوارین هەموولایەک پابەندبن پێوەی و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت، تاوەکو ئەوڕادەیەی پەیوەندی بە سەرۆکی هەرێمەوە هەبێ، لەم دواخستنەیاندا بەڕێزیان دوو بژاردەی سەرەکی لەبەردەست بوو:
یەکەم: پێداگری لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی دەستنیشانکراوی پێشوو واتا لە (10-06-2024). بە حوکمی زۆر هۆکار ئەم بژاردەیە هەڵبژاردنی دەکردە وێستگەیەک بۆ سەرهەڵدانی قەیرانێکی سیاسی گێژاوئاسا، بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زۆر لاوە بووە جێگەی تێبینی و سەرنج، بە شێوەیەک لێکەوتەکانی بڕیارەکە ژینگەی سیاسیی هەرێمی وا گرژ و شلوێ کرد کە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەک ساز و گونجاو نەبێ، بەڵکو بارگاوی بێت بە کۆمەڵێک مەترسی، کار بەوە گەیشت پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەکانی پێکهاتەکان بە ئاشکرا کارتی بایکۆتی هەڵبژاردن نیشان بدەن، سەرەکیترین تێبینی و سەرنجەکان بریتی بوون لە بێسەروشوێنبوون و گومبوونی چارەنووسی کورسیی کۆتاکان، کێشەی تەکنیکی وەک نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر و ئەگەری بێبەشبوونی سەدان هەزار هاووڵاتی لە مافی دەستوری و یاسایی دەنگدان، لەمانەش زیاتر بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی دەسەڵاتی دادوەریی هەرێمی بێبەشکرد لە مافی پێکهێنانی دەستەی دادوەریی تایبەت بە تانەگرتن و سکاڵا لەسەر هەڵبژاردن و پرسەکەی دایە دەست دەسەڵاتی دادوەریی فیدراڵی. ئەمە لەکاتێکدا هەڵبژاردنەکە بۆ هەرێمی کوردستانە! لە رەوشێکی ئاوادا و لەگەڵ بوونی ئەم تێبینی و سەرنجە لۆجیکی و یاسایی و واقیعیانە، بێشک ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵ، هەرێمی کوردستانی دەخستە ناو تەنگژەیەکی سیاسیی دژوارەوە. ئالێرەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان وەک نوێنەری باڵای گەلی هەرێمی کوردستان و پارێزەری قەوارە سیاسی و دەستوورییەکەی دەبوو لێکدانەوەیەکی ورد بۆ ئەو ئاڵنگاری و پێشهات و هەڕەشە و مەترسییانە بکات کە لەدوای دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن سەریان هەڵدا و پێکەوە رووبەڕووی پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەبوونەوە، هیچ شکی تێدا نەبوو کە بایۆتکردنی حیزبێکی سیاسیی خاوەن سەنگ و دەنگی وەک پارتی کە حیزبی سەرەکیی دامەزرێنەر و پارێزەری قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستانە، هەروەها بەشدارنەبوونی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردن و نەبوونیان لە ناو پەرلەمان، هەڵبژاردن و پەرلەمانیان لە مانای دروست و هێزی کاریگەرنوێنی خۆیان بەتاڵ دەکردەوە و هەرێمیان دەخستە سەر رێڕەوی گلۆربوونەوە بەرەو چاڵی ناسەقامگیریی سیاسی و پەرش و بڵاوبوونێکی دیکەی نەخوازراو، بۆیە ئاسایی و یاسایی و حەکیمانەیە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێگە بگرێ لەوەی هەرێم نەخزێتە ناو گێژاوێکی لەم شێوەیە. هەروەها بیر لە بژاردە و رێگەچارەی دیکەی ئەوتۆ بکاتەوە کە نەک کەمترین زیانی هەبێ، بەڵکو وابکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامانجەکانی خۆی لە نوێکردنەوەی شەرعیەت و کامڵکردنی زیاتری سیستمی سیاسی هەرێمی کوردستان وەدی بهێنێ.
بژاردەی دووەم: دواخستنی هەڵبژاردن بۆ ماوەیەکی دیکەی ئەوتۆ کە دەرفەت بخوڵقێنێ بۆ چارەسەری کێشەکان و هەماهەنگی کردنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەسەڵات و لایەنە فیدراڵییەکان، حکومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان و دەسەڵاتی دادوەریی فیدراڵی و دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەی یاسایی سەبارەت بە تەرخانکردنی کورسی بۆ کۆتاکان، ئەم هەوڵانە دران و ئەنجامیان هەبوو، پێداچوونەوەی تێداکرا و بە تەرخانکردنی 5 کورسی بۆ کۆتاکان تاڕادەیەک چارەسەکرا. درێژکردنەوەی ویلایەتی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی هەڵبژاردن کە سەرەتای مانگی حەوت کۆتایی دەهات، ئەمەش چارەسەر کرا و پەرلەمانی عێراق تاوەکو سەرەتای ساڵی تازە وادەکەی درێژکردەوە، پێداچوونەوە بە پێکهاتەی دەستەی دادوەری تایبەت بە تانە و سکاڵاکان ( لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمە جێبەجێکرا)، مسۆگەربوونی مافی دەنگدان بۆ هەموو هاووڵاتییان و بێبەش نەبوونیان بۆ ئەمەش کۆمیسیۆن دەرگەی بۆ خۆتۆمارکردنی بایۆمەتری کردەوە، هەروەها رەخسانی دەرفەت بۆ پەیوەندی و گفتوگۆ لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکان و دڵنیابوون لە بەشداربوونیان.. هتد. ئەم بژاردەیە راستە دواکەوتنی هەڵبژاردنی بۆ چەند مانگێک لێکەوتەوە، بەڵام ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ بژاردەی یەکەم، بەو دەرەنجامە دەگەین کە دواکەوتنەکە دەبێتە هۆی باشتر رەخسانی زەمینەی سیاسی و چاکتر گەڵاڵەبوونی رێکارە یاساییەکان و زاڵبوون بەسەر گرفتە تەکنیکییەکان، هەموو ئەمانەش بەسەر یەکەوە ئەگەری سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی گەل و قەوارەی سیاسی و دەستوری هەرێمی کوردستان دا بێت، مسۆگەرتر دەکات.
هەر لەو روانگەشەوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پرەنسیپەی کە زەرورەت حوکمی خۆی هەیە و بەرژەوەندیی باڵای گەل و نیشتمان دەکەونە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی تر، لەگەڵ بوونی هەندێ هۆکاری دیکە کە پێشتر باسمان کردن، سەرەنجام سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسوومی بۆ دیاریکردنی وادەیەکی نوێ دەرکرد، لێرەدا جێگەی خۆیەتی ئاماژە بە روانگە و دۆکترینی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەبارەت بە دواکەوتنی پرسی هەڵبژاردن بدەین. ئەو باوەڕی وایە کە بەشێکی زۆر لە کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و لەناویاندا دواکەوتنی هەموو جارەی هەڵبژاردنی پەرلەمان، دەگەڕێتەوە بۆئەوەی ئێمە دەستوورمان نییە، ئەگەر وەک هەرێمی کوردستان دەستووری خۆمان هەبایە ناچاری دواخستنی هەڵبژاردن و تووشی ململانێی تاقەتپڕووکێن لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن نەدەبووین، بۆیە گرنگ و پێویستە لە داهاتوودا دەرکردنی دەستوور یەکێک بێ لە ئامانجە باڵا و هاوبەشەکانی هەموو حیزب ولایەنە سیاسییەکان.