ئینستتیوتی پەی "راپۆرتی خانەنشينى ناياسایی" لەسەر پەرلەمانی کوردستان بڵاو کردەوە.
راپۆرتی ژمارە ١٦ی پرۆژەی چاودێری پەرلەمان سەبارەت بە خانەنشینی نایاسایی ئەو پەرلەمانتارانەیە کە لەدوای ٢٠٢٢/١١/٦ سوێندی یاساییان خواردووە و موچەیان وەرگرتووە و داواکارییان پێشکەشکردووە بۆ خانەنشینکردنیان.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: خانەنشینبوونی ئەو پێنج پەرلەمانتارەی لە خولی پێنجەمدا دوای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان دەستبەکار بوون، داوای خانەنشینکردنیان کردووە، و بە نا یاسایی لەقەڵەم دراوە.
راپۆرتەکە بەناونیشانی " خانەنشینی نا یاسایی " دا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو پێنج پەرلەمانتارە لە ماوەی کارکردنیان کەمتر لە نۆ خولەک لە پەرلەمان قسەیان کردووە و ١٧٢ ملیۆن دیناریان وەرگرتووە.
راپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە ئەو پەرلەمانتارانە لە دوای درێژکردنەوەی وادەی یاسایی پەرلەمان لە ٦/١١/٢٠٢٤ دەستبەکار بوون، کە بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بە "نایاسایی" هەژمار دەکرێن.
دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان لە ٧/١٠/٢٠٢٣ بە نایاسایی تەمەنی خۆی درێژكردەوەو هەڵبژاردنی دواخست، لەبەرامبەردا لەئەنجامی سكالا لەلایەن دادگای فیدرالیەوە لە رۆژی ٣٠/٥/٢٠٢٣ ئەم هەنگاوەی پەرلەمانی كوردستانی بە نادەستوری ناوزەد كرد و رایگەیاند كە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لە رۆژی ٦/١١/٢٠٢٢ ەوە كۆتای هاتووەو، رایگەیاند كە هەموو ئەو یاساو بڕیاریارانەی لە دوای ٦/١١/٢٠٢٢ ەوە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووبێت بەهەڵوەشاوە و نادەستوری هەژمار دەكرێت و حكومەتی هەرێمی بە حكومەتێكی كاربەڕێكەر ناوبرد.
بەپێی ئەم بڕیارەی دادگای فیدرالی هەموو ئەو كەسانەی لەدوای ئەم رێكەوتەوە لەشوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوەكان كراون بە ئەندامی پەرلەمان، بە نایاسایی دادەنرێن و ناكرێت وەك ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان هەژمار بكرێن و هەر ئیمتیازاتێكیشیان وەرگرتبێت نایاساییەو لێیان دەسەنرێتەوە. كە ئەمانەن:
یهكهم: سۆز عبدالقادر عبدالرحمن: لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاكێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان (شایان كاكە ساڵح) لە رۆژی ٣٠ی ١١ی ٢٠٢٢ لە پەرلەمان سوێندی خوارد.
دووهم: دلێر عبدالخالق حاجی: لەسەر فراكسیۆنی گۆڕان لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاكێشاوەی بزوتنەوەی گۆڕان (عەلی حەمە سالح) لە رۆژی ١٥ی ٣ی ٢٠٢٣ لە پەرلەمان سوێندی خوارد.
سێیهم: بێریوان فەقێ ئیسماعیل: لەسەر فراكسیۆنی یەكگرتو لە شوێنی ئەندامی دەستلەكاكێشاوە (هلز ئەحمەد محەمەد) لە رۆژی ١٥ی ٣ی ٢٠٢٣ لە پەرلەمان سوێندی خوارد، لەكاتێكدا یەكگرتوی ئیسلامی بڕیاری دەستلەكار كێشانەوەی فراكسیۆنەكەیان لە پەرلەمان دابو، بەڵام ناوبراو پەیوەست نەبو بە بڕیاری حزبەكەیەوەو سور بو لەسەر ئەوەی بچێتە پەرلەمان، لەسەر ئەوە یەكگرتوی ئیسلامی بڕیاری دور خستنەوەی ناوبراویاندا لە حزبەكەیان.
چوارهم: عەبدوڵا حەسەن حەمەد: لەسەر فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە شوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوە یەكگرتو (ئیسماعیل عەلی تەها) لە رۆژی ١٥ی ٣ی ٢٠٢٣ لە پەرلەمان سوێندی خوارد.
پێنجهم: لەیلا عەلی عەبدولعەزیز: لەسەر فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە شوێنی ئەندامە دەستلەكاركێشاوەی یەكگرتو (سەرچنار ئەحمەد مەحمود) لە رۆژی ١٥ی ٣ی ٢٠٢٣ لە پەرلەمان سوێندی خوارد.
جگە لەوەی لەو ماوەیەدا ئەو کەسانە مووچەیان وەرگرتووە و نەیانگەڕاندووەتەوە، داوای خانەنشینیشیان کردووە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "دەبووایە مووچەکانیان بۆ گەنجینەی گشتی بگێڕنەوە، بەڵام هیچ پەرلەمانتارێك مووچەكەی نەگێڕایەوە، بەوانەشەوە كە ئێستا لیستیان دروستكردووە".
ئەو پێنج پەرلەمانتارە بەپێی راپۆرتەکە یەكێكیان تەنیا پێنج مانگ، چوارەكەی دیکەشیان تەنیا دوو مانگ و ١٥ رۆژ لە پەرلەمان دەوامیان كردووە.
یەكێكیان بەشداری پێنج كۆبوونەوە و ئەوانەی دیکە بەشداری تەنیا سێ كۆبوونەوەیان كردووە، هیچ كامیان هیچ پرۆژەیاسایەكیان واژۆ نەكردووە، بەشداری هیچ كۆبوونەوەیەكی لیژنەكانیان نەكردووە، تەنانەت بە هەر پێنجیان لەو ماوەیەی لە پەرلەمان بوون تەنیا ٨ خولەک و ٤٥ چركە لە دانیشتنەكاندا قسەیان كردووە، هەروەها لە بەرامبەردا پێکەوە ١٧٢ ملیۆن دینار مووچەیان وەرگرتووە.
دەقی راپۆرتەکە بە زمانی کوردی pdf