7roj.jpg

ئينيستتیوتى پەی: چاكتر وایە هەوڵبدرێت دەرچەیەكی سیاسی و یاسایی بدۆزرێتەوە

Apr 3, 2024  |   هەواڵەکانی پەی 

٧ڕۆژ

ئينيستتیوتى پەی رایگەیاند، بە گوێرەی یاسا ئەهەر هەڕەشە لەسەر دامودەزگا دەستورییەکان دروست بێت سەرۆکی هەرێم بەرپرسە لە چارەسەرکردنی، لە ئێستاشدا دۆخی سیاسی هەرێم بە لێوارێکی مەترسیداردا دەڕوات، بۆیە ئەرکی سەرۆکی هەرێم مامەڵە لەگەڵ تاکە بە تاکەی روداوەکان بکات و رێگر بێت لەوەی هەڵبژاردن دوابخرێت یان ئەنجام نەدرێت.

ئينيستتیوتى پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان نامەیەکی ئاڕستەی سەرۆکایەتی هەرێم کردوە و تێیدا هاتوە، بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش نوێنەرایەتیی هەرێم دەكەن و بە ناویەوە دەدوێن، ئەركی سەرۆکی هەرێمە هەماهەنگی لە نێوان دەســـەڵاتە فیدرالیەكان و دەســــەڵاتەكانی هەرێمدا بكەن، بە پێی هەمان یاسا كاتێک هەرێمی كوردستان و سیستەمە سیاسییەكەی، یان ئاسایشی گشتی، یان دامودەزگا دەستورییەكانی بكەونە مەترسییەوە و هەڕەشە لە بونیان بكرێت، سەرۆکی هەرێم بەرپرسە لە پاراستنیان.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە هەمان كاتدا مولزەمیشن بەوەی هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیاندا بكرێن و زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانیان بڕەخسێنرێت، لە ئێستاشدا پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی هەستیار و مەترسیداردا گوزەر دەكات، ئەم دۆخەی خولقاوە لەبنەڕەتدا وەك پیلان بە هەماهەنگی و ژێر بەژێری دەوڵەتە هەرێمییەكان و بە ئاگاداری عیراق بەرێوە دەچێت بۆ گێڕانەوەی هەرێمی كوردستان بۆ چوارگۆشەی سفر، كە ناكرێت ئەو راستیەش فەرامۆش بكرێت.

لە نامەکەی ئينيستتیوتى پەی ئەوەشخراوەتەڕو، خودی هێزە سیاسییە خۆماڵیەكان (بەتایبەتی پارتی و یەكێتی) رێگەخۆشکەر و هۆكاری سەرەكین، چونكە كارتی بیانویان بەدەستەوە داوە، ئەگەر پێشتر یەكێتی بیانوی جیاجیای هەبو بێت بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان، ئەوەتا ئێستا پارتی بە بیانوی جۆراوجۆرەوە راستەوخۆ بایكۆتی كردوە، ئەم سیاسەتەش هەرێم دەخاتە بەردەم ترازان و تێكچونی پەیوەندییەكان، تا ئەگەری پێكدادان و توندوتیژی و دەستێخستنی زیاتری عیراق و دەوڵەتە هەرێمیەكان لە ناوخۆی هەرێم.

باسلەوەشکراوە، بەردەوام بونی ئەم رەوشە دەبێتە مایەی ئەوەی چارەنوسی حكومەتی هەرێم خۆی لە كەرتبوندا ببینێتەوە، لەوەش خراپتر دوای ئەم قۆناغە ئەگەری هەمواركردنەوەی دەستور لەعیراقدا دەبێتە دیفاكتۆ، ئەو كاتەش كورد توانای رێگریكردنی نابێت و پەشیمانی داد نادات، بەمەش شتێك بەناوی كیانی سیاسی یەكگرتو لەباشوری كوردستاندا نامێنێ.

ئينيستتیوتى پەی بە نێچیرڤان بارزانی دەڵێت، بۆ دەرباز بون لەو دۆخە ترسناكە، ئەركی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە دەسەڵاتی خۆی بەكار بهێنێت و بەرپرسیارێتی لەبەرچاو بگرێت، بە سیاسەتێكی ژیرانەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ یەكە یەكەی روداو و لایەنەكاندا بكەن، بە جۆرێك نە قەوارەی هەرێم زیانمەند بێت و ئەزمونەكە بكەوێتە بەردەم هەڕەشەوە، نە هەڵبژاردنیش بكەوێتە تونێلێكی داخراوەوە.

لە نامەکەدا رونکراوەتەوە، پێویستە زەمینەیەكی لەبار بۆ هاوڵاتیان و لایەنە سیاسیەكان بڕەخسێنرێت بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن، تا هەم خەڵكی بەشداری بكەن و متمانەیان پێی هەبێت، هەم لایەنە سیاسیەكانیش دوای هەڵبژاردنەكە ئەنجامەكانی قبوڵ بكەن، نەك كێشەی لێ بكەوێتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ناكرێت بانگەشەی دیموكراسیەتبكەن، كەچی هیچكام لە هەڵبژاردنەكان لە ساتی خۆیاندا ئەنجامنەدرێن و هەمیشە دوابخرێن، هەر جارەی بە بیانو و هۆكارێك، هەرجارەی لایەنێك بۆ سەپاندنی مەرجەكانی خۆی، پەكی پرۆسەكە بخات و هەرێم بخرێتە بۆشایی یاساییەوە، چونكە لە غیابی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاكاندا، غیابی یاسا دێتەكایەوە، دامەزراوەكانی تریش پەكیان دەكەوێت و هەرێم زیانمەند دەبێت.
ئەوەشخراوەتەڕو، بۆیە دەبێت ئەو دامەزراوانە كارا بكرێنەوە، جگە لەوەی هەرێم پێویستی بە شەرعیەتە، پێویستیشی بەو دامەزراوانە هەیە، جگە لەوەی هەڵبژاردن پێویستیەكی دیموكراسیە، دەستەبەری پاراستنی قەوارەكەشە، چونكە بە هەڵبژاردن جارێكی تر دامەزراوەكان نوێ دەبنەوە و دەستبەكار دەكەنەوە، بۆیە ئەگەر هەر هەنگاوێك دەگیرێتەبەر دەبێت لەپێناو دەستەبەری ئەمجارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردندا بێت.

لە نامەکەی ئينيستتیوتى پەی کە ئاڕاستەی سەرۆکی هەرێم کراوە هاتوە، ئەگەر ئەم رەوشەی دەگوزەرێت بەردەوامبێت، تەواوی پرۆسەی سیاسی لە هەرێم و هاوڵاتیانی روبەڕوی تەنگژەیەكی تر دەبنەوە، بەرەو تونێڵێك دەربردرێن كە كۆتاییەكەی نەك هەر ڕون نیە، بەڵكو مەترسیداریشە، دور نیە هەرێمی كوردستان بكەوێتە قەیرانێكی ترەوە كە چارەسەركردنی ئەستەم بێت.

باس لەوەشکراوە، لەبەر ئەوە چاكتر وایە هەوڵبدرێت دەرچەیەكی سیاسی و یاسایی بدۆزرێتەوە و هەرێم و خەڵكەكەی لەو تەنگژە پڕ مەترسیە دەرباز بكرێن، بەجۆرێك كەمترین زیانی لێ بكەوێتەوە.

لینكی هەواڵ:

https://7roj.com/archives/16780