بڵند دلێر شاوەیس
هەرێمی کوردستان وەک ئەزمونێکی نوێی حوکمڕانی و دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەژمار دەکرا، بەشێوەیەک ببوە جێی سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەئەگەری سەرکەوتنی ئەم ئەزمونەدا ڕەنگە بیرۆکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و دووبارە داڕشتنەوەی نەخشەکەی و دروستکردنی دەوڵەتان بۆ نەتەوە و پێکهاتەکانی ناوچەکە بکەوتایەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەسەر ئاستی هەرێمایەتیش ڕۆڵی دەگێڕا لە ئاشتەوایی نێوان بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان و دەوڵەتانی تورکیا و ئێران و سوریا، هەرێمی کوردستان وەک سەرچاوەی ئارامی و زەروڕەتێک بۆ ڕاگرتنی باڵانسی هێز لەناوچەکەدا دەبینرا.
لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقیشەوە هەرێمی کوردستان حوکمڕانی تەواوی خاکی باشوری کوردستانی دەکرد بە کەرکوکیشەوە، کورد کۆکەرەوەی لایەنە ناکۆکەکانی عێراق بوو،
تەنانەت بڕیاری سیاسی عێراق لە هەولێرەوە دەدرا نەک بەغدا، تا ئەو ڕادەیەی هەولێر تێبینی لەسەر هەر سەرۆک وەزیرانێکی عیراق هەبوایە دەگۆڕدرا.
هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ڕێژەیی خاوەنی حکومەتێکی یەکگرتوو بوو، سەرەڕای تێبینیەکان خاوەنی ئابوریەکی بەهێزبوو و پەیوەندیەکی دروست بەدی دەکرا لە نێوان هاوڵاتی و دەسەڵات و پرسی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕین و میدیا بەرەو پێشچونی بەرچاوی بەخۆیەوەدی..هتد، بەشێوەیەکی گشتی گەشەسەندنی ئابوری و خزمەتگوزاریەکانی بواری پەروەردە و تەندروستی و بازرگانی لە ئاستێکدابوو بیر لەسەر بەخۆیی دەکرایەوە.
بەداخەوە دۆخەکە بەشێوەیەک پاشەکشێی کردوە و گۆڕاوە ئێستا باس لە هەڵوەشانەوە و کۆتایی ئەم قەوارەیە دەکرێت، لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی و هەرێمایەتی بە مەترسی بۆ سەر جێگیربوونی سیاسی ئەژمار دەکرێت و لەسەر ئاستی ناوخۆش نەک هەر هاوڵاتیان لایەنە سیاسیەکانی ناو پرۆسەی حوکمڕانیش لە هەرێمی کوردستان پەنا دەبەنە بەر دەم دەسەڵاتە فیدراڵیەکان بۆ پاراستنی مافە دەستوریەکانیان.
لێرەدا پێویستە بپرسین بۆ هەرێمی کوردستان گەیشت بەم دۆخە ؟، سەرکردایەتی سیاسی کورد لە چیدا هەڵەی کردوە تا بگات بەم ڕۆژە؟.
بێگومان هۆکارەکان زۆرن گرنگترینیان:
١- بڕیاری سیاسی هەڵە.
٢- گەندەڵی.
٣- متمانە کردن و هێنانە پێشەوەی کەسانێکی بەرژەوەند خواز و مشەخۆر.
٤- گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی لەژێر پەردەی یەک حکومەتدا.
٥- یەکنەگرتنەەی هێزی پێشمەرگە و نەبوونی سوپایەکی نیشتمانی یەکگرتوو.
٦- شکست و لاوازی دامەزراوەکانی یاسادانان و دادوەری.
٧- لاوازی و ناکارایی دامەزراوەکانی چاودێری و بەدواداچون و لێپرسینەوە.
٨- یاسای نەوت و گاز.
٩- یاسای وەبەرهێنان.
١٠- یاسای چاکسازی.
١١- بەتایبەتکردن و زیادکردنی پارەی بەشێکی خزمەتگوزایەکانی کەرتەکانی شارەوانی و کارەبا و ئاو و دادنوس و...هتد،بە پێچەوانەی دەستور و یاسا بەرکارەکان.
١٢- زیادکردنی باج و رسومات پێچەوانەی دەستور و یاسا بەرکارەکان.
١٣- بەهەدەردانی موڵک و ماڵی گشتی و سپی کردنەوەی پارە و زیان گەیاندن بە زەوی کشتوکاڵی و دەستبەسەرداگرتنی داهاتی خاڵە گومرگیەکان و قاچاخچێتی لە کەرتی نەوتدا.
١٤- قەرزاربوونی هەرێم بە زیاتر لە (٣٥)ملیار دۆلار.
١٥- پاشەکشەی دیموکراسی
هەموو ئەم گرفتانە بەتایبەتی ناکارایی دامەزراوەکانی حکومەت و داواکاری گشتی و لاوازی پەرلەمانی کوردستان و دەسەڵاتی دادوەری کاریگەری بەرچاویان گێڕا لەسەر نەمانی متمانەی هاوڵاتی بە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێم، تا ئەو ڕادەیەی هاوڵاتیانی کوردستان هانا بەرن بۆ دادگای باڵای ئیتیحادی و دەسەڵاتە فیدڕاڵیەکان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان و موچەخۆری هەرێم متمانەی بە حکومەتی فیدراڵ بێت موچەی پێ بدات نەک حکومەتی هەرێم، دواجار نەمانی ئینتیما بۆ نیشتمان.