komsion-hawall.jpg

کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى راگەیاند

Sep 14, 2024  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەم هەفتەیە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات.

بڕیارە لە ١٨-١٠ـی ئەمساڵ دەنگدانی تایبەت و لە ٢٠-١٠-٢٠٢٤، دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەبچێت.

ئەمڕۆ شەممە ١٤-٩-٢٠٢٤، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت ناوەڕاستى ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ پەسندکردنی کاندیدەکانى پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوە.

وتیشى، دوای پەسندکردنی ناوی پاڵێوراوان، رۆژێک دواتر بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێدەکات.

هەروەها بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، دوو ملیۆن و ٨٩٩ هەزار و ٥٧٨ کەس مافی دەنگدانیان هەیە کە دوو ملیۆن و ٦٨٣ هەزار و ٦١٨ دەنگدەری گشتی و ٢١٥ هەزار و ٩٦٠ـیان دەنگدەری تایبەتن.

بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان ١٣ حزبى سیاسى و دوو هاوپەیمانى بەشداری دەکەن لە هەڵبژاردنی پەرلەمان کوردستاندا، بە ئامانجی بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسییەکەی پەرلەمانی کوردستان.