ebukarwan.jpg

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی

Feb 27, 2024  |   بیروڕا 

ئەبوکاروان 

٢٠٢٤/٢/٢٧
دوای بڕیارەکەی  دادگای فیدراڵی 
ئەم شین و واویلایەتان لەچی؟ 

 

دوای یازدە جەلسە ،  دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی لەمەڕ یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان داو ،بە پێی ئەم  بریارە یەك بازنەیی ڕەتكرایەوەو ھەرێمی كوردستانی كرایە چوار بازنەی ھەڵبژاردن ، ھاوكات لیستی کۆتاکانی هەڵوەشاندەوە، ئەگەرچی ئەم بڕیارە وەک هەرپڕۆژەو بڕیارێک لایەنی ئەرێنی و نەرێنی هەیە بەڵام نابێ ئەوەمان لە بیرچێ کە دەرهاوێشتەی ئەم بریارە ئەو دۆخە سیاسیە ئاڵۆزەی عێراقە و بەدەرنیە لەو کێشمەکێش و ململانێیانەی کە لەتابڵۆی سیاسی ناوچەکە و عێراقدا دەگوزرێ ،  ئەم بریارە حیزبەكان و خەڵكی كوردستانی کردە دووبەشەوە ، كە ھەربەشێكیان بە ئاراستەیەك گوزارشتی لێدەکەن ، هەرچەندە تەفسیرات و گوزارشت لە ھەر بریارو ڕاسپاردەیەك ناچێتە خانەی حەقیقەتەوە تا ئەو کاتەی کاریگەری دەرئەنجام دەبینرێ ، بۆیە من لای خۆمەوە بەدەر لەکاریگەری هەلومەرجی سیاسی و ئابوری عێراق و فاکتەری دەرەکی ، تەنھا دەسەڵاتی شکستخواردوی كوردستان و پارتی و یەکێتی بە بەر پرس دەزانم لە ئاست ئەو ڕووداوانە كە لەچەند خاڵێكدا كۆیاندەكەمەوە :- 
١- دونیا ھاتە دەنگ لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا  بەڵام پارتی و یەكێتی وەك یەك تیم پێكەوە ڕێككەوتن و چەند جارێك دوایان خست
٢- تەمەنی كۆمسیونی باڵای ھەڵبژاردن و ڕاپرسی كۆتاییھات  بەڵام بەهۆی ناکۆکی و ململانێی پارتی و یەکێتی یاساكە ھەمووار نەکرایەوە بەوەش شەرعیەتی كۆمسیونەكەیان لەدەست دا
٣- لەم پرسەدا یەکێتی نیشتمانی کە لایەنێكی كوردستانی شەریكە لەحوكمڕانی سكاڵای كردوو دەرگای دادگای بەرنەدا تا دەرچواندنی بڕیارەکە
٤- دادگای فیدراڵی شەرعیەتی لە دەست دابوو ، بەڵام پارتی و یەكێتی وەك برا ڕێككەوتن لەگەل لایەنە شیعەو سونەکان و دادگای فیدراڵیان  كاراكردەوەو ھەر یەكەشیان پشكی خۆیان وەرگرت ، كەواتە هەرئەو دادگایەی ئەم بریارانەی دەركردوە  کە ئەمانە هاوبەشن لە پێکهاتەکەیدا . 
بۆیە خەڵكی كوردستان سەرەڕای قوربانی و قبوڵکردنی دەیان قەیران و هەژاری و بێ مووچەی و بێکاری ، واخەریکە جارێکی تر دەکرێتە سوتەمەنی ، لە کاتێکدا هیچ تاوانێکی نیە ئەمانە بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان شەڕدەكەن ،  ڕێكدەكەون ، یاخود بەھەڵە  لە سەر یاسای بودجە ڕێكدەكەون و چەپڵەڕێزانی بۆ دەكەن كە ئەنجامەكەیشی لەبەرژەوەندی كوردستان نابێ، دادگای فیدراڵی ئەكتیڤ دەكەنەوەو دواتریش دەڵێن (دادگای سەورەی بەعسە) و ئەمە لە بەرژەوەندی خەڵک و هاوڵاتیانی کوردستان نیە  
بەکورتی و بەکوردی ئەمانە سەریان لە خۆیان و کۆمەڵگا و سیاسەت شێواندوە و نازانن بەھۆشیاری و بابەتیانە حوكمڕانی و سیاسەت بكەن ، ئەوەتا دەبینین بوونەتە داشی دامەی نەیاران و یاری بە قەوارەی هەرێمەوە دەکەن ، ھەروەھا کۆمەڵگایان كردوەتە قورابانی بەرژەوەندیە حیزبییەكانیانەوە کە خەریکە سەری خۆیان و ئەزمونەکەشمان دەخوات .