د.خامۆش عومەر عەبدوڵا
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، مشتومڕێکی زۆر دروست بووە لە بارەی پۆستەکانی پارێزگای کەرکوک، ئەوەش سەرچاوەکەی بۆ ھەندێک ڕەھەندی یاسایی و سیاسی دەگەڕێتەوە.
لێروە دەمەوێت شیکردنەوەیەکی کورتی یاسایی بخەمە ڕوو، بەپشت بەستن بە دەقەکانی دەستور و یاسا و بڕیارەکانی دادگای باڵای ئیتحادی، بۆ ئەوەی جۆرێک لەبەرچاوڕونیمان ھەبێت لەبارەی ئەو پرسە.
-یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاو قەزاو ناحیەکانی ژمارە (٣٦)ی ساڵی ٢٠٠٨، لە بڕگە یەکەمی ماددە (٢٣)ی ئاماژەی بە دابەشکردنی دەسەڵاتی ئیداری و ئەمنی و وەزیفەی گشتی کردووە، لەنێویشیاندا پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگار و جێگری پارێزگار، بەڕێژەی یەکسان لەنێوان پێکھاتە سەرەکیەکان، ئەو پێکھاتەشی کە زۆرینەیە لە ئەنجومەنی پارێزگا سەرپشک دەکرێت لە ھەڵبژاردنی یەکێک لە سێ پۆستە باڵاکە (پارێزگار، جێگری پارێزگار، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا).
بەڵام دادگای باڵای ئیتحادی بە بڕیاری ژمارە (٢٤/اتحادیە/اعلام/٢٠١٣)، ئەو بڕگەیەی یاساکەی بە نادەستوری لەقەڵەمدا، بەو پێیەی ناکۆکە لەگەڵ دەقی ماددەکانی (١٤و ١٦)ی دەستور، کە جەخت لەسەر پرەنسیپی یەکسانی و دەرفەتی یەکسان دەکاتەوە.
-دواتر یاسای ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکانی ژمارە (١٢)ی ساڵی ٢٠١٨، ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە ئەنجومەنی پارێزگای ھەڵبژێردراو میکانێزمێک دیاری بکات بۆ دابەشکردنی پۆستە باڵاکان.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، ھیچ ڕێوشوێنێکی ئیداری و یاسایی لەبارەی ئایندەی کەرکوک لێناکەوێتەوە.
-ھەمواری سێیەمی یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکانی ژمارە (١٢)ی ساڵی ٢٠١٨، جگە لە جەخت کردنەوە لەوەی کە ئەنجامی ھەڵبژاردن کاریگەری نابێت لەسەر دۆخی یاسایی و ئیداری ئایندەی کەرکوک، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە "دابەشکردنی دەسەڵات بە نوێنەرایەتیەکی دادپەروەرانە دەبێت، کە گەرەنتی بەشداری پێکھاتەکانی پارێزگا بکات، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن".
پرسیارەکە لێرەدایە، ئایا دابەشکردنی پۆستەکان، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن پێچەوانەی بنەماکانی دەستور نیە؟
دادگای باڵای ئیتحادی لەچەندین بڕیاریدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ھەڵبژاردن بنەمای سەرەکی ڕەوایەتی دەسەڵاتە، بەبێ ھەڵبژاردن دەسەڵات چەتری ڕەوایەتی لەدەست دەدات.
بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن ئەوکاتە دروست دەبوو، ئەگەر ھەر لەسەرەتاوە تەواوی کورسیەکانی ئەو پارێزگایە بەسەر نەتەوەکان دابەشبکرایە، ھەر نەتەوەیەک ژمارەیەک کورسی بۆ دیاری بکرایە، دەنگدەرانی ئەو نەتەوەیە دەنگیان بۆ بدایە، لەوحاڵەتەش دەچووینە نێو جۆرێک لە نێو سیستەمی "دیموکراتیەتی تەوافقی"، ئەو جۆرە سیستەمە لە دوای ساڵی ٢٠٠٩ ەوە، لە عێراق کاری پێناکرێت، چونکە دەستوری ساڵی ٢٠٠٥، کارکردنی بەو سیستەمە تەنھا بۆ یەک خول دیاریکردبوو.
لێرەدا گرنگە تێڕواننی دادگای باڵای ئیتحادی بزانین لە بارەی دابەشکردنی پۆستەکان، لە ڕاستیدا ئاڕاستەی دادگای باڵای ئیتحادی بەم جۆرەیە، کە دابەشکاری لەسەربنەمای نەتەوەیی، ئاینی، تایفی، ...ڕەت دەکاتەوە، ھەربۆیەشە بە ڕوونی لە بڕیاری ژمارە (٨٩/اتحادیە/٢٠١٩) "موحاسەسەی سیاسی" بە پێچەوانەی دەستور لەقەڵەم داوە، چونکە ناکۆکە لەگەڵ ماددە (١٤)ی دەستور کە جەخت لەسەر پرەنسیپی یەکسانی دەکاتەوە,
لەوانەی سەرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە گرفت لە یاساکە ھەیە، بەتایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە لەبەرچاونەگرتنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، و دابەشکاری پۆستەکان بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن.