10.jpg

لە راپۆرتێكدا ئەدای ئەندامانی كورد لە پەرلەمانی عێراق هەڵدەسەنگێندرا

Sep 24, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

بە ئامادەبوونی بەشێك لە راوێژكارانی پەرلەمانی كوردستان و ئەکادیمیان و چالاكوان و نوێنەرانی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و میدكاندا، روانگەی پەرلەمانی عێراقی لە دامەزراوەی مەدارك بۆ توێژینەوەی میكانزمەكانی لوتكەی هزری، بەهاوبەشی لەگەڵ ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان چاودێری كارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە گشتی و نوێنەرانی پارێزگای هەولێر بەتایبەتی بڵاوكردەوە.

رۆژی شەممە 23/9/2023  كاتژمێر (10:30) سەر لە بە‌یانی لە شاری هەولێر لە هۆڵی هۆتێل ڤان رۆیاڵ ڕوانگەی پەرلەمانی عێراقی لە دامەزراوەی مەدارك بۆ توێژینەوەی میكانزمەكانی لوتكەی هزری، بەهاوبەشی لەگەڵ ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، ڕاپۆرتی وەرزی یەكەم لە ساڵی یاسادانانی دووهەم لە نێوان 14/1/2023 تا 11/6/2023 سەبارەت بە كارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە گشتی و نوێنەرانی پارێزگای هەولێر بەتایبەتی بڵاو كردەوە.

لەسەرەتادا (د. سەروەر عەبدولڕەحمان عومەر) سەرۆكی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان وتەەیكی پێشكەش بە ئامادەبوان كرد و وتی: ئینستتیوتی پەی بۆ ماوەی (10) ساڵە چاودێری كارەكانی پەرلەمانی كوردستان دەكات، لەماوەی دامەزراندنیشدا (27) راپۆرتی بڵاوكردۆتەوە و دەیان كۆنفرانس و دیداری ئەنجام داوە، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی دەیان یادداشت و بەیاننامە.

لەبەشێكی تری وتەكەیدا وتی: کاری پەرلەمانی لە كوردستان رۆژ لەدوای رۆژ لەپاشەكشە دایە و خولی لەدوای خولیش بەرەو لاوازی دەڕوات، لە خولی چوارەمدا رێگری لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان كراوە بۆ ئەوەی بچنە ناو تەلاری پەرلەمان، هەروەها بە نایاسایی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكراوەتەوە و دەیان پێشێلكاری ئەنجام دراوە، لە خولی پێنجەمیشدا هەمان پێشێلکارییە یاسایی و پەیرەوییەکان بەردەوام بوون تا كار گەشتە ئەوەی بەبڕیاری دادگای فیدراڵی پەرلەمانی كوردستان كارەكانی بوەستێنرێت و درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بە نایاسایی دابنرێت.

سەرۆكی ئینستتیوتی پەی مەترسییەكانی خستەڕوو، بەتایبەتی كە لە ئێستادا بۆشایی یاسایی هەیە و هەرێمی كوردستان بێ‌ پەرلەمانە و كەس نییە چاودێڕی حكومەت بكات، حكومەتیش بووە بە حكومەتی كاربەڕێكەر و ماوەی (3) مانگە مووچە دابەشنەكراوە و قەیرانی دارایی هەیە و لەبەشێكی هەرێمی كوردستان بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن كراوە و بەشێك لە فەرمانگەكان دەوامیا وەستاندووە، كەچی تاكو ئێستاكە ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان مووچە وەردەگرن و ئیكرامیەیان بۆ كراوە و خانوو و شوقەكانیشیان لێوەرنەگیراوەتەوە.

سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان روانگەی پەرلەمانی عێراقی لە دامەزراوەی مەدارك بۆ توێژینەوەی میكانزمەكانی لوتكەی هزری لەگەڵ ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان وتی: دامەزراوەی مەدارك رێكخراوەێكی گرنگ و چالاكە لەبواری چاودێریكردنی پەرلەمانی عێراق كاردەكات و تاكو ئێستاكە چەندین راپۆرتیان بڵاوكردۆتەوە و كاریگەریی گەورەیان درووست كردەوە، بەهۆی لێكچوونی كارەكانیشمان ئەوانە لە عێراق و ئێمەش لە هەرێمی كوردستا یادداشتێكی لێكتێگەیشتنمان واژۆ كردووە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هاوكاری تەواوی یەكتری بین.

دواتریش بەڕێز (د. سەعدون محسن) سەرۆكی دامەزراوەی مەدارك بۆ توێژینەوەی میكانزمەكانی لوتكەی هزری وتەیەكی پێشكەش كرد، لە سەرەتای وتەكەدا بەخێرهاتنی ئامادەبوانی كرد و تیشك خستە سەركارەكانی رێكخراوەكە لە ئەركی چاودێریكردنی پەرلەمانی عێراقە و تاكو ئێستاكە دەیان راپۆرتیان بڵاوكردۆتەوە.

خۆشحاڵی خۆشی دەربڕی بەئامادەبونی مێوانان و كەناڵەكانی راگەیاندن و وتی سوپاسی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان بۆ هاوكاریكردنیان بۆ بە ئەنجام گەیاندنی بڵاوكردنەوەی ئەم راپۆرتە، هیواشی خواست كە ئو یادداشتەی لە نێوان دامەزراوەی مەدارك و ئینستتیوتی پەی واژۆكراوە، ببێتە پردێك بۆ ئەوەی لە داهاتوودا لەگەڵ رێكخراوی تریشدا كاری هاوبەش بە ئەنجام بگەینین.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد دامەزراوەی مەدارك بۆ توێژینەوەی میكانزمەكانی لوتكەی هزری، لە چەندین بەش پێكهاتووە، چاودێریكردنی پەرلەمانی عێراق بەشێكە لەناو ئەم دامەزراوەیە، كە (د. مەزهەر ساعدی) سەرپەرشتیاری دەكات و راپۆرتی وەرزی ئامادە دەكەین، جگە لەمەش راپۆرتێكی دیكە لەسەر ئەدای ئەندامانی شارێك ئامادە دەكەین و لەهەمان شاردا بڵاوی دەكەینەوە.

لە كۆتایشدا بە كورتی ماڵپەری روانگەی پەرلەمانی عێراقی لە دامەزراوەی مەدارك بۆ توێژینەوەی میكانزمەكانی لوتكەی هزری بۆ ئامادەبوان رونكردەوە، كە سەرجەم راپۆرت و هەواڵی چالاكی پەرلەمانی عێراقی لە خۆ گرتووە و رۆژانە بەبەردەوامی هەواڵ و چالاكییەكان نوێدەكرێنەوە.

دوابەدوای وتەكانی سەرۆكی دامەزاروەی مەدارك، لەلایەن (د. مەزهەر ساعدی) سەرپەرشتیاری چاودێریكردنی كارەكانی پەرلەمانی عێراق راپۆرتەكە بۆ ئامادەبوان خرایە روو و لەلایەن (م. میران حسێن) كرایە كوردی.

لەسەرەتادا وتی: ئەم ڕاپۆرتە ڕاپۆرتی پێنجەمە لە زنجیرە ڕاپۆرتەكانی تیمی ڕوانگەی پەرلەمانی عێراقی كە تایبەتە بە چاودێری و تۆماركردنی كارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەم، كە تەواوكارە بۆ كارەكانی تیمی ڕوانگەكە، چونكە ڕاپۆرتەكانی پێشووی (وەرزی – ساڵانە) ڕوماڵی ماوەی سازكردنی دانیشتنەكانی كردووە لە دانیشتنی یەكەمەوە لە رێككەوتی 9/1/2023 تا 10/12/2022، ئەم ڕاپۆرتە كارەكانی ئەنجومەن كە لە میانی (31) دانیشتن ڕووماڵ دەكات لە نێوان 14/1/2023 تا 11/6/2023، لەدانیشتنی یەكەمەوە كە لەرێككەوتی 14/1/2023 تا دانیشتنی (31) كە لە رێككەوتی 11/6/2023 سازكراوە.

تیمی كاری ڕوانگە تەنها ئەو زانیارانە تۆماركردووە، كە بەڵگەی فەرمی لەسەر هەیە هاوشێوەی ڕاپۆرتەكانی خولەكانی ڕابردوو، بەمەبەستی خۆپارێزیكردن لە هەرجیاكاریەكی بێ مەبەست بەتایبەتی لە چالاكی ئەندامان لەدەرەوەی ئەنجومەن ئەنجامدراوە، یان ئەوەی لە كۆبونەوەی لیژنەكانی ئەنجامدراوە كە نهێنی بووە، بەپێ بەندی (114) پەیڕەوی ناوخۆ واتە ئێمە زانیاریمان نییە سەبارەت بە ژمارەی چەند كاتژمێر لیژنەكان كاریان كردووە، ئەو كارانەی كە ئەنجامی دەدەن وەكو میواندارێتی و گفتۆگۆكان لەگەڵ كەسانی پسپۆر لەكاتی كۆبونەوەكان بەهۆی بڵاونەكردنەوەی پڕۆتۆكۆلەكان، بەڵام دانیشتنە ئاساییەكان كە بەرنامەی كار و پرۆتۆكۆلەكان و گفتوگۆ و ڕەتكردنەوەی پەرلەمانتارەكان لەكاتی بەڕێوەچونی دانیشتنەكان بڵاودەكرێتەوە، سەرەڕای ئەوەش كاری لیژنەكانمان فەرامۆش نەكردووە، بەڵام تەنها جەختمان كردۆتە سەر كاری لیژنەكان كە بەڵگەی فەرمی هەبێت وەكو ژمارەی كۆبونەوەكان یان یاساكان كە تاوتووێ كردووە،  تیمی كاری ڕوانگە سورە لەسەر بێلایەنی دەرئەجامەكانی و وردی لە كارەكانی لە ڕێگای پشت بەستن بە بەرنامەیەكی تایبەت بە تۆماركردنی زانیارییەكان كە بەشێوەیەكی تایبەت بە چاودێری كردنی كارەكانی ئەنجومەن دیزاین كراوە بەمەبەستی خۆبەدوورگرتن لە هەر هەڵەیەك كە لەكاتی تۆماركردنی دەستی یان لەكاتی گواستنەوەی داتاكان و ئامادەكردنی نەخشەی داتاكان ڕووبدات، لەهەندێك بڕگەكانی ڕاپۆرت پێوانەی ئاستی كاری كەڵەكەبووی تیادایە كە بەپێ زانیاری و داتاكان بەردەستی تیمی ڕوانگە كەوتووە بەمەبەستی پێوانەكردنی ورد و دەرخستنی جیاوازی لە ئاستی كارەكانی لە نێوان مانگەكان و وەرزەكان.. جگە لە ساڵانی یاسادانانی لەخولی هەڵبژاردنی ئێستا و چوار خولی ڕابردوو، ڕاپۆرتەكە پشت بە تۆماركردن و چاودێریكردنی ئاستی كارەكانی ئەنجومەنی نوێنەران دەبەستێت، كە بەندی (61) لەدەستور ئەو مافەی دابین كردووە، جگە لە ئەركەكانی كە یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و فەرمانگەكانی ژمارە (13) لە ساڵی 2018 و پەیڕەوی ناوخۆیی دیاركراوە و كاری لیژنە هەمیشەییەكان بەپێ پسپۆرێتیان و ڕۆڵییان لە جێبەجێكردنی پێشنیاری پرۆژە یاساكان و ناردنی بۆ دەستەی سەرۆكایەتی.

وتیشی: تیمی ڕوانگەی لە تۆماركردنی زانیاریەكان بۆ سیستمی داتا تایبەتەكانی پشت بە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق دەبەستێت، چاودێرانی ڕوانگەی پەرلەمانی عێراق كە ڕێگایان پێدراوە بچنە دانیشتنەكانی ئەنجومەن و لەلایەن دامەزراوەی مەداركەوە ڕاهێنانیان پێكراوە.

سەبارەت بە چاودێری تایبەتی و سەرپێچیەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتی: هیچ دانیشتنێكی پەرلەمان لە وادەی خۆیدا سازنەكراوە وەكو ئەوەی لە بەرنامەی كاردا ئاماژەی پێكراوە لەسەرەتای دەستپێكردنی ئەم خولە تا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە، هەروەها لە هیچ دانیشتنێكدا تەواوی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون لەسەرەتای دەستپێكردنی ئەم خولە تا ئێستا و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق (14) پرۆتۆكۆلی بڵاونەكردۆتەوە تا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە، ئەمەش پێچەوانەی بەندی (29)ی برگەی دووهەم لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنە، كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات سەرجەم پرۆتۆكۆلەكان بڵاودەكرێنەوە لەو كەناڵانە كە دەستەی سەرۆكایەتی پێیان وایە گونجاوە، هەروەها دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بەردەوام بووە لە پێشێلكردنی بەندی دەیەم لە یاسای ئەنجومەنی نوێنەران و فەرمانگەكانی كە بڕگەی دووهەم لەو بڕگە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات (سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی لەسەرجەم دانیشتنەكان و كۆبونەوەی لیژنەكان كە ئەندامن تیایدا دەبێت ئامادەبن تیایدا و نابێ ئامادە نەبن تەنها ئەگەر پاساوێكی ڕەوایان هەبێت كە سەرۆكی ئەنجومەن پەسەندی دەكات سەبارەت بە دانیشتنەكان و سەرۆكی لیژنەكە سەبارەت بە كۆبونەوەی لیژنەكان و بڕێك لە موچەكەی دەبڕدرێت لە كاتی ئامادەنەبوون لە ڕێژەیەكی دیاریكراو كە ئەنجومەن دیاریدەكات لەسەر پێشنیاری سەرۆك و هەردوو جێگرەكەی.

بۆ كاری لیژنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش وتی: بەپێی بەندی (74) لە پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی نوێنەران پێویستە لەماوەی دە ڕۆژدا پاش پێكهێنانی سەرۆكی و جێگری سەرۆك و جێگری دووهەم لیژنەكان هەڵدەبژێردرێن بەزۆرینەی دەنگی ڕەهای كۆی ئەندامانی لیژنە، تیمی ڕوانگەی پەرلەمانی تێبینی ئەوەی كردووە ژمارەیەك لیژنە بێ سەرۆك و بێ جێگری یەكەم و دووهەمن تا ڕۆژی (18/4/2023)، كە ئەوانیش لیژنەكانی (ڕۆشنبیری و گەشتیاری و ئاسەوار، لاوان و وەرزش، كۆچ و كۆچبەران و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتیی، ئەوقاف و هۆزەكان و شەهیدان و قوربانیان و زیندانی سیاسی)، ئەمە جگە لەوەی چەند لیژ1نەیەك هیچ كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام نەداوە، بەڵان ئەوی ئێمی تێبینیمان كردووە لیژنەی دارایی زۆرترین كۆبونەوەی ئەنجامداوە كە (40) كۆبونەوە بووە، ئەویش بەهۆی سەرقاڵیان بە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بووە، دواتریش لیژنەی یاسایی دێت كە (20) كۆبونەوەی ئەنجامداوە، دواتر لیژنەی هەرێمەكان و پارێزگاكان (13) كۆبونەوەی ئەنجامداوە و هەریەك لە لیژنەكانی (دەستپاكی، كارەبا، وزە و پەروەردە) شەش كۆبونەوەیان ئەنجامداوە، ژمارەی كۆبونەوەكان كەم دەبنەوە تا دەگاتە ئەوەی چەند لیژنەیەك هیچ كۆبونەوەی ئەنجام نەداوە.

بەشی دووەمی بڵاوكردنەوەی راپۆرتەكەیان تایبەت بوو بە كارەكانی نوێنەرانی پارێزگای هەولێر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ماوەی نێوان 14/1/2023 تا 11/6/2023، سەبارەت بەم راپۆرتەش وتی: راپۆرتەكە بەدواداچوونە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن لە پارێزگای هەولێر لە میانی خولی هەڵبژاردنی پێنجەم، لە دەستپێكردنی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن بۆ ژمارەی كاندیدەكان لە بازنەكان و ژمارەی دەنگەكان كە بەدەستیان هێناوە و ئەنجامە كۆتاییەكان كە لە لایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانەوە ڕاگەیاندرا، وتیشی تیمی ڕوانگە زانیاری تایبەتی هەموو بازنەیەك و هەموو كاندیدەكان لە پارێزگای هەولێر و جۆری خۆكاندیكردنیان (تاك- پارت- هاوپەیمانی) و ژمارەی دەنگ كە پارتەكان و هاوپەیمانێتیەكان و كاندیدە تاكەكان كە بەدەستیان هێناوە و بەهای یەك كورسی لەهەموو بازنەكان و بەهای یەك بازنە لەسەر ئاستی پارێزگا، دابەش بوونی نوێنەرانی پارێزگای هەولێر بەسەر لیژنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی و بەشداریان لە گفتوگۆكردن لەكاتی دانیشتنە ئاشكراكان كرد.

سەبارەت بە ئەنجامەكانی پارێزگای هەولێر وتی: پارێزگاكە لەكاتی ئەنجامدانی هەڵبژارجن دابەش كرابوو بۆ چوار بازنە، كە ژمارەی كاندیدەكان لەم بازنەیە (52) كەس بوو و كیبڕكیان دەكرد لەسەر (16) كورسی ئەنجومەنی نوێنەران و كۆی دەنگی كاندیدەكان لەو پارێزگایە (467,187) دەنگیان بەدەستهێناوە و كۆی دەنگی كاندیدە سەركەوتووەكان (346,635)دەنگ بوو، كە لە كۆێ دەنگی ئەنجامی كاندیدەكان دەركەوتووە كە بەهای یەك كورسی لە پارێزگای هەولێر (29,199) دەنگ بووە.

لە مەراسیمەكەدا باس لە دابەشبوونی نوێنەرانی پارێزگای هەولێر بەسەر لیژنەكانی پەرلەمان كرا، كە دابەش بوونە بەسەر هەریەك لە لیژنەكانی (پەیوەندییەكانی دەرەوە، ئەوقاف و هۆزەكان، خزمەتگوزاری و ئاوادانكردنەوە، خوێندنی باڵا و  ڕۆشنبیری و گەشتیاری و ئاسەوار و ڕاگەیاندن، ڕۆشنبیری و گەشتیاری و ئاسەوار و ڕاگەیاندن،  مافی مرۆڤ، كارەبا و وەزە و نەوت و غاز و سامانە سروشتیەكان، هەرێمەكانی و پارێزگاكان، ژن و خێزان و منداڵ، وەبەرهێنان و گەشەپێدان، ئابووری و پیشەسازی و بازرگانی، ئاسایش و بەرگری و یاسایی.

سەبارەت بە ژمارەی قسە كردنی وخاڵی پەیڕەویی نوێنەرانی هەولێر وتی: لە كۆی (16) ئەندامی پەرلەمان یەك ئەندام (6) جار قسەی كردوە، یەك ئەندام (3) جار و دوو ئەندام (2) جار و نۆ ئەندام پەرلەمانیش (1) جار قسەیان كردووە و (3) ئەندام پەرلەمانیش هیچ قسەیەكیان نەكردووە، هەر لە راپۆرتەكەدا بە وردیش شێوازی قسەكیان تۆمار كراوە كە چیان وتوە.


كارەكانی نوێنەرانی پارێزگای هەولێر لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق


كارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق