westajelel.jpg

ئامانجی پەروەردەی زانستی

Jun 17, 2023  |   بیروڕا 

وەستا جەلال

 

لەبەر ئەوەی مرۆڤ لەڕوی ئەقڵیەوە لەگەڵ ئاژەڵ جیاوازی ھەیە، ھەمیشە پێویستی بە پەروەردەکردن ھەیە.دیارە ھەموو بونەوەرەکانی تر پێش بونیان، ماھیەتییان دیار و ڕۆشنە، بەڵام بۆ مرۆڤ وانیە، مرۆڤ لەسەرەتاوە بونی  دیارە، بەلام ماھیەتی دیار نیە، مرۆڤ ئەگەر پەروەردە نەکرێت لەوەیە ببێت بە ھەموو شتێک. بەڵام نەبێت بە مرۆڤ!جان جاک رۆسۆ و ئەمانوئیل کانت، ھەردوکیان پێیان وایە ئامانجی پەروەردە ئازادکردنی مرۆڤە، بەڵام لەسەر خودی پەروەردەی مرۆڤ، ڵێکدانەوەی جیاوازیان ھەیە. ڕۆسۆ پێی وایە مرۆڤ بەچاکی لەدایک دەبێت، بەڵام کۆمەڵگاو سیستەمی کۆمەڵایەتی خراپی دەکات. رۆسۆ داوادەکات منداڵ لەسەر سروشتی خۆی بھێڵدرێتەوەو لە ھەموو گوشارێک دوربخرێتەوە، ھەتا ئامادەییە سروشتییەکانی، کە لە بنەرەتدا چاکەخوازە، بە ئازادانە گەشە بکات. 
دەبینین لەلای کانت ئەو جۆرە تێڕوانینە سەبارەت بە پەروەردی مرۆڤ تەواو پێچەوانەیە، کانت پێی وایە مرۆڤ بەسروشت خراپەخوازە، ھەر لەرۆژی لەدایکبونیەوە ئامادەیی ھەموو چەشنە خراپەکاریەکی ھەیە. بەڵام دەڵیت مرۆڤ تۆوێکی چاکە خوازیشی تێدایە کە شیاوی گەشەپێدانە. کانت بڕوای وایە پەروەردە دەبێت ئەرکی مەیڵە سروشتیەکانی نێو منداڵ بگرێتە ئەستۆ، چونکە مرۆڤ لە بنەڕەتدا خراپەخوازە.
ئامانجی سەرەکی پەروەردی زانستی، ئازاد کردنی مرۆڤە لە کۆتوبەندی دواکەوتوانەی بیروباوەڕی غەیرە ئەقڵی و واقعی، بۆ ئەوەی مرۆڤ بتوانێت لە سروشتی گەردون و واقعیەتی دەوروبەری خۆی تێبگات و ببێت بە خاوەنی ئەقڵ، زانست و واقعیەت. جا لە رێگای ئەقڵ، زانست و واقعیەتەوە بگات بە ئازادی، ئەخلاق و بەرپرسیارەتی، تاکو لە نەزانی، کۆیڵەیەتی، ترس و خورافە ڕزگاری بێت. دیارە بەشێک لە دایک و باوکان، مامۆستا، زانستکار و بەرپرسانی حکومی لە ھەرێمی کوردستان، باوەڕیان بە زانست، ئەقڵ و واقعیەت ھەیە. بەلام باوەڕیان بە ئازادی، ئەخلاق، دادپەروەری وبەرپرسیارەتی نیە. لە نێوان ھەڵسوکەوتی کوێرانەی سروشت و مرۆڤی نەزاندا، دیاردەی ئاگایی وشیاری سەرھەڵدەدات. گەورەترین سەروەتی مرۆڤ ئاگایی، وشیاری و ئەقڵە. ھەر ئاگایی و زانیارییەکی مرۆڤ بەگشتی بەشێکە لە زانست، بەڵام زانستی گشتی زانیاری (Knowledge)، لەگەڵ زانستی پیشەسازی و تاکنەلۆژیا جیاوازترە. کاتێک کە باسی زانست (Science)  دەکرێت، ماناو تایبەتمەندی جیاوازتری ھەیە. بەشێک لە زانست لە ڕێگای تاقیکردنەوەو ئەزموونکردنەوە گەیشتۆتە ئەنجامێکی ڕەھایی ، لە ھەلومەرج و کاتی جیاواز بەیەک شێوە دەردەچێت، بۆ نمونە ئاو لەھەر کات و شوێنێکدا تاقی بکەیتەوە، لە سەد پلەی سەدی دەکوڵێت. زانست بە گشتی شەش وەزیفە لەخۆ دەگرێت،  کە پێکھاتون لە بەدەست ھێنانی ئەقڵ،  تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان دیاردەکانی سروشت،  دەرخستنی یاساکانی گەردون،  لێکدانەوە و رۆشنکردنەوەی جیاوازیەکان،  دانانی پێوەرە و  پێناسە کردنی چەمکە گشتییەکان.
زانست لەسەر بنەمایە ئەو پێناسەیە، دیاردەیەکی زەینی فیزیکی مادیە، کە بە شێوەی میتۆدۆلۆژی و میتیۆدی مادی کار دەکات. زانست بە ھیچ شێوەیەک لە دەرەوەی چوارچێوەی زەینی و فیزیکی مادی کاریگەری نابێت. ئەو شتانەی تەجروبەناکرێن و تاقی ناکرێنەوە. یان ئەو بابەتانەی لە ڕێگای بیروباوەڕەوە ناتوانرێت بسەلمێندریێن، نابێتە بابەتی زانستی.
 زانستی پەروەردە لەگەڵ زانستی تەکنەلۆژیا دوو زانستی لێک جیاوازن، زانستی تەکنەلۆژیا زانستێکی ئامانجدارە بۆ بازار، یان بۆ دەرەوەی خۆی، زانستی دوبارەکردنەوەی پەیوەندیەکانی نێوان بەکاربەر و ئامێرەکانە، بەتایبەتی لە سەردەمی تەکنەلۆژیای زیرەکدا، مرۆڤیش بوە بە بەشێک لە ئامێرەکان، ئامێرەکان بونەتە ھۆی دیاریکردنی پەیوەندی و جۆری بیرکردنەوەی مرۆڤەکان.
زانستی پەروەردە زانستی بیرکردنەوەیە بۆ خود، تاکو مرۆڤ بیرنەکاتەوە ناتوانێت ئازادبێت و بگەڕێتەوە بۆ خودی خۆی. مرۆڤ پێش ئەوەی زانستیانە بیری کردبێتەوە، ئاگایی، وشیاری پەیداکردوە، لە ڕابردودا مرۆڤ ھیچ ئاگایی وزانیاریەکی دەربارەی سودو زیانەکانی خواردن و خواردنەوە. یان مەسەڵەی تەندورستی...‌ھتد نەبوە، ھەرکەسێک ھەوڵیدابێت بابەتێکی زانستی یان بۆچونەکانی خۆی سەڵماندبێت، دەبوو لە ڕێگای کردەییەوە بیسەلماندبایە، بەڵام لە دنیای ئەمڕۆدا قبوڵکردن یان ڕەتکردنەوەی ھەر بۆچون و بابەتێکی زانستی پەیوەندی بە ئەنجامدانی کاری عەمەڵی کەسەکەوە نیە، بۆنمونە لەوەیە پزیشکێکی ددان بە نەخۆشەکانی بڵیت، دەبێت ھەموو ڕۆژێک پێش خەوتن ددانەکانتان پاک بکەنەوە، بەڵام پزیشکەکە بۆخۆی ساڵی جارێک ددانی پاک نەکاتەوە. پابەند نەبونی پزیشک بە زانستی تەندورستی و عەمەڵی نەکردنەوەی نەزەرەکانی خۆی، بە ھیچ شێوەیەک مانای ئەوەنیە زانستی تەندورستی ھەڵەیە.لە زانستی پەروەردە لەبەر ئەوەی زانستی بیرکردنەوەیە، بیروباوەر لەگەڵ کردار دەبێت یەکێک بێت، لە زانستی تەندورستیدا، دەکرێت پزیشکێکی دڵ ڕێنمایەکانی زانستی تەندورستی بە عەمەڵی جێبەجێ نەکات، جگەرە بکێشێت، وەرزش نەکات، چەوری زۆر بخوات، شەو درەنگ بخەوێت. بەڵام لە زانستی پەروەردەدا ناکرێت کەسێک وەکو ئەو پزیشکە رەفتاری لەگەڵ بیروباوەڕی لێک جیاواز بێت. لەبەر ئەوەی منداڵ سەیری ڕەفتاری دایک وباوک دەکات. کاتێک کە باوکێکی توڕەو شەڕانی، دەیەوێت لە بەرامبەر مندالەکەی خۆی ئارام و خۆشحاڵە نیشان بدات، منداڵەکەی باش دەزانێت باوکی درۆی لەگەڵ دەکات، دەزانێت باوکی کەسێکی توڕە، شلەژاو نیگەرانە. ئەگەر دایک و باوک دەیانەوێت تۆیی، ئازادی، سەربەخۆیی، دادپەروەری، میھرەبانی و خۆشەویستی لەناخی مندالەکەیان بڕوێنن، دەبێت بە عەمەڵی راستگۆیی، میھرەبانی خۆیان بە مندالەکەیان نیشان بدەن.
     
 بەداخەوە لە کۆمەڵگەی نەریتیدا لە جیاتی ئەوەی سیستەمی پەروەردەی خێزان، فێرکردن و ڕاھێنان، لەسەر بنەمای زانست، ئەقڵ و واقعیەت، دابڕێژرێت، لەسەر بنەمای ھەست، ھۆش، خەیاڵ. ئیحساس و لێکدانەوەی خۆیان بۆ جیھان و دەوروبەریان دادەڕێژن.
 لە زۆربەی ولاتانی دونیا بەتایبەتی لە ولاتانی دواکەوتو کەڵک لە تازەترین زانستی پیشەسازی و تاکنەلۆژیای سەردەم وەردەگرن. بەڵام سیستەمی پەروەردەو بیرکردنەوەیان سیستەمێکی دواکەوتوانەیە. لەم جۆرە ولاتانەدا تاکو ئێستاکە سیستەمی پەروەردەی خیزان، فێرکردن و ڕاھێنان لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیای سیاسی، ئاینی، نەریتی و فەرھەنگی بەڕێوەدەچێت.
 ھیچ کۆمەڵگەیەک بەبێ گۆرینی سیستەمی پەروەردەی نەریتی، یانی بەبێ گۆرینی سیستەمی دادگا، کۆمەڵایەتی، ئەخلاقی، یاسا، خێزان، ئابوری، سیاسی و فەلسەف، ناتوانێت لە ڕێگای گەشەی ئابوری، ئامێری تازە، تیکنەڵۆژیایی نوێ، دورستکردنی شار، شەقام، زانکۆ ،قوتابخانەی تازە و مامۆستای لێھاتو، ناتوانرێت کۆمەڵگایەکی ئازاد، دادپەروەر، بەرابەر، بە ئەخلاق، بەرپرس، یەکسان، میھرەبان دامەزرێنێت.


 ئەگەر سیستەمی پەروەردەی خێزان، خوێندن و فێرکردنی ھەر کۆمەڵگایەک نەتوانێت، مرۆڤ فێری بیرکردنەوە، ئازادی، دادپەروەری، سەربەخۆیی، بەرابەری، ئەخلاق و بەرپرسیارەتی بکات، ئەو کۆمەڵگایە ھەر بەکۆیلەی و چەوساوەیی دەمێنتەوە.