7roj.jpg

ئینستتیوتی پەی: دەبێت پەرلەمان ئەو یاسایانەی دەریکردون بەسەر خۆیاندا جێبەجێی بکەن

Jun 26, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان ڕایگەیاند، سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیوەستبونی خۆیان بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە دەربڕیوە، سەبارەت بە نادەستوریبونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، دەشڵێت، رێگە دروستەکە ئەوەیە یاسای چاکسازی بەسەر پەرلەمانتارانی خولی پێنجدا جێبەجێ بکرێت، موچەکانیان بەپێی یاسای چاکسازی ئەژمار بکرێت، چونکە ئەگەر پەرلەمانێک خۆی ئامادەنەبێت ئەو یاسایانەی دەریکردون بەسەر خۆیدا جێبەجێیان بکات، ئەی چۆن چاوەڕێی ئەوە دەکات خەڵکی جێبەجێیان بکەن.

ئەمڕۆ ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دوابەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بە نادەستوریبونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، یادداشتێکمان ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرجەم فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتی هەرێم و نەتەوەیەکگرتوەکان لە هەرێم کرد، کە ناوەڕۆکی یادداشتەکە بریتی بو لە چۆنیەتی پابەند بون بە بڕیارەکەی دادگاو یاسای چاکسازی و هەنگاوە پێویستەکان کە دەبو بنرێن.

ئاماژەی بەوەشکردوە، بەپێی بەدواداچونەکانیان، ئەو راستیەیان بۆ ئاشکرا بوە کە هەرسێ سەرۆکایەتیەکە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیوەستبونی خۆیان بە بڕیارەکەوە دەربڕیوە سەبارەت بە نادەستوریبونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان.

لەراگەیەندراوەکەدا هاتوە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەر دوای دەرچونی بڕیارەکە، لەلایەن راوێژکارەکانییەوە لێدوان درا کە ئەم خولەی پەرلەمان لەرووی یاساییەوە کۆتایی هاتوە، و ئەنجومەنی وەزیرانیش بەپێی یاسا و پەیرەو بۆی هەبو پڕۆژە یاسا بنێرێتە پەرلەمان، پرسیار وەڵام بداتەوە و وەزیر بنێرێتە لیژنەکان، بەڵام لەراستیدا هەمو ئەم پڕۆسانەی راگرتوە، نەک هەر ئەمە بەڵکو بەپێی رێککەوتنی حزبەکان بڕیاربو هەندێک ئاڵوگۆڕ لە وەزیرەکاندا بکرێت، کە رێککەوتنی سیاسی لەسەر کرابو و بە فەرمی لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران خرابوە بەر باس، بەڵام ئەمەشیان راگیرا، چونکە پێیان وایە ئەم خولەی پەرلەمان لە روی یاساییەوە بونی نەماوە، کەواتە حکومەتیش ناراستەوخۆ دانی بە بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵیدا ناوە، هەر بۆیەش بەم شێوەیە هەڵسوکەوت لەگەڵ پەرلەماندا دەکات”.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان دەڵێت، پەرلەمانی کوردستان ٢٨ رۆژە هیچکام لەو ئەرکانەی بەپێی یاساو پەیڕەو بۆی دیاریکراون ئەنجامی نەداون، دانیشتنەکان کۆتاییان هاتوە، کۆبونەوەی لیژنەکان وەستاون، هیچ بەدواداچونێکی بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن نەکردوە، هیچ پرسیار و لێپرسینەوەیەک نەکراوە، هیچ شاندێک روی لە پەرلەمان نەکردووە و هیچ شاندێکی پەرلەمانیش سەردانی هیچ شوێنێکی کردوە، هیچ نوسراوێکیش لە پەرلەمانەوە بەمەبەستی بەدواداچونی کاروباری هاوڵاتیان نەکراوە، لە پال هەمو ئەمانەشدا مالپەڕە فەرمیەکەشی ماوەی مانگێکە بێ هەواڵ و چالاکییە، کەواتە خودی پەرلەمانیش ناڕاستەوخۆ دانی بە بڕیارەکەدا ناوە”.

ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییش، کە هەمیشە باس لە چاکسازی دەکەن، لەکاتێکدا بەهۆی نەبونی بودجەوە ئێستا کە کۆتایی مانگی شەشە هێشتا موچەی مانگی پێنجیان دابەش نەکردوە، کەچی لە هەنگاوی یەکەمیاندا بە نایاسایی نەسریە و مینحەی فراکسیۆنەکان و دەستەی سەرۆکایەتیان خەرج کرد و لە هەنگاوی دوەمیشدا موچە و ئیمتیازاتەکانی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمیان وەک خۆی خستوەتەوە خشتەی موچەوە کە ئەمەش پێشێلێکی تری یاسا بەرکارەکانە.

رونیکردوەتەوە، بۆ ئەوەی بە هەمو لایەک بگەینە ئەو ئەنجامەی کە لەم بارودۆخە ئابورییە سەختەدا، پێویستە خاڵێک دابنرێت بۆ رێگریکردن لەگەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، کە رێگە دروستەکە ئەوەیە یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠ـی چاکسازی بەسەر پەرلەمانتارانی خولی پێنجدا جێبەجێ بکرێت، لە ٦ـی ١١ـی ٢٠٢٢ کە بەهۆی درێژکردنەوەی تەمەنییەوە پەرلەمان یاساییبونی خۆی لەدەستداوە، لەوساتەوە موچەکانیان بەپێی یاسای چاکسازی ئەژمار بکرێت، چونکە ئەگەر پەرلەمانێک خۆی ئامادەنەبێت ئەو یاسایانەی دەریکردون بەسەر خۆیدا جێبەجێیان بکات، ئەی چۆن چاوەڕێی ئەوەدەکات خەڵکی جێبەجێیان بکەن.

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

http://7roj.com/archives/12897