Awena.jpg

ئینستتیوتی پەی: په‌رله‌مان‌و حكومه‌تی‌ هه‌رێم ناڕاستەوخۆ دانیان بەبڕیارەکه‌ی‌ دادگای‌ فیدراڵیدا ناوە

Jun 26, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان ده‌ڵێت، "پەرلەمانی کوردستان 28 رۆژە هیچکام لەو ئەرکانەی بەپێی یاساو پەیڕەو بۆی دیاریکراون ئەنجامی نەداون، دانیشتنەکان کۆتاییانهاتوە، کۆبونەوەی لیژنەکان وەستاون، هیچ بەدواداچونێکی بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن نەکردوە، هیچ پرسیارو لێپرسینەوەیەک نەکراوە، کەواتە خودی پەرلەمانیش ناڕاستەوخۆ دانی بەبڕیارەکه‌ی‌ دادگای‌ فیدراڵیدا ناوە".

ئاوێنه‌: سەبارەت به‌بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگای‌ فیدراڵی‌‌ تایبه‌ت بەنادەستوریبونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی‌ كوردستان، ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان ئەمڕۆ یەکشەممە لەراگەیەندراوێکدا ئاماژه‌ بۆ هه‌ڵوێستی‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی‌ هه‌رێم ده‌كات‌و ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ڕو كه‌ "پەرلەمانی کوردستان 28 رۆژە هیچکام لەو ئەرکانەی بەپێی یاساو پەیڕەو بۆی دیاریکراون ئەنجامی نەداون، دانیشتنەکان کۆتاییان هاتوە، کۆبونەوەی لیژنەکان وەستاون، هیچ بەدواداچونێکی بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن نەکردوە، هیچ پرسیار و لێپرسینەوەیەک نەکراوە، هیچ شاندێک روی لە پەرلەمان نەکردووە و هیچ شاندێکی پەرلەمانیش سەردانی هیچ شوێنێکی کردوە، هیچ نوسراوێکیش لە پەرلەمانەوە بەمەبەستی بەدواداچونی کاروباری هاوڵاتیان نەکراوە، لە پال هەمو ئەمانەشدا مالپەڕە فەرمیەکەشی ماوەی مانگێکە بێ هەواڵ و چالاکییە، کەواتە خودی پەرلەمانیش ناڕاستەوخۆ دانی بە بڕیارەکەدا ناوە".

لەراگەیەندراوەکەدا هاتوە، "سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەر دوای دەرچونی بڕیارەکە، لەلایەن راوێژکارەکانییەوە لێدوان درا کە ئەم خولەی پەرلەمان لەرووی یاساییەوە کۆتایی هاتوە، هەروەها شاندێکی تایبەتی سەرۆکایەتی هەرێم لە 8ی 6ی 2023 سەردانی دادگای فیدڕاڵی و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقی کرد بەمەبەستی تێگەیشتن لە چۆنیەتی بڕیارەکە و تەفسیرکردنی و رێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، دوابەدوای ئەوەش شاندێکی دادگەی فیدڕاڵی و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق بە ئامادەبونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هەمان مەبەست سەردانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیان کرد، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە رێگەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە وەک هەولێک بۆ تێگەیشتنی بڕیارەکەی دادگا و جێبەجێکردنی لە هەرێمی کوردستان".

ئەوەشخراوەتەڕو، "ئەنجومەنی وەزیران بەپێی یاسا و پەیرەو بۆی هەبو پڕۆژە یاسا بنێرێتە پەرلەمان، پرسیار وەڵام بداتەوە و وەزیر بنێرێتە لیژنەکان، بەڵام لەراستیدا هەمو ئەم پڕۆسانەی راگرتوە، نەک هەر ئەمە بەڵکو بەپێی رێککەوتنی حزبەکان بڕیاربو هەندێک ئاڵوگۆڕ لە وەزیرەکاندا بکرێت، کە رێککەوتنی سیاسی لەسەر کرابو و بە فەرمی لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران خرابوە بەر باس، بەڵام ئەمەشیان راگیرا، چونکە پێیان وایە ئەم خولەی پەرلەمان لە روی یاساییەوە بونی نەماوە، کەواتە حکومەتیش ناراستەوخۆ دانی بە بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵیدا ناوە، هەر بۆیەش بەم شێوەیە هەڵسوکەوت لەگەڵ پەرلەماندا دەکات".

ئینستتیوتی پەی ده‌ڵێت، "ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییش، کە هەمیشە باس لە چاکسازی دەکەن، لەکاتێکدا بەهۆی نەبونی بودجەوە ئێستا کە کۆتایی مانگی شەشە هێشتا موچەی مانگی پێنجیان دابەش نەکردوە، کەچی لە هەنگاوی یەکەمیاندا بە نایاسایی نەسریە و مینحەی فراکسیۆنەکان و دەستەی سەرۆکایەتیان خەرج کرد و لە هەنگاوی دوەمیشدا موچە و ئیمتیازاتەکانی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمیان وەک خۆی خستوەتەوە خشتەی موچەوە کە ئەمەش پێشێلێکی تری یاسا بەرکارەکانە".

هەروەها دەڵێت، "بۆ ئەوەی بە هەمو لایەک بگەینە ئەو ئەنجامەی کە لەم بارودۆخە ئابورییە سەختەدا، پێویستە خاڵێک دابنرێت بۆ رێگریکردن لەگەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، کە رێگە دروستەکە ئەوەیە یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020ی چاکسازی بەسەر پەرلەمانتارانی خولی پێنجدا جێبەجێ بکرێت، لە 6ی 11ی 2022 کە بەهۆی درێژکردنەوەی تەمەنییەوە پەرلەمان یاساییبونی خۆی لەدەستداوە، لەوساتەوە موچەکانیان بەپێی یاسای چاکسازی ئەژمار بکرێت، چونکە ئەگەر پەرلەمانێک خۆی ئامادەنەبێت ئەو یاسایانەی دەریکردون بەسەر خۆیدا جێبەجێیان بکات، ئەی چۆن چاوەڕێی ئەوەدەکات خەڵکی جێبەجێیان بکەن!".

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://www.awene.com/detail?article=90943&fbclid=IwAR0u3GMnLv9mYtVoO8Gc1EfvHpoLMotgoYzRpQZmVi-HotOE2DR1FWUETn0