Xenda.jpg

ئینستتیوتی پەی: رێگە دروستەکە ئەوەیە یاسای چاکسازی بەسەر پەرلەمانتارانی ئەم خولەدا جێبەجێ بکرێت

Jun 26, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

خەندان-

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان رایگەیاند، سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیوەستبونی خۆیان بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراقەوە دەربڕیوە سەبارەت بە نادەستوریبونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، دەشڵێت، "رێگە دروستەکە ئەوەیە یاسای چاکسازی بەسەر پەرلەمانتارانی خولی پێنجدا جێبەجێ بکرێت، لە 6ی 11ی 2022 موچەکانیان بەپێی یاسای چاکسازی ئەژمار بکرێت، چونکە ئەگەر پەرلەمانێک خۆی ئامادەنەبێت ئەو یاسایانەی دەریکردون بەسەر خۆیدا جێبەجێیان بکات، ئەی چۆن چاوەڕێی ئەوەدەکات خەڵکی جێبەجێیان بکەن!".

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان ئەمڕۆ یەکشەممە لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، رایگەیاند، "دوابەدوای بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵی سەبارەت بە نادەستوریبونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، یادداشتێکمان ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد و وێنەیەکیشی بۆ هەریەک لە سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی و دەستەی دەسپاکی و داواکاری گشتی و دیوانی چاودێری دارایی و نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان لە هەرێمدا ناردبو، کە ناوەڕۆکی یادداشتەکە بریتی بو لە چۆنیەتی پابەند بون بە بڕیارەکەی دادگەو یاسای چاکسازی و هەنگاوە پێویستەکان کە دەبو بنرێن".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "لە ئێستاشدا بەپێی بەدواداچونمان، ئەو راستیەمان بۆ ئاشکرا بوە کە هەرسێ سەرۆکایەتیەکە (ضمنیا) بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پەیوەستبونی خۆیان بە بڕیارەکەوە دەربڕیوە سەبارەت بە نادەستوریبونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان".

لەراگەیەندراوەکەدا هاتوە، "سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان هەر دوای دەرچونی بڕیارەکە، لەلایەن راوێژکارەکانییەوە لێدوان درا کە ئەم خولەی پەرلەمان لەرووی یاساییەوە کۆتایی هاتوە، هەروەها شاندێکی تایبەتی سەرۆکایەتی هەرێم لە 8ی 6ی 2023 سەردانی دادگای فیدڕاڵی و کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقی کرد بەمەبەستی تێگەیشتن لە چۆنیەتی بڕیارەکە و تەفسیرکردنی و رێکارەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، دوابەدوای ئەوەش شاندێکی دادگەی فیدڕاڵی و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق بە ئامادەبونی نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هەمان مەبەست سەردانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانیان کرد، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە رێگەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە وەک هەولێک بۆ تێگەیشتنی بڕیارەکەی دادگا و جێبەجێکردنی لە هەرێمی کوردستان".

ئەوەشخراوەتەڕو، "ئەنجومەنی وەزیران بەپێی یاسا و پەیرەو بۆی هەبو پڕۆژە یاسا بنێرێتە پەرلەمان، پرسیار وەڵام بداتەوە و وەزیر بنێرێتە لیژنەکان، بەڵام لەراستیدا هەمو ئەم پڕۆسانەی راگرتوە، نەک هەر ئەمە بەڵکو بەپێی رێککەوتنی حزبەکان بڕیاربو هەندێک ئاڵوگۆڕ لە وەزیرەکاندا بکرێت، کە رێککەوتنی سیاسی لەسەر کرابو و بە فەرمی لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران خرابوە بەر باس، بەڵام ئەمەشیان راگیرا، چونکە پێیان وایە ئەم خولەی پەرلەمان لە روی یاساییەوە بونی نەماوە، کەواتە حکومەتیش ناراستەوخۆ دانی بە بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵیدا ناوە، هەر بۆیەش بەم شێوەیە هەڵسوکەوت لەگەڵ پەرلەماندا دەکات".

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان دەڵێت، "پەرلەمانی کوردستان 28 رۆژە هیچکام لەو ئەرکانەی بەپێی یاساو پەیڕەو بۆی دیاریکراون ئەنجامی نەداون، دانیشتنەکان کۆتاییان هاتوە، کۆبونەوەی لیژنەکان وەستاون، هیچ بەدواداچونێکی بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن نەکردوە، هیچ پرسیار و لێپرسینەوەیەک نەکراوە، هیچ شاندێک روی لە پەرلەمان نەکردووە و هیچ شاندێکی پەرلەمانیش سەردانی هیچ شوێنێکی کردوە، هیچ نوسراوێکیش لە پەرلەمانەوە بەمەبەستی بەدواداچونی کاروباری هاوڵاتیان نەکراوە، لە پال هەمو ئەمانەشدا مالپەڕە فەرمیەکەشی ماوەی مانگێکە بێ هەواڵ و چالاکییە، کەواتە خودی پەرلەمانیش ناڕاستەوخۆ دانی بە بڕیارەکەدا ناوە".

ئەوەشی خستوەتەڕو، "ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییش، کە هەمیشە باس لە چاکسازی دەکەن، لەکاتێکدا بەهۆی نەبونی بودجەوە ئێستا کە کۆتایی مانگی شەشە هێشتا موچەی مانگی پێنجیان دابەش نەکردوە، کەچی لە هەنگاوی یەکەمیاندا بە نایاسایی نەسریە و مینحەی فراکسیۆنەکان و دەستەی سەرۆکایەتیان خەرج کرد و لە هەنگاوی دوەمیشدا موچە و ئیمتیازاتەکانی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمیان وەک خۆی خستوەتەوە خشتەی موچەوە کە ئەمەش پێشێلێکی تری یاسا بەرکارەکانە".

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان رونیکردوەتەوە، "لەو پێناوەدا بۆ ئەوەی ناوەرۆکی یادداشتی یەکەممان کە لە 2ی 6ی 2023 ئاڕاستەمان کردبو بچێتە جێبەجێکردنەوە، هەروەها رونتر لە هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بگەین، لە 20ی 6ی 2023 وەک قۆناغی دوەم نوسراوێکی تایبەتمان بە ناوەرۆکی جیاواز، بەپێی ئەرک و دەسەلاتی هەریەکێکیان بۆ: ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی و سەرجەم فراکسیۆنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمان، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری دارایی، دەستەی دەسپاکی و داواکاری گشتی و دیوانی چاودێری دارایی و نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان ناردوە".

هەروەها دەڵێت، "بۆ ئەوەی بە هەمو لایەک بگەینە ئەو ئەنجامەی کە لەم بارودۆخە ئابورییە سەختەدا، پێویستە خاڵێک دابنرێت بۆ رێگریکردن لەگەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، کە رێگە دروستەکە ئەوەیە یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020ی چاکسازی بەسەر پەرلەمانتارانی خولی پێنجدا جێبەجێ بکرێت، لە 6ی 11ی 2022 کە بەهۆی درێژکردنەوەی تەمەنییەوە پەرلەمان یاساییبونی خۆی لەدەستداوە، لەوساتەوە موچەکانیان بەپێی یاسای چاکسازی ئەژمار بکرێت، چونکە ئەگەر پەرلەمانێک خۆی ئامادەنەبێت ئەو یاسایانەی دەریکردون بەسەر خۆیدا جێبەجێیان بکات، ئەی چۆن چاوەڕێی ئەوەدەکات خەڵکی جێبەجێیان بکەن!". 

لینكى هه‌واڵه‌كه‌: 

https://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=166521&babet=1&relat=1024&fbclid=IwAR2enWKUOPa-ZpbLCOVBOzUIyIF12kLfAZj50BEcqc0ntbpggROsCYqP1Gw