Bwar.jpg

بزانە چۆن پەرلەمانتاران مانگانە زیاتر لە هەشت ملیۆن دینار بە نا یاسایی وەردەگرن؟

Jun 26, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

ئینستیتیوتی پەی:
سەرۆكایەتی و ئەندامانی پەرلەمان بە نایاسایی موچەو مینحەو نەسریە وەردەگرن
#بوار
لە راپۆرتێکدا کە لەسەر کاری پەرلەمان بڵاویکردووەتەوە ئینستیتیوتی پەی دەڵێت، پەرلەمانی کوردستان بە ناراستەوخۆ بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ دەکات، دەشڵێت، سەرۆكایەتی و ئەندامانی پەرلەمان بە نایاسایی موچەو مینحەو نەسریە وەردەگرن.
ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان راپۆرتێکی دیکەی لەسەر کاری پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و دەڵێت، دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری نادەستوری بونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی دەرکرد، بەپێی بەدواداچوونمان، ئەو راستیەمان بۆ ئاشكرا بووە کە هەرسێ سەرۆكایەتیەكە بەشێوەیەكی ناراستەوخۆ پەیوەستبوونی خۆیان بە بڕیارەكەوە دەربڕیوە سەبارەت بە نادەستوریبوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان. بە نمونە: سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەر دوای دەرچوونی بڕیارەكە، لەلایەن راوێژكارەكانییەوە لێدوان درا كە ئەم خولەی پەرلەمان لەرووی یاساییەوە كۆتایی هاتووە، هەروەها شاندێكی تایبەتی سەرۆكایەتی هەرێم لە (٨/6/2023) سەردانی دادگای فیدرالی و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراقی كرد بەمەبەستی تێگەیشتن لە چۆنیەتی بڕیارەكە و تەفسیر كردنی و رێكارەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن. دوابەدوای ئەمەش شاندێكی دادگەی فیدرالی و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە ئامادەبوونی نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هەمان مەبەست سەردانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیان كرد. ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە رێگەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە وەک هەولێک بۆ تێگەیشتنی بڕیارەکەی دادگا و جێبەجێکردنی لە هەرێمی کوردستان.
ئینستیتیوتی پەی، دەڵێت، پەرلەمانی كوردستان (28) رۆژە هیچکام لەو ئەركانەی بەپێی یاساو پەیرەو بۆی دیاریكراون ئەنجامی نەداون، دانیشتنەكان كۆتاییان هاتووە، كۆبوونەوەی لیژنەكان وەستاون، هیچ بەدواداچوونێكی بۆ دەسەڵاتی جێبەجێكردن نەكردووە، هیچ پرسیار و لێپرسینەوەیەك نەكراوە، هیچ شاندێك رووی لە پەرلەمان نەكردووە و هیچ شاندێكی پەرلەمانیش سەردانی هیچ شوێنێكی نەكردووە، هیچ نوسراوێكیش لە پەرلەمانەوە بەمەبەستی بەدواداچوونی كاروباری هاوڵاتیان نەكراوە. لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا مالپەڕە فەرمیەكەشی ماوەی مانگێكە بێ هەوال و چالاكییە. كەواتە خودی پەرلەمانیش ناراستەوخۆ دانی بە بڕیارەكەدا ناوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لەو پێناوەدا بۆ ئەوەی ناوەرۆكی یادداشتی یەكەممان كە لە (2/6/2023) ئاراستەمان كردبوو بچێتە جێبەجێكردنەوە، هەروەها رونتر لە هەلوێستی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بگەین، لە (20/6/2023) وەك قۆناغی دووەم نوسراوێكی تایبەتمان بە ناوەرۆكی جیاواز، بەپێی ئەرك و دەسەلاتی هەریەكێكیان بۆ: ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی و سەرجەم فراكسیۆنەكانی خولی پێنجەمی پەرلەمان، سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری دارایی، دەستەی دەسپاكی و داواكاری گشتی و دیوانی چاودێری دارایی و نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان ناردووە، بۆئەوەی بە هەموو لایەك بگەینە ئەو ئەنجامەی كە لەم بارودۆخە ئابورییە سەختەدا، پێویستە خالێك دابنرێت بۆ رێگریكردن لەگەندەلی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، كە رێگە دروستەكە ئەوەیە یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2020 ی چاكسازی بەسەر پەرلەمانتارانی خولی پێنجدا جێبەجێ بكرێت، لە (6/11/2022)ەوە كە بەهۆی درێژكردنەوەی تەمەنیەوە پەرلەمان یاساییبوونی خۆی لەدەستداوە، لەوساتەوە موچەكانیان بەپێی یاسای چاكسازی ئەژمار بكرێت. چونكە ئەگەر پەرلەمانێك خۆی ئامادەنەبێت ئەو یاسایانەی دەریكردوون بەسەر خۆیدا جێبەجێیان بكات، ئەی چۆن چاوەڕێی ئەوەدەكات خەڵكی جێبەجێیان بكەن.
باس لە ئەوەش کراوە، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییش، كە هەمیشە باس لە چاكسازی دەكەن، لەكاتێكدا بەهۆی نەبوونی بودجەوە ئێستا كە كۆتایی مانگی شەشە هێشتا موچەی مانگی پێنجیان دابەش نەكردووە، كەچی لە هەنگاوی یەکەمیاندا بە نایاسایی نەسریە و مینحەی فراکسیۆنەکان و دەستەی سەرۆکایەتیان خەرج کرد و لە هەنگاوی دووەمیشدا موچەو ئیمتیازاتەکانی پەرلەمانتارانی خولی پێنجەمیان وەك خۆی خستۆتەوە خشتەی موچەوە كە ئەمەش پێشێلێكی تری یاسا بەركارەكانە.
ئینستیتیوتی پەی دەڵێت، لەم پێناوەدا، بۆ ئەوەی یاسا سەروەر بێت و دامەزراوە فەرمییەكان بگەڕێنەوە سەر رێچكەی خۆیان، داواكارین لە رێكخراوەكانی كۆمەلی مەدەنی، میدیاكاران، چالاكوانان، یاسا ناسان، پارێزەران، هەموومان بەیەكەوە ببینە گروپی فشار بۆ جێبەجێكردنی ئەو خواستە یاسایی و جەماوەرییە، تا رێكەوتی ٢/7/٢٠٢٣ چاوەرێی ناوەرۆكی نامەكانمان دەبین، لە دوای ئەو كاتەوە بەگەیشتن و نەگەیشتنی وەڵامەكان هەنگاوی دواترمان رادەگەیەنین.

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://m.facebook.com/story.php?story_fbid=pfbid02Me7j9UrLFYTNFirLh2wTmV2m76vZRoacaeCC2q5nzG8YURSonhN8aWM1cYjLZznDl&id=100083340579025&mibextid=qC1gEa