ئەبوبەكر هەڵەدنی
خۆم بەخۆمم کرد تیربارانم کەن میلەت گیان
لەهەڵبژاردنی داهاتووسزامان بدەن میلەت گیان
میلەت بەگوێم نەکردی
میلەت ڕەنجت بابردی
کوان ڕاوێژکار و یاساناسەکان کەدکتۆرایان لەیاسادا هەبوو ئێستا دەڵێن چی کەشەرعیەتیان بەپێشێلکاری یاسا دەدا؟هەرئێوەهۆکاری لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستان ونائومێدکردنی گەلێکی بەشمەینەت ونەهێشتنی ئینتیماو هۆگری لاوەکانمان بوون، دادگای فیدراڵی بەلەدەستدەرهێنانی دۆسیەی نەوت لەپێشتردا وا حکومەتەکەیشی کردنە کاربەڕێکەرو پەرلەمانیشی هەڵوەشاندەوە چونکە ئێوە هەرگیز پەرلەمانێکی کاریگەر وخاوەن بڕیارتان نەویستوەو هەرگیز دیوکراسی ڕاستەقینە لەفەرهەنگتاندا نەبوە.
بۆیە تەنها لۆمەی خۆتان بکەن!؟
بۆچی لەچوارساڵی ڕابردوو کێشەکانی کۆمسیۆنتان چارەسەر نەکرد تەنها یەک کۆبونەوەی پەرلەمان بۆکۆمسیۆن تەرخان نەکرا !؟
بۆچی لەسەر هەمواری یاسای هەڵبژاردن نەگەیشتنە ڕێکەوتن!؟
بۆچی لەکاتی خۆی زەمینەی هەڵبژاردنتان نەڕەخساندکە نەشەڕی داعش هەبوو نە قەیرانی دارایی نەهاتنی ئاوارە(ئەوسێ بیانوەی هەمیشە دەتانجوەوە لەکاتی ستەمەکانی پاشەکەوتی موچە وکارە نایاساییەکانی ترتان).
بۆچی شانی دەسەڵاتی دادوەریتان ئارداوی کردو وەک ئۆرگانێکی حزبی بەکارتان هێنا!؟
لەگەڵ ئەوەی نیگەرانین بەو دۆخەی بەسەر هەرێمدا هاتوە (هەرێمێک کەقەوارەی پیرۆزە چونکە بەرهەمی سەدەیەک خوێن وفرمێسک وعارەق وجینۆسایدی گەلێکی مەزنە) لەسایەی سیاسەتی شکستخواردوتان بەڵام دەبێت ئەو ڕاستیە بزانن کەهۆکاری ئەوەڵ وئاخر ئێوەن وغرور ولەخۆبایی بونتان گەیشتە کەشکەلانی فەلەک وگوێتان بەهاواری دڵسۆزان نەدا.
سوپاس بۆهەموو ئەو لایەن و کەسانەی ڕۆڵیان هەبوو لەوەستاندنی عورفی فاسدی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان وبەتایبەت سوپاس بۆ:
١/فراکسیۆنی یەکگرتوو،کەلەمێژووی پەرلەمانی کوردستاندا یەکەم فراکسیۆن بون لەسەر درێژکردنەوەی نایاسایی پەرلەمان هەڵوێستیان نواندو دەستیان لەکارکێشایەوە ،وەک چۆن لەڕابردوودا حزبی یەکگرتوو شانازی ئەوەی پێبڕا لەدیرۆکی کوردستانی باشوور یەکەم حزبی مەدەنی بێچەک ویەکەم دڵۆپە خوێنی سەرکردەو کادیرەکانی بۆئیسڵاح وچاکسازی ڕژێنرا.
٢/هەردووپەرلەمانتاری مێرخاس وبەهەڵوێست کاک عەلی حەمەساڵح ودکتۆرە شایان کەلەبەرامبەر درێژکردنەوەی نایاسایی پەرلەمان دەستیان لەکارکێشایەوە.
٣/د یوسف محەمەد سادق سەرۆکی غەدرلێکراوی پەرلەمانی کوردستان لە خولی چوارەم بەجوڵاندنی داوای نایاسایی بوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەدادگای فیدراڵی.
٤/هەردووسەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وپەرلەمانی کوردستان خاتوو سروە عبدالواحد وکاک کاوەعبدالقادر بەجوڵاندنی داوای نایاسایی بونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لەدادگای فیدراڵی.
٥/هەموو ئەو یاساناس ونوسەر وڕۆشنبیر ورۆژنامەنوس وچالاکوانان وڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کەجوامێرانە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان وەستانەوەو بەشێکی کاریگەر بوون لەگوشار.
٦/ پێزانینی تایبەت بۆ (ئەنستیتۆی پەی بۆپەروەردەوگەشەپێدان)کەبەبەردەوامی چاودێری کارەکانی پەرلەمانیان کردوە لەدروست بونیانەوەو بەڕاپۆرتەکانیان کەئەو پەڕی پیشەییبوونی پێوەدیاربوو سەرۆکایەتی پەرلەمان وفراکسیۆنەکان ودەسەڵاتیان ئاگاداردەکردەوە لەپێشێلکاریە یاساییەکان وئەنستیتۆی پەی بەڕاستی لەخەمی سەرپێخستن وبەدامەزراوەکردن وگێڕانەوەی شکۆوهەیبەت بوون بۆ پەرلەمانی کوردستان ..
بۆیە دەسەڵاتدارانی شکستخواردوو دان بەهەڵەی خۆتاندا بنێن وتەنها لۆمەی خۆتان بکەن وئێستا زوبانی حاڵتان دەڵێ:
خۆم بەخۆمم کرد بەردبارانم کەن میلەت گیان
لەهەڵبژاردنی داهاتووسزامان بدەن میلەت گیان
میلەت بەگوێم نەکردی
میلەت ڕەنجت بابردی