roj.jpg

ئینیستتوتی پەی: پەرلەمان ئەتک و بێبایەخ کراوە

May 25, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

ئینیستتوتی پەی بۆ چاودێریکردن و هەڵسەنگاندی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی لەسەر روداوەکەی ئەمڕۆی پەرلەمان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند ، لە ٣١ مین ساڵیادی یەكەم هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە بارودۆخێكی ناهەمواردا، پەشێوی و گرژی پەرلەمانی گرتەوە، لەدەرەوەی پەیرەو و یاساكاندا هەڵسوكەوتی لەگەڵدا كرا و جێگەی داخە ئەم دامەزراوە گرنگە لەلایەن هێزە باڵادەستەكانەوە بەبارمتە گیراوە، دەبوایە ئێستا ئەم پەرلەمانە لەهەڕەتی بەهێزی و گەشەسەندنیدا بوایە، نەك بەم شێوازە ئەتك و بێبایەخ بكرێت.

رێکخراوی ئینیستتوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، هۆکاری سەرەکی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان، خراپی رەوشی جەماوەریی لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان و ترسیان لە هەڵبژاردن كە دەنگ و كورسیەكانیان كەم بێتەوە، هەروەها ململانێی ناتەندروستیان و باوەڕ نەبوونیان بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات، هەر ئەم هۆكارانەش بوونە مایەی ئەوەی پەرلەمان كەمتەرخەم بێت و بە ئەركەكانی هەڵنەستێت.

دەشڵێت، پەرلەمانی كوردستان و سەرجەم لایەنە سیاسیەكان، هەریەكەو بەپێی قورسایی خۆیان ئۆباڵە مێژووییەكەیان دەكەوێتە ئەستۆ، چونكە ئەوەی لە چەند مانگی رابردوو و بەتایبەت رەوشی دانیشتنەكەی ئەمڕۆ ڕویانداوە، لە بەڕێوەچوونی كۆمیدیایەكی سیاسی بترازێ هیچی تر نەبوو! كە هەردوو لایەنی سەرەكیی پارتی و یەكێتی لێی بەرپرسیارن!.

ئاماژەی بەوەدا،ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت دەرەنجامی خەمساردی و بێباكیی یەكێتی و غروریی پارتیە كە لەپێناو وەدەستخستنی چەند ئیمتیازێكی بچوكی حزبیانەوە، هەرێمیان بەم سەرەنجامە گەیاندوە، ئەم دوو هێزە دەبێت لەو راستیە تێبگەن كە، ئەگەر لە زووترین دەرفەتدا بەخۆدا نەچنەوە و سازان لەسەر كۆی پرسەكان نەكەن، هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراودا ئەنجامنەدرێت و پەرلەمان بە ئەركەكانی خۆی هەڵنەستێت، لێپرسراویەتی ئەو قەیرانانەیان دەكەوێتە ئەستۆ كە رووبەرووی هەرێم دەبنەوە و زۆر دەسکەوتی گەورەتر لەدەست دەدەن.

 ئەمە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بەهۆی زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە کارنامەی دانیشتنی ئاسایی، بەبێ واژۆی رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمان، دانیشتنەکە بە نایاسایی و نا پەیڕەوی وەسفکرا و بە بڕیاری سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دانیشتنەکە دواخرا و، لەئەنجامدا پشێوی و شەڕ و پێکدادان لەنێوان هەردوو فراکسیۆنی پەدەکە و یەنەکە دروست بوو

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://rojnews.news/?p=360189&fbclid=IwAR2ZT71eFNgKAMNrDsaHpr1AFUzCIsOjPx8iMydz9ISlOATdwmO-eMAB0t4