Kurd.jpg

ئینستیتیوتی پەی: پەرلەمانی كوردستان دامەزراوەیەكی بە بارمتەگیراوە

May 25, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان کە یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی چاودێری و هەڵسەنگاندنی کار و چالاکییەکانی پەرلەمانی کوردستانە، بەبۆنەی یادی 31 ساڵەی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە ڕاگەیەندراوێکی لە ژێر ناونیشانی پەرلەمانی كوردستان دامەزراوەیەكی بە بارمتەگیراو بڵاوکردەوە.

لەمبارەیەوە ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان رۆژی دووشەممە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا نوسیویەتی: "جێگەی داغە ئەم دامەزراوە گرنگە لەلایەن هێزە باڵادەستەكانەوە بەجۆرێك بەبارمتە گیراوە، لەبری ئەوەی ڕۆڵ بگێڕێت لە چارەسەریی پرسە نیشتیمانیەكان و بەدامەزراوەیی كردنی هەرێمدا، كەچی لایەنێک بۆ وەدەستخستنی دەسكەوتە بچوكە حزبیەكانی بەكاری دەهێنێت و ئەوەی تریشیان هەركات بیەوێت بەئارەزوی خۆی پەكی دەخات".

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

پەرلەمانی كوردستان دامەزراوەیەكی بە بارمتەگیراو

لە (31)ەمین ساڵیادی یەكەم هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ لە بارودۆخێكی ناهەمواردا، پەشێوی و گرژی پەرلەمانی گرتەوە، لەدەرەوەی پەیرەو و یاساكاندا هەڵسوكەوتی لەگەڵدا كرا. جێگەی داغە ئەم دامەزراوە گرنگە لەلایەن هێزە باڵادەستەكانەوە بەجۆرێك بەبارمتە گیراوە، لەبری ئەوەی ڕۆڵ بگێڕێت لە چارەسەریی پرسە نیشتیمانیەكان و بەدامەزراوەیی كردنی هەرێمدا، كەچی لایەنێك بۆ وەدەستخستنی دەسكەوتە بچوكە حزبیەكانی بەكاری دەهێنێت و ئەوەی تریشیان هەركات بیەوێت بەئارەزوی خۆی پەكی دەخات. دوای (31) ساڵ ئەزموون، دەبوایە ئێستا ئەم پەرلەمانە لەهەڕەتی بەهێزی و گەشەسەندنیدا بوایە نەك بەم شێوازە ئەتك و بێبایەخ بكرێت.

بەپێی یاسا دەبوایە لە ئەیلولی ساڵی 2022 هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی ئەنجامبدرێت، كەچی لە دانیشتنی رۆژی (9/10/2022) پەرلەمان بە یاسایەك “تا كۆتایی وەرزی یاسادانانی پایزەی ساڵی 2023” تەمەنی خۆی درێژكردەوە و هەڵبژاردنی دواخست، بۆ درێژكردنەوەكە چەند بیانوێكی هێناوەتەوە، وەك: ڕێگری كردن لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی. گەرەنتیكردنی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكان. تەواوكردنی ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن. دەستەبەركردنی تۆماری بایۆمەتری پاك و بێگەرد. ڕەخساندنی ژینگەیەكی سیاسی لەبار بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتیمانی.

بەڵام لەراستیدا هۆكارە ڕاستەقینەكانی درێژكردنەوەكە لەوكاتەدا هیچ كام لەو بیانوانە نەبوون كە لە یاساكەدا ریزكرابوون، چونكە ئەو بیانوانەی هێنرابوونەوە دەرەنجام بوون نەك هۆكار. هۆكارە هەقیقییەكان بریتی بوون لە: خراپی ڕەوشی جەماوەریی لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان و ترسیان لە هەڵبژاردن كە دەنگ و كورسیەكانیان كەم ببێتەوە، هەروەها ململانێی ناتەندروستیان و باوەڕ نەبوونیان بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات. هەر ئەم هۆكارانەش بوونە مایەی ئەوەی پەرلەمان كەمتەرخەم بێت و بە ئەركەكانی هەڵنەستێت.

ئەوەبوو بینیمان دوای حەوت مانگ و نیو لە درێژكردنەوەی تەمەنی، پەرلەمان هیچ كام لەو ئەركانەی جێبەجێنەكرد، نە ڕێگری كرد لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی، نە گەرەنتی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكانی پێكرا، نە ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی تەواو كرد، نە تۆمارێكی بایۆمەتری پاك و بێگەردی دەستەبەر كرد و نە هیچ ژینگەیەكی سیاسی لەباری ڕەخساند بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتیمانی. بەپێچەوانەوە نەك هەر ئەوانەی نەكرد بەڵكو دەستەی سەرۆكایەتی ماوەیەكی زۆر دانیشتنە ئاساییەكانیشیان پەكخست.

لە گوتاری سیاسی هیچ كام لە لایەنەكاندا ئەوە نابینرێت كە دژ بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بن، بەڵام لە هەمان كاتدا لە كرداریاندا هیچ هەنگاوێك نەبینراوە كە جددی بن لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەكە. بۆیە ئەوانەی بەرپرسیاری سەرەكیی هاتنەكایەی ئەم ڕەوشەن، پەرلەمانی كوردستان و سەرجەم لایەنە سیاسیەكانن، هەریەكەو بەپێی قورسایی خۆیان ئۆباڵە مێژوییەكەیان دەكەوێتە ئەستۆ. چونكە ئەوەی لە چەند مانگی رابردوو و بەتایبەت ڕەوشی دانیشتنەكەی ئەمڕۆ ڕویانداوە، لە بەڕێوەچوونی كۆمیدیایەكی سیاسی بترازێ هیچی تر نەبوو! كە هەردوو لایەنی سەرەكیی پارتی و یەكێتی لێی بەرپرسیارن! ئەگەر وانیە:

1-بۆچی بەر لە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بە سازان چارەسەری گرفت و ناكۆكییەكانیان نەكرد؟ تا ماوەی درێژكراوە تەنها بۆ كارە تەكنیكییەكانی كۆمسیۆن بوایە بەمەبەستی هەڵبژاردن.

2-بۆچی پەرلەمان لە چوار ساڵی ڕابردوودا هیچ هەنگاوێكی نەنا بۆ كاراكردنەوەی كۆمسیۆن؟ هیچنا ڕاستەوخۆ دوای درێژكردنەوەی تەمەنی خۆی بەرلە حەوت مانگ كۆمسیۆنی كارا نەكردەوە؟ چونكە نەنگییەكی گەورەیە بۆ پەرلەمان و لایەنە سەرەكیەكانی نوێنەریان لەو كۆمسیۆنەدا هەیە كە ماوەی چوار ساڵە بەنایاسایی بەڕێوەی دەبەن!

3-بۆچی لە چوار ساڵی ڕابردوودا نە پەرلەمان و نە هیچكام لە لایەنەكان بەبێ جیاوازی، هیچ هەنگاوێكیان نەنا بەمەبەستی دروستكردنی تۆمارێكی بایۆمەتریی پاك و بێگەرد؟ كەچی لەكاتی بەسەرچوودا باسی لێوە دەكەن؟

4-بۆچی پەرلەمان ئەو ماوە زۆرەی لەبەردەم بوو كاری نەكرد لەسەر سازانی لایەنەكان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن تا بەم شێوەیە بە چارەسەرنەكراوی نەمێنێتەوە؟

5-ئەگەر دوو لایەنە سەرەكییەكە مەبەستیان ئەنجامدانی هەڵبژاردن بوو! بۆچی ئەو هەموو كاتەیان لەبەردەست بوو بەفیڕۆیاندا و ڕێكارەكانیان دەستنیشان نەكرد و هەنگاویان بۆ نەنا؟ تا وەكو ئێستا ئیحراجی بەردەم دادگای فیدراڵی نەبن لەسەر یاسایی بوون و نەبوونی هەنگاوی درێژكردنەوەكەی تەمەنی پەرلەمان؟

جگە لەمانە، ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆ (22/5/2023) بەڕێوە چوو، بەبێ ئەوەی ئەزموون لە هەڵە و ترازانەكانی رابردوو وەربگرن، بەشێوازێكی كۆمیدیانە مێژویان دووبارە كردەوە، چونكە ئەوەندەی دەست شكاندنەوەی نێوان هەردوو لایەنی پارتی و یەكێتی تیادا بوو، مەبەست و نیەتی چارەسەریی لێ بەدی نەدەكرا. هەر لە دانانی بەرنامەی كار و زیادكردنی بڕگەیەك بەبێ رەزامەندی سەرۆك، تا دەگاتە شێوازی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكە كە ئاژاوە و پەشێوی باڵی بەسەردا كێشابوو. لەلایەكی تریشەوە لە كەشێكی گوماناویدا، دوای دواخستن و هەڵگرتنی دانیشتنەكە لەلایەن سەرۆكەوە، بەمەبەستی تێپەڕاندنی بابەتەكە لەلایەن جێگری سەرۆكەوە لە بارێکی نائارامی دەرەوەی پەیڕەودا، درێژە بە دانیشتنەكە دەدرێت و ڕایدەگەیەنێت گوایە بە دەنگی (58) ئەندام كۆمسیۆنیان كارا كردووەتەوە، لەكاتێكدا ئەو ژمارەیەی ڕایگەیاند لەگەڵ ڕاستیدا وێك نایەتەوە، چونكە ئەوەندە ئەندامە لەناو هۆڵدا لەگەڵ بابەتەكە نەبوون!

ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت دەرەنجامی غەمساردی و بێباكیی یەكێتی و غروریی پارتیە كە لەپێناو وەدەستخستنی چەند ئیمتیازێكی بچوكی حزبییانەوە هەرێمیان بەم سەرئەنجامە گەیاندووە. ئەم دوو هێزە دەبێت لە ئەو ڕاستیە تێبگەن كە: ئەگەر لە زوترین دەرفەتدا بەخۆدا نەچنەوە و سازان لەسەر كۆی پرسەكان نەكەن، هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراودا ئەنجامنەدرێت و پەرلەمان بە ئەركەكانی خۆی هەڵنەستێت، لێپرسراویەتی ئەو قەیرانانەیان دەكەوێتە ئەستۆ كە ڕوبەڕوی هەرێم دەبنەوە و زۆر دەسکەوتی گەورەتر لەدەست دەدەن، چونکە:

1-هەرێمی كوردستان دەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە.

2-حوكمرانیی هەرێم متمانەی خۆی بەتەواوی لەسەر ئاستی نێودەولەتی لەدەستدەدات.

3-ئەزمونی هەرێم لەلایەن دۆست و هاوپەیمانەكانیەوە لەكەدارتر دەبێت.

4-سۆز و پاڵپشتی دۆست و هاوپەیمانەكان كەم دەبێتەوە و تێڕوانینێكی نێگەتیڤانەتر لەسەر هەرێم دروست دەبێت. بەمەش هەرێمی كوردستان وردەوردە پاڵپشتی دۆستەكانی لەدەست دەدات.

5-بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نایاسایی بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەردەچێت، ئەو موراعات كردنەی كراوە لە درێژكردنەوە و دواخستنی بڕیارەكە كۆتایی دێت.

6-لە ئەگەری دواخستنێكی تری هەڵبژاردندا هەرێم كێشەی بودجە و موچەی فەرمانبەرانی بۆ دروست دەبێت، چونكە عیراق لەسەر بنەمای یاسایی هەڵسوكەوت لەگەڵ هەرێم دەكات، كاتێكیش هەرێم بكەوێتە بۆشایی یاساییەوە گرفت دروستدەبێت.

بۆ ئەوەی هیچیتر تەمەنی پەرلەمان درێژ نەكرێتەوە و لەوە زیاتر ئەزمونی هەرێم لەبەر چاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستەكانی لەكەدارتر نەبێت، پێویستە:

1-بۆ ئەوەی لێكترازانی زیاتر دروستنەبێت، ئەركی سەرۆكی هەرێمە كە واژۆی بڕیاری كاراكردنەوەی كۆمسیۆن بەم شێوازەی ئێستا نەكات.

2-پارتی و یەكێتی بەتایبەت و لایەنەكانی تر بەگشتی، لەزوترین كاتدا كۆبونەوەیەكی لوتكە بكەن و پێداچوونەوە بەكۆی پرسە ناكۆكەكاندا بكەن و سازانی لەسەر بكەن.

3-پەرلەمانی كوردستان لە زوترین كاتدا كۆبێتەوە، بەشێوەیەكی یاسایی كۆمسیۆن كارا بكاتەوە، یا بڕیارێك دەربكات بەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە بسپێرێت بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق.

4-هەنگاوی دووەمی پەرلەمان ئەوەیە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەكان بكات.

5-بەپێی یاساو ستاندارتی نێودەوڵەتی، هەڵسوكەوت لەگەڵ پرسی پێكهاتەكاندا بكرێت و لە كێشمەكێشمی بەكارهێنان و ئیستیغلالكردن دوور بخرێنەوە.

6-كۆی لایەنەكان و دامەزراوە فەرمییەكان ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد بكەن.

7-تۆماری بایۆمەتری عیراق بەكاربهێنرێت و نوێ بكرێتەوە و هەڵبژاردنی پێ ئەنجام بدرێت.

ئەگەر ئەمانە نەكرێن، سەرباری ئەو هەموو قەیرانە ناوخۆیی و دەرەكییانەی هەن، بەدڵنیاییەوە بارودۆخێكی نائاسایی تر ڕوبەڕوی هەرێم دەبێتەوە. لایەنە بەرپرسەكان ئۆباڵی ئەو لێپرسراوییەتییە مێژوییەیان دەكەوێتە ئەستۆ، بە پلەی یەكەمیش لە ڕوی یاساییەوە دەكەوێتە ئەستۆی پەرلەمانەوە، بەتایبەت لە ئیستادا كە وێڕای نیگەرانیی هاوپەیمانەكانی، لەلایەن نەیارانی هەرێمەوە جوڵەیەك لە ئارادایە بۆ بچوككردنەوە و لەقاڵبدانی حوكمڕانییەكەی، ئەگەر وابڕوات ڕۆڵی لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان كەمتر نابێت لە نەیارەكانی. بەمەش ئۆباڵی شکستەکان و لێپرسراویەتیی مێژویان دەکەوێتە ئەستۆ.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان

22/5/2023

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://www.kurdiu.org/ku/b/534499