Xendan.jpg

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان: بارودۆخێكی نائاسایی دیكە روبەڕوی هەرێم دەبێتەوە

May 25, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

خەندان-

 

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان هۆشداری لە دروستبونی بارودۆخێکی نائاسایی دیکە لە هەرێمی کوردستان دەدات و رایدەگەیەنێت، لە گوتاری سیاسی هیچ کام لە لایەنەکاندا ئەوە نابینرێت کە دژ بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بن، بەڵام لە هەمانکاتدا لە کرداریاندا هیچ هەنگاوێک نەبینراوە کە جددی بن لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەکە و دەشڵێت، "ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆ دوشەممە بەڕێوەچو، بەبێ ئەوەی ئەزمون لە هەڵەو ترازانەکانی رابردو وەربگرن، بەشێوازێکی کۆمیدیانە مێژویان دوبارە کردەوە، چونکە ئەوەندەی دەست شکاندنەوەی نێوان هەردو لایەنی پارتی و یەکێتی تیادا بو، مەبەست و نیەتی چارەسەریی لێ بەدی نەدەکرا".

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،  لە (31)ەمین ساڵیادی یەکەم هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە بارودۆخێکی ناهەمواردا، پەشێوی و گرژی پەرلەمانی گرتەوە، لەدەرەوەی پەیرەو و یاساکاندا هەڵسوکەوتی لەگەڵدا کرا، جێگەی داخە ئەم دامەزراوە گرنگە لەلایەن هێزە باڵادەستەکانەوە بەجۆرێک بەبارمتە گیراوە، لەبری ئەوەی رۆڵ بگێڕێت لە چارەسەریی پرسە نیشتیمانیەکان و بەدامەزراوەیی کردنی هەرێمدا، کەچی لایەنێک بۆ وەدەستخستنی دەسکەوتە بچوکە حزبیەکانی بەکاریدەهێنێت و ئەوەی تریشیان هەرکات بیەوێت بەئارەزوی خۆی پەکی دەخات، دوای (31) ساڵ ئەزمون، دەبوایە ئێستا ئەم پەرلەمانە لەهەڕەتی بەهێزی و گەشەسەندنیدا بوایە نەک بەم شێوازە ئەتک و بێبایەخ بکرێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەپێی یاسا دەبوایە لە ئەیلولی ساڵی 2022 هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی ئەنجامبدرێت، کەچی لە دانیشتنی رۆژی 9ی (تشرینی یەکەم/10)ی 2022 پەرلەمان بە یاسایەک تا کۆتایی وەرزی یاسادانانی پایزەی ساڵی 2023" تەمەنی خۆی درێژکردەوە و هەڵبژاردنی دواخست، بۆ درێژکردنەوەکە چەند بیانوێکی هێناوەتەوە، وەک رێگریکردن لە دروستبونی بۆشایی یاسایی، گەرەنتیکردنی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان، تەواوکردنی ڕێکسازییە یاسایی و کارگێڕی و هونەرییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی، دەستەبەرکردنی تۆماری بایۆمەتری پاک و بێگەرد ڕەخساندنی ژینگەیەکی سیاسی لەبار بۆ هێنانەدی یەکڕیزی و کۆدەنگی نیشتیمانی".

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان دەشڵێت، "لەراستیدا هۆکارە راستەقینەکانی درێژکردنەوەکە لەوکاتەدا هیچ کام لەو بیانوانە نەبون کە لە یاساکەدا ریزکرابون، چونکە ئەو بیانوانەی هێنرابونەوە دەرەنجام بون نەک هۆکار، هۆکارە هەقیقییەکان بریتی بون لە خراپی رەوشی جەماوەریی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان و ترسیان لە هەڵبژاردن کە دەنگ و کورسیەکانیان کەم بێتەوە، هەروەها ململانێی ناتەندروستیان و باوەڕ نەبونیان بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات، هەر ئەم هۆکارانەش بونە مایەی ئەوەی پەرلەمان کەمتەرخەم بێت و بە ئەرکەکانی هەڵنەستێت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "دوای حەوت مانگ و نیو لە درێژکردنەوەی تەمەنی، پەرلەمان هیچ کام لەو ئەرکانەی جێبەجێنەکرد، نە رێگری کرد لە دروستبونی بۆشایی یاسایی، نە گەرەنتی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکانی پێکرا، نە ڕێکسازییە یاسایی و کارگێڕی و هونەرییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی تەواو کرد، نە تۆمارێکی بایۆمەتری پاک و بێگەردی دەستەبەر کرد و نە هیچ ژینگەیەکی سیاسی لەباری رەخساند بۆ هێنانەدی یەکڕیزی و کۆدەنگی نیشتیمانی، بەپێچەوانەوە نەک هەر ئەوانەی نەکرد بەڵکو دەستەی سەرۆکایەتی ماوەیەکی زۆر دانیشتنە ئاساییەکانیشیان پەکخست".

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان باسی لەوەشکردوە، "لە گوتاری سیاسی هیچ کام لە لایەنەکاندا ئەوە نابینرێت کە دژ بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بن، بەڵام لە هەمانکاتدا لە کرداریاندا هیچ هەنگاوێک نەبینراوە کە جددی بن لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەکە، بۆیە ئەوانەی بەرپرسیاری سەرەکیی هاتنەکایەی ئەم رەوشەن، پەرلەمانی کوردستان و سەرجەم لایەنە سیاسیەکانن، هەریەکەو بەپێی قورسایی خۆیان ئۆباڵە مێژوییەکەیان دەکەوێتە ئەستۆ، چونکە ئەوەی لە چەند مانگی رابردو و بەتایبەت رەوشی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ ڕویانداوە، لە بەڕێوەچونی کۆمیدیایەکی سیاسی بترازێت هیچی تر نەبو! کە هەردو لایەنی سەرەکیی پارتی و یەکێتی لێی بەرپرسیارن!".

 

یەکەم:
بۆچی بەر لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بە سازان چارەسەری گرفت و ناکۆکییەکانیان نەکرد؟ تا ماوەی درێژکراوە تەنها بۆ کارە تەکنیکییەکانی کۆمسیۆن بوایە بەمەبەستی هەڵبژاردن.

دوەم:
بۆچی پەرلەمان لە چوار ساڵی رابردودا هیچ هەنگاوێکی نەنا بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆن؟ هیچنا راستەوخۆ دوای درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی بەرلە حەوت مانگ کۆمسیۆنی کارا نەکردەوە؟ چونکە نەنگییەکی گەورەیە بۆ پەرلەمان و لایەنە سەرەکیەکانی نوێنەریان لەو کۆمسیۆنەدا هەیە کە ماوەی چوار ساڵە بەنایاسایی بەڕێوەی دەبەن!

سێیەم:
بۆچی لە چوار ساڵی رابردودا نە پەرلەمان و نە هیچکام لە لایەنەکان بەبێ جیاوازی، هیچ هەنگاوێکیان نەنا بەمەبەستی دروستکردنی تۆمارێکی بایۆمەتریی پاک و بێگەرد؟ کەچی لەکاتی بەسەرچودا باسی لێوە دەکەن؟

چوارەم:
بۆچی پەرلەمان ئەو ماوە زۆرەی لەبەردەم بو کاری نەکرد لەسەر سازانی لایەنەکان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن تا بەم شێوەیە بە چارەسەرنەکراوی نەمێنێتەوە؟

پێنجەم:
ئەگەر دو لایەنە سەرەکییەکە مەبەستیان ئەنجامدانی هەڵبژاردن بو! بۆچی ئەو هەمو کاتەیان لەبەردەست بو بەفیڕۆیانداو رێکارەکانیان دەستنیشان نەکرد و هەنگاویان بۆ نەنا؟ تا وەکو ئێستا ئیحراجی بەردەم دادگای فیدراڵی نەبن لەسەر یاسایی بون و نەبونی هەنگاوی درێژکردنەوەکەی تەمەنی پەرلەمان؟

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان راشیگەیاندوە، "ئەو دانیشتنەی ئەمڕۆ دوشەممە بەڕێوەچو، بەبێ ئەوەی ئەزمون لە هەڵەو ترازانەکانی رابردو وەربگرن، بەشێوازێکی کۆمیدیانە مێژویان دوبارە کردەوە، چونکە ئەوەندەی دەست شکاندنەوەی نێوان هەردو لایەنی پارتی و یەکێتی تیادا بو، مەبەست و نیەتی چارەسەریی لێ بەدی نەدەکرا، هەر لە دانانی بەرنامەی کار و زیادکردنی بڕگەیەک بەبێ رەزامەندی سەرۆک، تا دەگاتە شێوازی بەڕێوەچونی دانیشتنەکە کە ئاژاوەو پەشێوی باڵی بەسەردا کێشابو، لەلایەکی تریشەوە لە کەشێکی گوماناویدا، دوای دواخستن و هەڵگرتنی دانیشتنەکە لەلایەن سەرۆکەوە، بەمەبەستی تێپەڕاندنی بابەتەکە لەلایەن جێگری سەرۆکەوە لەبارێکی نائارامی دەرەوەی پەیڕەودا، درێژە بە دانیشتنەکە دەدرێت و رایدەگەیەنێت گوایە بە دەنگی (58) ئەندام کۆمسیۆنیان کارا کردۆتەوە، لەکاتێکدا ئەو ژمارەیەی رایگەیاند لەگەڵ راستیدا وێک نایەتەوە، چونکە ئەوەندە ئەندامە لەنێو هۆڵدا لەگەڵ بابەتەکە نەبون".

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان ئەوەشیخستۆتەڕو، "ئەوەی لە ئێستادا دەگوزەرێت دەرەنجامی خەمساردی و بێباکیی یەکێتی و غروریی پارتیە کە لەپێناو وەدەستخستنی چەند ئیمتیازێکی بچوکی حزبیانەوە هەرێمیان بەم سەرەنجامە گەیاندوە، ئەم دو هێزە دەبێت لەو راستیە تێبگەن کە ئەگەر لە زوترین دەرفەتدا بەخۆدا نەچنەوە و سازان لەسەر کۆی پرسەکان نەکەن، هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراودا ئەنجامنەدرێت و پەرلەمان بە ئەرکەکانی خۆی هەڵنەستێت، لێپرسراویەتی ئەو قەیرانانەیان دەکەوێتە ئەستۆ کە روبەروی هەرێم دەبنەوە و زۆر دەسکەوتی گەورەتر لەدەست دەدەن، چونکە:

یەکەم:
هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە.

دوەم:
حوکمرانیی هەرێم متمانەی خۆی بەتەواوی لەسەر ئاستی نێودەولەتی لەدەستدەدات.

سێیەم:
ئەزمونی هەرێم لەلایەن دۆست و هاوپەیمانەکانیەوە لەکەدارتر دەبێت.

چوارەم:
سۆز و پالپشتی دۆست و هاوپەیمانەکان کەم دەبێتەوەو تێڕوانینێکی نێگەتیڤانەتر لەسەر هەرێم دروست دەبێت. بەمەش هەرێمی کوردستان وردەوردە پاڵپشتی دۆستەکانی لەدەست دەدات.

پێنجەم:
بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نایاسایی بونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەردەچێت، ئەو موراعات کردنەی کراوە لە درێژکردنەوەو دواخستنی بڕیارەکە کۆتایی دێت.

شەشەم:
لە ئەگەری دواخستنێکی تری هەڵبژاردندا هەرێم کێشەی بودجەو موچەی فەرمانبەرانی بۆ دروست دەبێ، چونکە عیراق لەسەر بنەمای یاسایی هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێم دەکات، کاتێکیش هەرێم بکەوێتە بۆشایی یاساییەوە گرفت دروستدەبێت.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان باسی لەوەشکردوە، بۆ ئەوەی هیچیتر تەمەنی پەرلەمان درێژ نەکرێتەوە و لەوە زیاتر ئەزمونی هەرێم لەبەر چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستەکانی لەکەدارتر نەبێت، پێویستە:

یەکەم:
بۆ ئەوەی لێکترازانی زیاتر دروستنەبێت، ئەرکی سەرۆکی هەرێمە کە واژۆی بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بەم شێوازەی ئێستا نەکات. 

دوەم:
پارتی و یەکێتی بەتایبەت و لایەنەکانی تر بەگشتی، لەزوترین کاتدا کۆبونەوەیەکی لوتکە بکەن و پێداچونەوە بەکۆی پرسە ناکۆکەکاندا بکەن و سازانی لەسەر بکەن.

سێیەم:
پەرلەمانی کوردستان لە زوترین کاتدا کۆببێتەوە، بەشێوەیەکی یاسایی کۆمسیۆن کارا بکاتەوە، یا بڕیارێک دەربکات بەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە بسپێرێت بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

چوارەم:
هەنگاوی دوەمی پەرلەمان ئەوەیە هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان بکات.

پێنجەم:
بەپێی یاساو ستاندارتی نێودەوڵەتی، هەڵسوکەوت لەگەڵ پرسی پێکهاتەکاندا بکرێت و لە کێشمەکێشمی بەکارهێنان و ئیستیغلالکردن دور بخرێنەوە.

شەشەم:
کۆی لایەنەکان و دامەزراوە فەرمییەکان ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بکەن.

حەوتەم:
تۆماری بایۆمەتری عێراق بەکاربهێنرێت و نوێ بکرێتەوەو هەڵبژاردنی پێ ئەنجام بدرێت.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان هۆشداریشدەدات و دەڵێت، "ئەگەر ئەمانە نەکرێن، سەرباری ئەو هەمو قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییانەی هەن، بەدڵنیاییەوە بارودۆخێکی نائاسایی تر روبەڕوی هەرێم دەبێتەوە، لایەنە بەرپرسەکان ئۆباڵی ئەو لێپرسراوییەتییە مێژوییەیان دەکەوێتە ئەستۆ، بە پلەی یەکەمیش لەروی یاساییەوە دەکەوێتە ئەستۆی پەرلەمانەوە، بەتایبەت لە ئیستادا کە وێرای نیگەرانیی هاوپەیمانەکانی،  لەلایەن نەیارانی هەرێمەوە جولەیەک لە ئارادایە بۆ بچوککردنەوە و لەقالبدانی حوکمرانییەکەی، ئەگەر وابڕوات رۆڵی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان کەمتر نابێت لە نەیارەکانی، بەمەش ئۆباڵی شکستەکان و لێپرسراویەتیی مێژویان دەکەوێتە ئەستۆ".

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=165114&babet=1&relat=1024