Parlaman1.jpg

سێ ساڵ لەمەوبەر ئینستتیوتی پەی چی وت لەسەر شکۆی پەرلەمان!؟

May 24, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

سێ‌ ساڵی رێك بەر لە ئەمڕۆ و لە رۆژی ٢٣/٥/٢٠٢٠ ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان راگەیەندراوێكی لەژێرناوی (پێویستە رێگە لە بێ ئەرزش كردنی زیاتری پەرلەمان بگیرێت) بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ئێمە وەك ئینستتیوتی پەی، هاوڕێ لەگەل كۆمەڵێك رێكخراو و كەسایەتی، بەر لە كۆبوونەوەی رۆژی (٧-٥-٢٠٢٠)ی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر چەند پەرلەمانتارێك، لە رێگای یاداشتێكەوە ناڕەزایی خۆمان لە هەلگرتنی پارێزبەندی بە شێوەی نایاسایی و رێككەوتنی شاراوە راگەیاند. ئێستاش دوای دەرچوونی بڕیارەكە رووی راستی سیناریۆكە بۆ خەلك روونتر بۆتەوە، بەتایبەت دوای پێشكەش كردنی داوایەك لە لایەن پەرلەمانتار (سۆران عومەر) كە هەنگاوە نایاساییەكان روونكراوەتەوەو داوای هەڵوەشانەوەی بریارەكە لە سەرۆكی پەرلەمان دەكات، بۆیە ئێمەش دەنگی خۆمان دەخەینە پال یاداشتی بەرێزی و داوا دەكەین سەرۆكی پەرلەمان بڕیارەكە هەڵوەشێنتەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا چەندین خاڵ خراونەتەڕوو، لە كۆتا خاڵ و خاڵی حەوتەمدا هاتووە: "سەرۆكی پەرلەمان بە گوێرەی پەیرەو ئەركی پارێزگارییە لە پەیرەو یاساو دەستور، ئەی بە چ یاساو بنەمایەك دەست بەرداری دەسەلاتە یاساییەكانی خۆی بووە بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان"، ئینستتیوتی پەی ئەوكاتە هۆشداری دا لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ، كەچی جارێكی تر مێژوو دووبارە بویەوە و جێگر لە بری سەرۆك بڕیاریدا.

دەقی راگەیەندراوەكە وەكخۆی كە (٣) ساڵ لەمەوبەر بڵاوكراوەتەوە:

پێویستە رێگە لە بێ ئەرزش كردنی زیاتری پەرلەمان بگیرێت

ئێمە وەك ئینستتیوتی پەی، هاوڕێ لەگەل كۆمەڵێك رێكخراو و كەسایەتی، بەر لە كۆبوونەوەی رۆژی (٧-٥-٢٠٢٠)ی پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر چەند پەرلەمانتارێك، لە رێگای یاداشتێكەوە ناڕەزایی خۆمان لە هەلگرتنی پارێزبەندی بە شێوەی نایاسایی و رێككەوتنی شاراوە راگەیاند. ئێستاش دوای دەرچوونی بڕیارەكە رووی راستی سیناریۆكە بۆ خەلك روونتر بۆتەوە، بەتایبەت دوای پێشكەش كردنی داوایەك لە لایەن پەرلەمانتار (سۆران عومەر) كە هەنگاوە نایاساییەكان روونكراوەتەوەو داوای هەڵوەشانەوەی بریارەكە لە سەرۆكی پەرلەمان دەكات، بۆیە ئێمەش دەنگی خۆمان دەخەینە پال یاداشتی بەرێزی و داوا دەكەین سەرۆكی پەرلەمان بڕیارەكە هەڵوەشێنتەوە، لەبەر ئەم هۆكارانەی خوارەوە:

١-بەرێز سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند كە كۆبوونەوە ناكات تا شكۆ بۆ پەرلەمان نەگەڕێتەوە،بەلام روونە ناتوانێ شكۆ بۆ پەرلەمان بگێڕێتەوە تا شكۆ بۆ خۆی وەك سەرۆكی پەرلەمان نەگەڕێنتەوە.

٢-نەبوونی کاریگەری ناڕازی بوونی سەرۆكی پەرلەمان بەرامبەر جێگرو سكرتێری پەرلەمان ، مانای وایە ئامانجی  جێگرو سكرتێر بە هێنانە پێشەوەی بابەتی پارێزبەندی بۆ ئەوە بووە ناڕازای بوونی بێ كاریگەری سەرۆكی پەرلەمان بە دەست بهێنن، چونكە ئەوە دەبێتە سەرەتایەك كە ئەگەر سەرۆكی پەرلەمان لە هەر كارێك ناڕازی بێت  دەسەلاتی خۆیای بەکار نەھێنێت ،لەگەل ئەوەش کۆبونەو بریارەکان بروات لە لایەن جێگرو سکرتێری پەرلەمان ، ئەمەش بە مانای یەكسان كردنەوەی دەسەلاتی سەرۆكی پەرلەمانە بە سفر.

٣-رێگا دانی سەرۆكی پەرلەمان بە بەكارهێنانی دەسەلاتەكانی بە پێچەوانەی یاسا لە كاتێكدا وەك رایگەیاندوە ناڕازی بووە وە ئامادەیی هەبووە، ئەمەش هاوكارییە بۆ دروست بوونی زۆرینەی نایاسایی.

٤-بنەمای دیموكراسی سەروەر بوونی یاساو دامەزراوەو زۆرینەو كەمینەی پەرلەمانیە، بەلام بە رێگادانی سەرۆكی پەرلەمان كۆی دامەزراوەی یاسادانان و دیموكراسی كەوتۆتە بەر مەترسی.

٥-هەر چوار قۆناغی دەرچوونی بڕیارەكە لە (كۆبوونەی دەستەی سەرۆكایەتی، دەستكاری بەرنامەی كار، سەرپەرشتی كۆبوونەوەی پەرلەمان، واژۆكردنی بریارەكە) بە روونی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەست درێژی كردۆتە سەر دەسەلاتی سەرۆكی پەرلەمان و بە نایاسایی بەكاری هێناوە، ئەگەر ئەم دەست درێژییە بە رێكەوتنی سەرۆكی پەرلەمان بێت، ئەوا دوو جار تاوانە، خۆ ئەگەر بێ ئاگاداری بەرێزیان بووبێت ئەوا پێویستە بڕیارەكە هەڵوەشێنتەوە. بە پێچەوانەوە مەرگی دامەزراوەی پەرلەمان دەكەوێتە ئەستۆی بەرێزیان.

٦-پەرلەمان بالاترین دەسەلاتە بۆ چاودیری و دەرچونی یاسا، چۆن دەكرێت رێگا بدات خۆی بڕیاری نایاسایی دەربكات؟ چونكە هەموو پاشماوە یاساییەكانی لەو بریارە دەكەوێتەوە لە دادگا بەرامبەر (سۆران عومەر) پووچەڵە.

٧-سەرۆكی پەرلەمان بە گوێرەی پەیرەو ئەركی پارێزگارییە لە پەیرەو یاساو دەستور، ئەی بە چ یاساو بنەمایەك دەست بەرداری دەسەلاتە یاساییەكانی خۆی بووە بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان.

 بۆیە لە پێناو پارێزگاری لە سەروەری یاسای و دروست نەبونی سەرەتایەکی نایاسای لە دەرەوەی دەسەلاتی سەرۆکی پەرلەمان و پارێزگاری لە شکۆی پەرلەمان داواکارین سەرۆکی پەرلەمان بریاری ژمارە ٤ ھەلگرتنی پارێزبەندی ھەلوەشێنتەوە کە پێشێلی لایەنی رواڵەتی دەرچوونی بریارەکەی لە ھەر چوار وۆناغ تێدایە

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان

23/5/2020