Awena.jpg

هۆشداری لە تێکچونی ژیان و گوزەرانی خەڵکى هەرێمی کوردستان دەدرێت

Apr 16, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان هۆشداری لەبارەی بارودۆخی هەرێمی کوردستان دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەگەر وا بڕوات دیسانەوە لەوادەی دەستنیشانکراوی دواخراودا هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت و جارێکی تریش تەمەنی خۆی درێژدەکاتەوە و بەدرێژکردنەوەی دوەمیش، هەم ژیان و گوزەرانی خەڵک خراپتر دەبێت و هەم ئەزمونی هەرێمیش دەکەوێتە بەر مەترسیی زیاترەوە".

ئاوێنه‌: ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، "ئەگەر هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراودا ئەنجامنەدرێت و پەرلەمان بە ئەرکەکانی خۆی هەڵنەستێت، لێپرسراو دەبێت لەوەی هەرێم دەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە،  حوکمرانیی هەرێم متمانەی خۆی بەتەواوی لەسەر ئاستی نێودەولەتی لەدەستدەدات و ئەزمونەکەی لەلایەن دۆست و هاوپەیمانەکانیەوە لەکەدارتر دەبێت".

ئاماژەى بەوەشکردووە، "بە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن پەرلەمان بە یاسا تەمەنی خۆی درێژکردۆتەوە و بیانوی درێژکردنەوەکەشی تەنها بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بو، کە لەو ماوەیەدا ئامادەکارییەکان نەکرابێت و هەڵبژاردن ئەنجامنەدرێت، ئەمەش دەریدەخات لە بنچینەدا مەبەست لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئەنجامدان و ئامادەکاریی هەڵبژاردن نەبوە".

دەقی راگەیەندراوەکەی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان:
دواخستنی هەڵبژاردن ئەزمونی هەرێم روبەڕوی مەترسیی زیاتر دەکاتەوە

بەپێی یاسا دەبوایە لە ئەیلولی ساڵی 2022 هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان ئەنجامبدرێت، بەڵام لە دانیشتنی رۆژی (9/10/2022) پەرلەمان بەپێی یاسای ژمارە (12)ی ساڵی 2022 "تا کۆتایی وەرزی یاسادانانی پایزەی ساڵی 2023" تەمەنی خۆی درێژکردەوە و بۆ ماوەی ساڵێک هەڵبژاردنی دواخست، هەرچەندە بەپێچەوانانەی خولەکانی پێشو کە تەمەنی خۆیان درێژ دەکردەوە هیچ هۆکارێکی سیاسی و یاسایی نەبو لەدەرەوەی ویست و دەسەلاتی پەرلەمانی کوردستان. بەلام پەرلەمان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی لە هۆیەکانی دەرچواندنی یاساکەیدا چەند بیانوێکی هێناوەتەوە، کە بریتی بون لە:

1-رێگری کردن لە دروستبونی بۆشایی یاسایی.
2-گەرەنتیکردنی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان.
3-تەواوکردنی ڕێکسازییە یاسایی و کارگێڕی و هونەرییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.
4-دەستەبەرکردنی تۆماری بایۆمەتری پاک و بێگەرد.
5-ڕەخساندنی ژینگەیەکی سیاسی لەبار بۆ هێنانەدی یەکڕیزی و کۆدەنگی نیشتیمانی.

بەڵام هۆکارە راستەقینەکانی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان هیچ کام لەو بیانوانە نەبون کە لە یاساکەدا ریزکراون، چونکە ئەو بیانوانەی هێنرابونەوە دەرەنجام بون نەک هۆکار، لە راستیدا هۆکارە هەقیقییەکان بریتی بون لە:

1-خراپی رەوشی جەماوەریی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان و ترسیان لە هەڵبژاردن کە دەنگ و کورسیەکانیان کەم بێتەوە.
2-ململانێی ناتەندروستی لایەنە سیاسییە باڵادەستەکان و باوەڕ نەبونیان بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات.
هەر ئەم هۆکارانەش بونە مایەی ئەوەی پەرلەمان کەمتەرخەم بێت و بە ئەرکەکانی هەڵنەستێت، نەک هەر ئەمە بەڵکو سەرۆکایەتی پەرلەمان بەبیانوی جیاجیاوە پەکی دانیشتنەکانیشی خستوە.

بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، پێویست بو هەریەک لە لایەنە پەیوەندارەکان بە ئەرکی یاسایی خۆیان هەڵسن، دەبوایە پەرلەمان بەو ئەرکانەی هەڵسێت کە لە چوار ساڵی تەمەنیدا لەئاستیاندا کەمتەرخەم بوە، لە ماوەی شەش مانگی دوای درێژکردنەوەی تەمەنی خۆیدا تەنها (5) دانیشتنی ئەنجامداوە، کە هیچ کام لە دانیشتنەکان پەیوەندیان بە بابەتی هەڵبژاردنەوە نەبوە، هیچکام لەو ئەرکانە ئەنجامنەداوە کە پەیوەستن بون بە هەڵبژاردنەوە، هیچ هەنگاوێکیشی نەناوە بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی هۆکاری دەرچواندنی ئەو یاسایەی تەمەنی خۆی پێ درێژکردەوە. 

هەروەک لە بڕگەی دوەمی ماددەی (1) ی یاسای درێژکردنەوەی تەمەنیدا هاتوە، کاری پەلەی پەرلەمان ئەوەبو: "پێویستە ڕێکسازییە یاسایی و کارگێڕیی و هونەرییەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد تەواو بکرێت و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت"، بۆ ئەم مەبەستەش دەبوایە:

1-پرۆژەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئامادەبکردایە و خوێندنەوەی بۆ بکردایەو کاری بۆ پەسەندکردنی بکردایە. چونکە بەپێی لێدوانی فەرمی لایەنە سیاسییەکان بێت هیچ کۆسپێک نەماوەو لەسەر شێوازی چەند بازنەیی هەڵبژاردنەکە رێککەوتون.
2- یەک لەو ئەرکانەی دەبوایە پەرلەمان ئەنجامی بدات راستکردنەوەی ئەو پێشێلە یاساییە بو کە لە چوار ساڵی تەمەنیدا کردویەتی ئەویش کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی بو، کە لە (20/12/2019)ەوە ماوەی چوار ساڵە بەنایاسایی گوزەر دەکات و تەنها پەرلەمانیش لێی بەرپرسیارە. 
3-هەنگاوی بنایە بۆ ئامادەکردنی تۆمارێکی دەنگدەرانی پاک و بێگەرد. کە ئەمەشیان پەیوەندی بە خاڵی یەکەمەوە هەیە، چونکە ئەگەر کۆمسیۆن کارا نەکرێتەوە تۆمارێکی دەنگدەرانی بێگەرد نایەتە کایەوە، ئەگەر تۆماری دەنگدەرانێکی پاکیش نەبێت هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت.

ئەوەی جێگەی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەرکردنە پەرلەمان نەک هیچکام لەو ئەرکانەی ئەنجامنەدا، بەڵکو هیچ هەنگاوێکیشی نەنا بۆ ئەوەی ژینگەیەکی لەبار بڕەخسێنێ بۆ بەجێگەیاندنیان، زیاتر لەوەش پەرلەمان لەبری ئەوەی مەرجەعی چارەسەریی کێشەکان بێت، بەجۆرێک لە جۆرەکان بوە بەبەشێک لە هۆکاری ئاڵۆزییەکان.

ئەرکی سەرۆکایەتی هەرێم وێرای هەوڵدان بۆ سازان و لێک نزیکبونەوەی لایەنەکان و ئامادەسازی بۆ هێنانەکایەی کەشێکی لەبار بۆ هەڵبژاردن. راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن بو بە شێوەیەکی فەرمی، بەپێی بەدواداچونی ئێمە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمەوە پرسوڕا بە لایەنە سیاسییەکان کراوە بۆ دەستنیشانکردنی رۆژی هەڵبژاردن، لەسەر ئەم بنچینەیەش وەک بەجێگەیاندنی ئەرکێکی یاسایی رۆژی (18/11/2023) دەستنیشانکرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند لایەنێکی سیاسی نارەزاییان دەربڕیوە لەسەر وادەکەو رایانگەیاندوە کە پرسیان پێنەکراوە. 

ئەرکی لایەنە سیاسییەکانە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن بکەن، نەک کەمتەرخەمی بنوێنن یا لەمپەر دروستبکەن. کە بەگشتی بەسەر دو بەرەدا دابەش بون:

یەکەم: ئەو لایەنانەی لە دەسەڵاتن، کە خۆیان لە (پارتی و یەکێتی و گۆڕان)دا دەبیننەوە، هەرسێ لایەن بەیەکەوە و بە هاوکاری پێکهاتەکان هەڵبژاردنیان دواخست و تەمەنی پەرلەمانیان درێژکردەوە، هەرسێ لایەن کەمتەرخەمن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پارتی کە لە راگەیەنراوەکانیدا داوای هەڵبژاردن دەکات، زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستەوەیە بەڵام چوار ساڵە کورسییە بەتاڵەکانی کۆمسیۆنی پڕنەکردۆتەوە، یەکێتی و گۆڕان داوای هەڵبژاردنێکی پاک بێگەرد و یاسایی دەکەن، بەڵام چوار ساڵە هیچ هەنگاوێکیان نەناوە بۆ هێنانەکایەی تۆمارێکی بێگەرد و هیچ زەمینەسازییەکیان بۆی نەکردوە. لەکاتێکدا هەم سەرۆکی پەرلەمان لەسەر پشکی یەکێتیەو هەم ئەگەر کۆمسیۆن کارا بکرابوایە کۆمسیارەکانی ئەم دو لایەنە زیاتر بون لە لایەنەکانی تر، ئەمە جگە لەوەی سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردن بەدەستی بزوتنەوەی گۆڕانەوەیە. دەبوایە ئەو لایەنانە ئەو پرسیارە لەخۆیان بکەن: ئەگەر کۆمسیۆن کارا نەبێت چۆن ئەو تۆمارە دێتەکایەوە کە خوازیارن؟ کێ ئەو هەڵبژاردنە پاکە ئەنجام بدات کە داوای دەکەن؟

دوەم: ئەو لایەنانەی وەک ئۆپۆزسیۆن خۆیان نمایش کردوە و لەبەرامبەر درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا هەڵوێستیان وەرگرت، ئەوانیش بەسەر دو بەرەدا دابەش بون:

1-ئەوانەی دەستیان لە ئەندامێتی پەرلەمان کێشایەوە، وەک (فراکسیۆنی یەکگرتو و دو ئەندامی بزوتنەوەی گۆڕان).
2-ئەوانەی بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمان و کۆبونەوەی لیژنەکانیان کردوە (فراکسیۆنەکانی کۆمەڵ و نەوەی نوێ، چەند ئەندامێکی گۆڕان و سەربەخۆکان).
بەڵام ئەم دو بەرەیەی ئۆپۆزسیۆنیش کەمتەرخەمن بەبێ جیاوازی، چونکە هیچ هەوڵ و یادداشت و خۆپیشاندان و فشارێکی جددیان نەبینرا کە داوای هەڵبژاردن بکەن. 

کەواتە بەپێی ئەو رەوشەی دەگوزەرێت، ئەگەر لە رۆژژمێری کارەکانی پەرلەمان ورد بینەوەو هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، خەمساردی پەرلەمان و نەبونی هیچ ئامادەکاریی و رێکارێک، تا ئێستا شەش مانگ بەسەر درێژکردنەوەی تەمەنیدا تێپەڕیوەو هیچ کام لە کێشە دەستنیشانکراوەکانی چارەسەر نەکردبێت، نە بونی هەڵوێستی جددی لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەنجامدامی هەڵبژاردنێکی یاسایی دروست لە وادەی دیاریکراودا، دەگەینە ئەو ئەنجامەی بەم شێوازەی ئێستای پەرلەمان ناتوانێت ئامادەسازییەکان بکات، ئەگەر وا بڕوات دیسانەوە لەوادەی دەستنیشانکراوی دواخراودا هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت و جارێکی تریش تەمەنی خۆی درێژ دەکاتەوە، بوە درێژکردنەوەیەش هەم ژیان و گوزەرانی خەڵک خراپتر دەبێت و هەم ئەزمونی هەرێمیش دەکەوێتە بەر مەترسیی زیاترەوە.

بۆیە ئەگەر هەڵبژاردن لەوادەی دیاریکراودا ئەنجامنەدرێت و پەرلەمان بە ئەرکەکانی خۆی هەڵنەستێت، لێپرسراو دەبێت لەو قەیرانانەی روبەروی هەرێم دەبنەوە:
1-هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە.
2-حوکمرانیی هەرێم متمانەی خۆی بەتەواوی لەسەر ئاستی نێودەولەتی لەدەستدەدات و ئەزمونەکەی لەلایەن دۆست و هاوپەیمانەکانیەوە لەکەدارتر دەبێت.
3-پەرلەمان بە یاسا تەمەنی خۆی درێژکردۆتەوەو بیانوی درێژکردنەوەکەشی تەنها بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بو، کە لەو ماوەیەدا ئامادەکارییەکان نەکرابێت و هەڵبژاردن ئەنجامنەدرێت، ئەمەش دەری دەخات لە بنچینەدا مەبەست لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئەنجامدان و ئامادەکاریی هەڵبژاردن نەبوە. 
4-کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتوەکان جەخت لە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەنەوە، بە دواخستن و ئەنجامنەدانی سۆز و پالپشتی دۆست و هاوپەیمانەکان کەم دەبێتەوەو تێڕوانینێکی نێگەتیڤانەتر لەسەر هەرێم دروست دەبێت. بەمەش هەرێمی کوردستان وردەوردە پاڵپشتی دۆستەکانی لەدەست دەدات.
5- بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نایاسایی بونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەردەچێت، چونکە ئەوەی تێبینی دەکرێ تا ئێستا دادگاکە موراعاتی هەرێمی کردوە کە بڕیارەکەی دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەرنەکردوە. بەدەرچونی بڕیارەکەش ئەوەندەی تر هاوکێشەکان ئاڵۆزتر دەبن و بە زیانی هەرێم دەشکێنەوە.
6-لە ئەگەری دواخستنێکی تری هەڵبژاردندا هەرێم کێشەی بودجەو موچەی فەرمانبەرانی بۆ دروست دەبێ، چونکە عیراق لەسەر بنەمای یاسایی هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێم دەکات، کاتێکیش هەرێم بکەوێتە بۆشایی یاساییەوە گرفت دروستدەبێت.

بۆ ئەوەی هیچیتر تەمەنی پەرلەمان درێژ نەکرێتەوە و لەوە زیاتر ئەزمونی هەرێم لەبەر چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستەکانی لەکەدارتر نەبێت، پێویستە:

1-لایەنە سیاسییەکان هەمو خەمێکیان ئەوەبێت کە ئامادەکاری بکرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.
2-سەرۆکایەتی پەرلەمان دانیشتنەکانی دەستپێبکاتەوە، لە زوترین کاتدا کۆمسیۆن کارا بکاتەوەو هەمواری یاسای هەڵبژاردن پەسەند بکات.
3- بەچاودێری پەرلەمان و هەماهەنگی نێوان کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیار لە تۆمارێکی بایۆمەتری بێگەرد بدرێت و کاری لەسەر بکەن.

خۆ ئەگەر ئەمانە نەکرێن، سەرباری ئەو هەمو قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییانەی بەرۆکی هەرێمیان گرتوە، بەدڵنیاییەوە بارودۆخێکی نائاسایی تر روبەڕوی هەرێم دەبێتەوە، لایەنە بەرپرسەکان ئۆباڵی ئەو لێپرسراوییەتییە مێژوییەیان دەکەوێتە ئەستۆ، بە پلەی یەکەمیش لەروی یاساییەوە دەکەوێتە ئەستۆی پەرلەمانەوە، بەتایبەت لە ئیستادا کە وێرای نیگەرانیی هاوپەیمانەکانی،  لەلایەن نەیارانی هەرێمەوە جولەیەک لە ئارادایە بۆ بچوککردنەوەو لەقالبدانی حوکمرانییەکەی، ئەگەر وابڕوات رۆڵی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان کەمتر نابێت لە نەیارەکانی. دەبێ ئەو راستییەش بزانرێت بەو هەمو تێبینیانەوە کە لەسەر پەرلەمانی کوردستان و هەلبژاردنەوە هەیە، تا ئێستاش لەلایەن هێزە سیاسییەکانەوە هیچ بژاردەیەکی تر لەدەرەوەی پەرلەمان وەک ئەلتەرناتیڤێکی باشتر و گونجاوتر پێشنیازنەکراوە و نییە. هەر بۆیە بەدیلی هەڵبژاردن تەنها هەڵبژاردنە، ناکرێ بەبیانوی لاوازی پەرلەمانی ئێستاوە ئەم پرۆسە گرنگە پشتگوێ بخرێ و زۆرینەیەکی خۆسەپێن لە حوکم کردن بەردەوام بن. 

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
15/4/2023

لینكی هەواڵەكە:

https://www.awene.com/detail?article=87436