2.jpg

دواخستنی هەڵبژاردن ئەزمونی هەرێم رووبەڕووی مەترسیی زیاتر دەکاتەوە

Apr 15, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان یادداشتێكی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان بڵاكردەوە و رایگەیاند، دواخستنی هەڵبژاردن ئەزمونی هەرێم رووبەڕووی مەترسیی زیاتر دەکاتەوە.

لە یادداشتەكەدا هاتووە، بەپێی یاسا دەبوایە لە ئەیلولی ساڵی 2022 هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان ئەنجامبدرێت، بەڵام لە دانیشتنی رۆژی (9/10/2022) پەرلەمان بەپێی یاسای ژمارە (12)ی ساڵی 2022 "تا كۆتایی وەرزی یاسادانانی پایزەی ساڵی 2023" تەمەنی خۆی درێژكردەوە و بۆ ماوەی ساڵێك هەڵبژاردنی دواخست، هەرچەندە بەپێچەوانانەی خولەکانی پێشوو کە تەمەنی خۆیان درێژ دەکردەوە هیچ هۆکارێکی سیاسی و یاسایی نەبوو لەدەرەوەی ویست و دەسەلاتی پەرلەمانی کوردستان. بەلام پەرلەمان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی لە هۆیەكانی دەرچواندنی یاساكەیدا چەند بیانوێکی هێناوەتەوە.

ئاماژبە بۆ ئەوەش كراوە، كە ئەركی لایەنە سیاسییەكانە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكەن، نەك كەمتەرخەمی بنوێنن یا لەمپەر دروستبكەن.

لەبەرامبەر ئەنجامنەدانی هەڵبژردنیش ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان چەندین مەترسی خستۆتە ڕوو، لەوانە هەرێمی كوردستان دەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە، حوكمرانیی هەرێم متمانەی خۆی بەتەواوی لەسەر ئاستی نێودەولەتی لەدەستدەدات و ئەزمونەكەی لەلایەن دۆست و هاوپەیمانەكانیەوە لەكەدارتر دەبێت، پەرلەمان بە یاسا تەمەنی خۆی درێژكردۆتەوەو بیانووی درێژكردنەوەكەشی تەنها بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بوو، كە لەو ماوەیەدا ئامادەكارییەكان نەكرابێت و هەڵبژاردن ئەنجامنەدرێت، ئەمەش دەری دەخات لە بنچینەدا مەبەست لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئەنجامدان و ئامادەکاریی هەڵبژاردن نەبووە. و چەندین خاڵی تر.

دەقی یادداشتەكە:

دواخستنی هەڵبژاردن ئەزمونی هەرێم رووبەڕووی مەترسیی زیاتر دەکاتەوە

 بەپێی یاسا دەبوایە لە ئەیلولی ساڵی 2022 هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان ئەنجامبدرێت، بەڵام لە دانیشتنی رۆژی (9/10/2022) پەرلەمان بەپێی یاسای ژمارە (12)ی ساڵی 2022 "تا كۆتایی وەرزی یاسادانانی پایزەی ساڵی 2023" تەمەنی خۆی درێژكردەوە و بۆ ماوەی ساڵێك هەڵبژاردنی دواخست، هەرچەندە بەپێچەوانانەی خولەکانی پێشوو کە تەمەنی خۆیان درێژ دەکردەوە هیچ هۆکارێکی سیاسی و یاسایی نەبوو لەدەرەوەی ویست و دەسەلاتی پەرلەمانی کوردستان. بەلام پەرلەمان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی لە هۆیەكانی دەرچواندنی یاساكەیدا چەند بیانوێکی هێناوەتەوە، کە بریتی بوون لە:

1-رێگری كردن لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی.

2-گەرەنتیكردنی پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەكان.

3-تەواوكردنی ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد.

4-دەستەبەركردنی تۆماری بایۆمەتری پاك و بێگەرد.

5-ڕەخساندنی ژینگەیەكی سیاسی لەبار بۆ هێنانەدی یەكڕیزی و كۆدەنگی نیشتیمانی.

بەڵام هۆكارە راستەقینەكانی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان هیچ كام لەو بیانوانە نەبوون كە لە یاساكەدا ریزكراون، چونكە ئەو بیانوانەی هێنرابوونەوە دەرەنجام بوون نەك هۆكار، لە راستیدا هۆكارە هەقیقییەكان بریتی بوون لە:

1-خراپی رەوشی جەماوەریی لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان و ترسیان لە هەڵبژاردن كە دەنگ و كورسیەكانیان كەم بێتەوە.

2-ململانێی ناتەندروستی لایەنە سیاسییە باڵادەستەكان و باوەڕ نەبوونیان بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات.

هەر ئەم هۆكارانەش بوونە مایەی ئەوەی پەرلەمان كەمتەرخەم بێت و بە ئەرکەکانی هەڵنەستێت، نەك هەر ئەمە بەڵكو سەرۆكایەتی پەرلەمان بەبیانوی جیاجیاوە پەكی دانیشتنەكانیشی خستوە.

بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، پێویست بوو هەریەك لە لایەنە پەیوەندارەكان بە ئەركی یاسایی خۆیان هەڵسن، دەبوایە پەرلەمان بەو ئەركانەی هەڵسێت كە لە چوار ساڵی تەمەنیدا لەئاستیاندا كەمتەرخەم بووە، لە ماوەی شەش مانگی دوای درێژكردنەوەی تەمەنی خۆیدا تەنها (5) دانیشتنی ئەنجامداوە، كە هیچ كام لە دانیشتنەكان پەیوەندیان بە بابەتی هەڵبژاردنەوە نەبووە، هیچكام لەو ئەركانە ئەنجامنەداوە كە پەیوەستن بوون بە هەڵبژاردنەوە، هیچ هەنگاوێكیشی نەناوە بۆ هێنانەدی ئامانجەكانی هۆكاری دەرچواندنی ئەو یاسایەی تەمەنی خۆی پێ درێژكردەوە.

هەروەك لە بڕگەی دووەمی ماددەی (1) ی یاسای درێژكردنەوەی تەمەنیدا هاتووە، كاری پەلەی پەرلەمان ئەوەبوو: "پێویستە ڕێكسازییە یاسایی و كارگێڕیی و هونەرییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد تەواو بكرێت و هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت"، بۆ ئەم مەبەستەش دەبوایە:

1-پرۆژەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئامادەبكردایە و خوێندنەوەی بۆ بكردایەو كاری بۆ پەسەندكردنی بكردایە. چونكە بەپێی لێدوانی فەرمی لایەنە سیاسییەكان بێت هیچ كۆسپێك نەماوەو لەسەر شێوازی چەند بازنەیی هەڵبژاردنەكە رێككەوتوون.

2- یەك لەو ئەركانەی دەبوایە پەرلەمان ئەنجامی بدات راستكردنەوەی ئەو پێشێلە یاساییە بوو كە لە چوار ساڵی تەمەنیدا كردویەتی ئەویش كاراكردنەوەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی بوو، كە لە (20/12/2019)ەوە ماوەی چوار ساڵە بەنایاسایی گوزەر دەكات و تەنها پەرلەمانیش لێی بەرپرسیارە.

3-هەنگاوی بنایە بۆ ئامادەكردنی تۆمارێكی دەنگدەرانی پاك و بێگەرد. كە ئەمەشیان پەیوەندی بە خاڵی یەكەمەوە هەیە، چونكە ئەگەر كۆمسیۆن كارا نەكرێتەوە تۆمارێكی دەنگدەرانی بێگەرد نایەتە كایەوە، ئەگەر تۆماری دەنگدەرانێكی پاكیش نەبێت هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت.

 ئەوەی جێگەی تێڕامان و هەڵوەستە لەسەركردنە پەرلەمان نەك هیچكام لەو ئەركانەی ئەنجامنەدا، بەڵكو هیچ هەنگاوێكیشی نەنا بۆ ئەوەی ژینگەیەكی لەبار بڕەخسێنێ بۆ بەجێگەیاندنیان، زیاتر لەوەش پەرلەمان لەبری ئەوەی مەرجەعی چارەسەریی كێشەكان بێت، بەجۆرێك لە جۆرەکان بووە بەبەشێك لە هۆكاری ئاڵۆزییەكان.

ئەركی سەرۆكایەتی هەرێم وێرای هەوڵدان بۆ سازان و لێك نزیكبوونەوەی لایەنەكان و ئامادەسازی بۆ هێنانەكایەی كەشێكی لەبار بۆ هەڵبژاردن. راگەیاندنی وادەی هەڵبژاردن بوو بە شێوەیەكی فەرمی، بەپێی بەدواداچوونی ئێمە لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمەوە پرسوڕا بە لایەنە سیاسییەكان كراوە بۆ دەستنیشانكردنی رۆژی هەڵبژاردن، لەسەر ئەم بنچینەیەش وەک بەجێگەیاندنی ئەرکێکی یاسایی رۆژی (18/11/2023) دەستنیشانكرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەند لایەنێكی سیاسی نارەزاییان دەربڕیوە لەسەر وادەكەو رایانگەیاندووە كە پرسیان پێنەكراوە.

ئەركی لایەنە سیاسییەكانە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن بكەن، نەك كەمتەرخەمی بنوێنن یا لەمپەر دروستبكەن. كە بەگشتی بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون:

یەكەم: ئەو لایەنانەی لە دەسەڵاتن، كە خۆیان لە (پارتی و یەكێتی و گۆڕان)دا دەبیننەوە، هەرسێ لایەن بەیەكەوە و بە هاوكاری پێكهاتەكان هەڵبژاردنیان دواخست و تەمەنی پەرلەمانیان درێژكردەوە، هەرسێ لایەن كەمتەرخەمن لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پارتی كە لە راگەیەنراوەكانیدا داوای هەڵبژاردن دەكات، زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستەوەیە بەڵام چوار ساڵە كورسییە بەتاڵەكانی كۆمسیۆنی پڕنەكردۆتەوە، یەكێتی و گۆڕان داوای هەڵبژاردنێكی پاك بێگەرد و یاسایی دەكەن، بەڵام چوار ساڵە هیچ هەنگاوێكیان نەناوە بۆ هێنانەكایەی تۆمارێكی بێگەرد و هیچ زەمینەسازییەکیان بۆی نەکردوە. لەكاتێكدا هەم سەرۆكی پەرلەمان لەسەر پشكی یەكێتیەو هەم ئەگەر كۆمسیۆن كارا بكرابوایە كۆمسیارەكانی ئەم دوو لایەنە زیاتر بوون لە لایەنەكانی تر، ئەمە جگە لەوەی سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن بەدەستی بزوتنەوەی گۆڕانەوەیە. دەبوایە ئەو لایەنانە ئەو پرسیارە لەخۆیان بكەن: ئەگەر كۆمسیۆن كارا نەبێت چۆن ئەو تۆمارە دێتەكایەوە كە خوازیارن؟ کێ ئەو هەڵبژاردنە پاکە ئەنجام بدات کە داوای دەکەن؟

دووەم: ئەو لایەنانەی وەك ئۆپۆزسیۆن خۆیان نمایش كردووە و لەبەرامبەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا هەڵوێستیان وەرگرت، ئەوانیش بەسەر دوو بەرەدا دابەش بوون:

1-ئەوانەی دەستیان لە ئەندامێتی پەرلەمان كێشایەوە، وەك (فراكسیۆنی یەكگرتوو و دوو ئەندامی بزوتنەوەی گۆڕان).

2-ئەوانەی بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمان و كۆبوونەوەی لیژنەكانیان كردووە (فراكسیۆنەكانی كۆمەڵ و نەوەی نوێ، چەند ئەندامێكی گۆڕان و سەربەخۆكان).

بەڵام ئەم دوو بەرەیەی ئۆپۆزسیۆنیش كەمتەرخەمن بەبێ جیاوازی، چونكە هیچ هەوڵ و یادداشت و خۆپیشاندان و فشارێكی جددیان نەبینرا كە داوای هەڵبژاردن بكەن.

كەواتە بەپێی ئەو رەوشەی دەگوزەرێت، ئەگەر لە رۆژژمێری كارەكانی پەرلەمان ورد بینەوەو هەڵسەنگاندنی بۆ بكەین، خەمساردی پەرلەمان و نەبوونی هیچ ئامادەكاریی و رێكارێك، تا ئێستا شەش مانگ بەسەر درێژكردنەوەی تەمەنیدا تێپەڕیوەو هیچ كام لە كێشە دەستنیشانكراوەكانی چارەسەر نەكردبێت، نە بوونی هەڵوێستی جددی لایەنە سیاسییەكان بۆ ئەنجامدامی هەڵبژاردنێكی یاسایی دروست لە وادەی دیاریكراودا، دەگەینە ئەو ئەنجامەی بەم شێوازەی ئێستای پەرلەمان ناتوانێت ئامادەسازییەكان بكات، ئەگەر وا بڕوات دیسانەوە لەوادەی دەستنیشانكراوی دواخراودا هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت و جارێكی تریش تەمەنی خۆی درێژ دەكاتەوە، بوە درێژکردنەوەیەش هەم ژیان و گوزەرانی خەڵک خراپتر دەبێت و هەم ئەزموونی هەرێمیش دەکەوێتە بەر مەترسیی زیاترەوە.

بۆیە ئەگەر هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراودا ئەنجامنەدرێت و پەرلەمان بە ئەركەکانی خۆی هەڵنەستێت، لێپرسراو دەبێت لەو قەیرانانەی رووبەرووی هەرێم دەبنەوە:

1-هەرێمی كوردستان دەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە.

2-حوكمرانیی هەرێم متمانەی خۆی بەتەواوی لەسەر ئاستی نێودەولەتی لەدەستدەدات و ئەزمونەكەی لەلایەن دۆست و هاوپەیمانەكانیەوە لەكەدارتر دەبێت.

3-پەرلەمان بە یاسا تەمەنی خۆی درێژكردۆتەوەو بیانووی درێژكردنەوەكەشی تەنها بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بوو، كە لەو ماوەیەدا ئامادەكارییەكان نەكرابێت و هەڵبژاردن ئەنجامنەدرێت، ئەمەش دەری دەخات لە بنچینەدا مەبەست لە درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان ئەنجامدان و ئامادەکاریی هەڵبژاردن نەبووە.

4-كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان جەخت لە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكەنەوە، بە دواخستن و ئەنجامنەدانی سۆز و پالپشتی دۆست و هاوپەیمانەکان کەم دەبێتەوەو تێڕوانینێکی نێگەتیڤانەتر لەسەر هەرێم دروست دەبێت. بەمەش هەرێمی کوردستان وردەوردە پاڵپشتی دۆستەکانی لەدەست دەدات.

5- بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نایاسایی بوونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەردەچێت، چونكە ئەوەی تێبینی دەكرێ تا ئێستا دادگاكە موراعاتی هەرێمی كردووە كە بڕیارەكەی دژی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان دەرنەكردووە. بەدەرچوونی بڕیارەکەش ئەوەندەی تر هاوکێشەکان ئاڵۆزتر دەبن و بە زیانی هەرێم دەشکێنەوە.

6-لە ئەگەری دواخستنێكی تری هەڵبژاردندا هەرێم كێشەی بودجەو موچەی فەرمانبەرانی بۆ دروست دەبێ، چونكە عیراق لەسەر بنەمای یاسایی هەڵسوكەوت لەگەڵ هەرێم دەكات، كاتێكیش هەرێم بكەوێتە بۆشایی یاساییەوە گرفت دروستدەبێت.

بۆ ئەوەی هیچیتر تەمەنی پەرلەمان درێژ نەكرێتەوە و لەوە زیاتر ئەزمونی هەرێم لەبەر چاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دۆستەكانی لەكەدارتر نەبێت، پێویستە:

1-لایەنە سیاسییەكان هەموو خەمێكیان ئەوەبێت كە ئامادەكاری بكرێت بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد.

2-سەرۆكایەتی پەرلەمان دانیشتنەكانی دەستپێبكاتەوە، لە زووترین كاتدا كۆمسیۆن كارا بكاتەوەو هەمواری یاسای هەڵبژاردن پەسەند بكات.

3- بەچاودێری پەرلەمان و هەماهەنگی نێوان كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بڕیار لە تۆمارێكی بایۆمەتری بێگەرد بدرێت و کاری لەسەر بکەن.

خۆ ئەگەر ئەمانە نەكرێن، سەرباری ئەو هەموو قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییانەی بەرۆکی هەرێمیان گرتووە، بەدڵنیاییەوە بارودۆخێكی نائاسایی تر رووبەڕووی هەرێم دەبێتەوە، لایەنە بەرپرسەكان ئۆباڵی ئەو لێپرسراوییەتییە مێژووییەیان دەكەوێتە ئەستۆ، بە پلەی یەكەمیش لەرووی یاساییەوە دەكەوێتە ئەستۆی پەرلەمانەوە، بەتایبەت لە ئیستادا كە وێرای نیگەرانیی هاوپەیمانەكانی،  لەلایەن نەیارانی هەرێمەوە جولەیەك لە ئارادایە بۆ بچوككردنەوەو لەقالبدانی حوكمرانییەکەی، ئەگەر وابڕوات رۆڵی لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان کەمتر نابێت لە نەیارەكانی. دەبێ ئەو راستییەش بزانرێت بەو هەموو تێبینیانەوە كە لەسەر پەرلەمانی كوردستان و هەلبژاردنەوە هەیە، تا ئێستاش لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە هیچ بژاردەیەكی تر لەدەرەوەی پەرلەمان وەك ئەلتەرناتیڤێكی باشتر و گونجاوتر پێشنیازنەكراوە و نییە. هەر بۆیە بەدیلی هەڵبژاردن تەنها هەڵبژاردنە، ناكرێ بەبیانووی لاوازی پەرلەمانی ئێستاوە ئەم پرۆسە گرنگە پشتگوێ بخرێ و زۆرینەیەكی خۆسەپێن لە حوكم كردن بەردەوام بن.

 

 ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان

15/4/2023