perlemanikurdstan.jpg

بێ سەرەوبەرەیی لە پەرلەمانی کوردستاندا

Mar 28, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

 

 

پەرلەمان بەرزترین دامەزراوەی هەرێمە، پێویستە لە دەركردنی یاسا و بڕیارەكانیدا ورد بێت و كەمترین هەڵە بكات، چونكە جگە لەوەی (111) ئەندامی هەیە، زۆرینەیان خاوەنی بڕوانامەی بەرزن، سەرۆک و جێگرەکەی بڕوانامەی دکتۆریان هەیە، خاوەنی (19) لیژنەی هەمیشەیی و نزیكەی (٧٠٠) فەرمانبەرە بە پسپۆری و پلەی جیاجیا، جگە لە هەموو ئەمانە زیاد لە (٥٠) راوێژكاری پلەبەرزی هەیە لە بوارە جیاجیاكاندا. كەچی لەدەركردنی یاساو بڕیارەكانیدا زۆرترین هەڵەی یاسایی و زمانەوانی هەیە، ئەمانەش گرفت دروستدەكەن لە ساتی جێبەجێكردنی یاساكان و بۆچوونی جیاوازیان لەسەر دروستدەبێت. پەرلەمان كە خۆی یەكێك لە ئەركەكانی چاودێریكردنە، سەرباری ئەوەی هەمیشە هەڵە گەلێك دەكات كەچی رێگە نادات هیچ لایەن و دامەزراوێکی مەدەنیش چاودێریی بکات!

ئەوەی لێرەدا ئەمجارە باسی دەكەین، نە ئەو یاسایانەن كە پەسەندكراون و هەڵەیان تیایە و نە ئەوانەشن كە بەهەڵە بڵاوكراونەتەوە، ئەو یاسایانەش نین كە لیژنە یاساییەكەی سەرۆكایەتی هەرێم بەر لە واژۆی سەرۆكی هەرێم دەیانگێڕێتەوە، بەڵكو نوسراوێكی زۆر ئاسایی كارگێڕییە كە واژۆی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمانی بەسەرەوەیە و بەمەبەستی گەڕانەوە سەركاری پەرلەمانتار (عەلی حەمە سالح) لەدوای خانەنشینی دەریكردووە. لە نوسراوێكی چەند دێریدا بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان ئەم هەڵانەی كردووە:

1-نوسراوەكە لە رۆژی (27/3/2023) واژۆ كراوە، كەچی مێژووی (27/3/2022)ی بەسەرەوەیە، بەمەش دەردەكەوێت كە پەرلەمان هێشتا لە زەمەنێكدا دەگوزەرێت كە تەمەنی بەسەر نەچووە و هێشتا تەمەنی خۆی درێژ نەكردۆتەوە، دیارە هەر لەبەر ئەو خەیاڵەشە تا ئێستا هیچ ئامادەكارییەكی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەكردووە و یاساكەی هەموار نەكردووەو كۆمسیۆنیشی دوای بەسەرچوونی چوار ساڵ بەسەر تەمەنی یاساییدا كارا نەكردۆتەوە!

2-لە ناوەرۆكی نوسراوەكەدا ئاماژە بە بڕگەو مادەیەكی یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2023 كراوە، ئەمە لەكاتێكدا لەم ساڵەدا پەرلەمان جگە لە كۆبوونەوەی دەستپێكی خول تەنها یەك كۆبوونەوەی ئەنجامداوەو هیچ یاسایەكیشی دەرنەكردووە كە لە وەقائیعی کوردستاندا بلاوكرابێتەوەو چووبێتە بواری جێبەجێكردنەوە، چجای ئەوەی بەرێز سەرۆكی پەرلەمان ئاماژە بە یاسای ژمارە (3) بدات! لە راستیدا ئەمە یاسای ژمارە (2)ی چاكسازی لەموچەو دەرماڵەو بەخشین وئیمتیازاتەكان وخانەنشینی لەهەرێمی كوردستانە كە لە ساڵی (2020) دەرچووە نەك (2023).

3-لەپەراوێزی نوسراوەكەدا ئاماژە بە چەند لایەنێك دراوە كە وێنەیان بۆ ناردراوە، یەكێك لەو لایەنانەی نوسراوەكەیان ئاراستەكراوە (وەزارەتی تەندروستی)ە، ئەمەش هەڵەیەكی گەورەیە، چونكە بەڕێز عەلی حەمەسالح نە پزیشك و نە یاریدەدەری پزیشكی و نە كارمەندی ئەو وەزارەتەش بووە، لەڕاستیدا دەبوایە نوسراوەكە ئاراستەی (وەزارەتی پەروەردە) بكرایە، چونكە بەڕێزیان مامۆستا بووەو لەچوارچێوەی ئەم وەزارەتەدا كاری كردووە.

٤-لەهەمووی سەیرتر و هەڵەی زەقتر ئەوەیە کە ئەو کلێشەیەی بەڕێز سەرۆکی پەرلەمان واژۆی لەسەر کردووە کلێشەی سەرۆکی پەرلەمان نیە، کلێشەی سەرۆکی دیوانیش نیە، بەڵکو کلێشەی بەڕێوەبەری بەشێکی زۆر ئاساییە کە (بەڕێوەبەرێتی کاروباری پەرلەمان)ە، ئەمەش شکاندنی پرۆتۆکۆل و زنجیرەی کارگێڕییە کە بەڕێزیان پەیان پێ نەبردووە.

لێرەدا دوو پرسیار دێتە کایەوە: یەکەمیان: ئایا بەڕێز عەلی حەمەسالح بەم نوسراوە هەڵە ئامێزە دەتوانێ بگەڕێتەوە سەر کارەکەی؟ پرسیاری دووەمیش ئەوەیە ئەگەر لە نوسراوێكی چوار دێریدا چوار هەڵەی گەورەی زەق بەسەر بەڕێز سەرۆكی پەرلەماندا تێپەڕێت و واژۆی بكات، ئاخۆ  دەبێ هەڵەكانی نێو یاساو بڕیارەكان چەند بن!؟

ئێمە وەك ئینستتیوتی پەی كە چاودێریی پەرلەمانمان كردووە، تاكە مەبەستمان ئەوەیە ئەم دەزگا گرنگ و نیشتیمانییە لەمە زیاتر لاواز پیشان نەدرێت چیتر هەڵەی بەناوەوە نەكرێت و لەمە زیاتر هاوڵاتیان لێی بێ ئومێد نەبن.

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان

28/3/2023