Chawder.jpg

راپۆرتێك لە چاودێریی جێبەجێكردنی سیاسەت و رێوشوێنەكانی باجی خانوبەرە لە هەرێمی كوردستان بڵاودەكرێتەوە

Feb 4, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان (PAY)، بەهاوكاری رێكخراوی پەیمانگەی دیموكراسی نیشتمانی  (NDI)، راپۆرتی كۆتایی پرۆژەی (چاودێری جێبەجێكردنی سیاسەت و ڕێوشوێنەكانی باجی خانووبەرە لە هەرێمی كوردستان)دا بڵاودەكاتەوە.
وابڕیارە سبەینێ‌ یەكشەمە 5/2/2023 كاتژمێر (11:00) ی سەرلەبەیانی لە هۆتێل رامادا  لە شاری سلێمانی لەلایەن ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان (PAY)، بەهاوكاری رێكخراوی پەیمانگەی دیموكراسی نیشتمانی (NDI)، راپۆرتی كۆتایی پرۆژەی (چاودێری جێبەجێكردنی سیاسەت و ڕێوشوێنەكانی باجی خانووبەرە لە هەرێمی كوردستان)دا بڵاوبكرێتەوە.
سەبارەت بە دواهەمین چالاكی رێكخراوەكە، (د. سەروەر عەبدولڕەحمان عومەر) سەرۆكی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان  (PAY)تایبەت بە چاودێر رایگەیاند، راپۆرتەكە لە (140) لاپەڕە پێكهاتووە و بە هەرسێ‌ زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە، كە بە بەهاوكاری رێكخراوی پەیمانگەی دیموكراسی نیشتمانی (NDI)ئامادەكراوە و لەلایەن كەسانی شارەزا و پسپۆر لە بواری ئابووری و دوای چەندین وۆركشۆپ و دیدار و گفتوگۆی چر لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك راپۆرتەكە ئامادە كراوە.
سەبارەت بە ناوەڕۆكی راپۆرتەكەش وتی: ئەم راپۆرتە، جێبەجێكردنی یاسای باجی خانوبەرە و ڕێنماییەكانی لە هەرێمی كوردستان بە ئامانج دەگرێت، بۆ نموونە ئایا سیاسەتی دیاریكردنی كارمەندەكانی باجی خانوبەرە لەو فەرمانگانەدا چۆنە؟ ئایا سیاسەتی فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە لە ڕوانگەی گەشەپێدانی هوشیاریی باجدان، چ بۆ كارمەندەكانی خۆیان یان توێژی باجدەری خانوبەرە چۆنە؟ ئایا سیاسەتی فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە دەربارەی خەمڵاندنی بڕی باج لەسەر موڵکەكانی باجدەر چۆنە؟ و هتد.، بۆیە هەوڵمانداوە لەم راپۆرتەدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و چەند پرسیاری دیكە بدەینەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، توێژەرانی ئامادەكردنی راپۆرتەكە بە چەند ئەنجامێكی گرنگ گەیشتوون، كە سەرجەمیان لە راپۆرتەكەدا جێگەیان بۆ كراوەتەوە و بەخاڵ دەستنیشانكراوە، ئیمە جگە لە ئامادەكردنی چەندین راسپاردە بەمەبەستی باشتر بەڕێوەچوونی پرۆسەی باجی خانوبەرە لە هەرێمی كوردستاندا، كە خستومانەتە  بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەكان.
سەبارەت بەو ئاڵنەگارییەكانەی رووبەروی بونەتەوە لە كاتی ئامامادەكردنی راپۆرتەكە وتی: لە درێژەی كارەكەماندا رووبەڕووی كۆمەڵێك ئاڵنگاری بووینەوە لەوانە بە ئەستەم دەستكەوتنی داتا و ئامار و زانیاری لەسەر داهات و خەرجیی باجی خانوبەرە و گۆڕانی خێرای نرخی زەوی و خانوو و بەكرێدان، چونكە ئەمە لە دەوڵەتانی تازە گەشەسەندودا، دیاردەیەكی ئاساییە، لەبەرئەوە دەخوازرێت هەمیشە یاسا و ڕێنمایی و سیاسەتەكان لەگەڵ گۆڕانكاریەكاندا بگونجێندرێت، چەندین ئالنەگاری تر كە لە راپۆرتەكە بوردی جێگەی كراوەتەوە.
لە كۆتایشدا وتی: بۆ ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە (280) فڕۆم بەسەر باجدەر و فەرمانبەرانی باج و خانوبەرە لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك دابەشكراوە، لە رێگەی داتاو زانیاری ناو فۆڕمەكان گەیشتووین بە چەندین زانیاری گرنگ و هەموو داتاكانیش بە وردی رونكراونەتەوە و لە رۆژی یەكشەممە بۆ میدیاكان و رایگشتی چاودێریی جێبەجێكردنی سیاسەت و رێوشوێنەكانی باجی خانوبەرە لە هەرێمی كوردستان بڵاودەكەینەوە.

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://chawder.org/detailnews.aspx?jimare=37430&cor=15&related=2