Kurdstanynwe.jpg

چاودێریی جێبەجێكردنی سیاسەتی رێوشوێنەكانی باجی خانووبەرە

Feb 5, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

جەمال سەرگەتی


ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان(PAY)، بەهاوكاری رێكخراوی پەیمانگەی دیموكراسی نیشتمانی (NDI)، راپۆرتی كۆتایی پڕۆژەی (چاودێری جێبەجێكردنی سیاسەت و رێوشوێنەكانی باجی خانووبەرە لە هەرێمی كوردستان) بڵاوکردەوە.
راپۆرتەكە لە (140) لاپەڕە پێكهاتووە و بە هەرسێ‌ زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی بڵاودەكرێتەوە، راپۆرتەکە لەلایەن كەسانی شارەزا و پسپۆڕ لە بواری ئابووری و دوای چەندین وۆركشۆپ و دیدار و گفتوگۆی چڕ لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك ئامادە كراوە.

ئامانجی راپۆرتەکە
سەروەر عەبدولڕەحمان سەرۆكی ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان رایگەیاند، ناوەڕۆکی راپۆرتەکە جێبەجێكردنی یاسای باجی خانووبەرە و رێنماییەكانی لە هەرێمی كوردستان بە ئامانج دەگرێت و توێژەرانی ئامادەكردنی راپۆرتەكە بە چەند ئەنجامێكی گرنگ گەیشتوون، سەرجەمیان لە راپۆرتەكەدا جێگەیان بۆ كراوەتەوە و بەخاڵ دەستنیشانكراوە، جگە لە ئامادەكردنی چەندین راسپاردە بە مەبەستی باشتر بەڕێوەچوونی پڕۆسەی باجی خانووبەرە لە هەرێمی كوردستاندا خستومانەتە بەردەم لایەنە پەیوەندیدارەكان.
سەرۆكی ئینستیتیوتی پەی ئاماژەی بەوەکرد، لە درێژەی كارەكەماندا رووبەڕووی كۆمەڵێك ئاڵنگاری بووینەوە لەوانە بە ئەستەم دەستكەوتنی داتا و ئامار و زانیاری لەسەر داهات و خەرجی باجی خانووبەرە و گۆڕانی خێرای نرخی زەوی و خانوو  بەكرێدان، هەروەها كۆنیی یاسای باجی خانووبەرە و هەمواركردنەوەی زۆری ئەو یاسایە و نەبوونی هەماهەنگی ستوونی و ئاسۆیی لەسەر ئاستی فەرمانگەكانی خانووبەرە لەگەڵ فەرمانگەكانی تری حكومەت، هەروەها نەناردنی پڕۆژە  یاسای بودجەی گشتی هەرێمی كوردستان بۆ پەرلەمان .

وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکان
محەمەد كەریم توێژەری پڕۆژەكە لەسەر ناوەڕۆکی راپۆرتەکە رایگەیاند، ئەم پڕۆژەیە بە بەشداری هەریەكە لە لیژنەكانی سامانە سروشتییەكان و دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان، وەزارەتی ئابووری و دارایی، وەزارەتی پلاندانان، ئەنجومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و زانكۆكانی (سلێمانی، لوبنانی- فەڕەنسی و سەڵاحەدین)، دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان، دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان، ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان، راگەیاندكارانی كوردستان و عیراق و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە هەرێمی كوردستان ئامادەكراوە.
توێژەری پڕۆژەكە خشتەكانی ناو راپۆرتەكەی بە ودری بۆ ئامادەبوان خستەڕوو چەندین پرسیاری لەخۆ گرتبوو لەوانە: ئایا بە ئامادەیی خۆت باج لەسەر موڵكەكەت دادەندرێت؟ هەست دەكەیت بڕی باجی سەر موڵكەكەت دادپەروەرانەیە؟ ئایا بە ئامادەیی خۆت باج لەسەر موڵكەكەدا دادەنرێت؟ زۆرینەی وەڵامەكان نەخێر بوون.
هەروەها وەڵامی پرسیاری، ئایا تاچەند هۆشمەندیت هەیە لەسەر یاسا و رێنماییەكانی باجی خانووبەرە؟ زۆربەی وەڵامەكان كەم بووە، واتا زۆربەیان وتوویانە كەم هۆشمەندییان هەیە لەسەر یاسا و رێنمایی باج و خانووبەرە، لەگەڵ چەندین پرسیاری دیكە، كە پێشتر لە رێگەی فۆڕمێكەوە ئاراستەی فەرمانبەرانی باجی خانووبەر و باجدەرانی هەرێمی كوردستان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كرابوەوە.

بەرەوپێشبردنی کارەکانی حکومەت
لە راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، رێژەی پیاوان لە فەرمانبەراندا دەگاتە %49 و لە ژناندا دەگاتە %50  ئەم رێژەیەش جۆرێكە لە راگرتنی باڵانسی رەگەزی لە فەرمانبەرەكاندا  ئەوە بەخاڵێكی پۆزەتیڤ بۆ ئەو فەرمانگانە تۆمار دەكرێت.
ستیڤ دریهاوس بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی (NDI)وتی: ئەم جۆرە پڕۆژانە بەهیچ شێوەیەك بۆ ئەوەنییە دژایەتی حكومەت بكات، بەڵكو بۆ ئەوەیە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەست لەناو دەست بن بۆ ئەوەی كارەكانی حكومەت بەرەوپێش ببەن.
وتیشی، حكومەت بۆ خەڵك دروستبووە، بۆیە زۆر گرنگە حكومەت سەیری سیاسەتی كارەكانی خۆی بكاتەوە، بۆ ئەوەی ئاگاداربێت چەند كارەكانی لە خزمەتی هاووڵاتیان دایە و چەندە لێی رازین، هەروەها  رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی رۆڵێكی زۆر گرنگیان هەیە لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەت كاربكەن ئەو لێپرسراوێتییە نیشانی حكومەت بدەنەوە، لە بەرامبەر هەر سیاسەتێكدا دەیگرێتەبەر.
بەپێی ئەنجامی راپرسییەکەی رێكخراوی ئینستیتیویتی پەی، لەناو فەرمانگەی باجی خانووبەرە زۆرترین رۆتین هەیە.

280 فۆڕم دابەشکراوە
بۆ ئامادەكردنی راپۆرتەکە (280) فۆڕم بەسەر باجدەر و فەرمانبەرانی باج و خانووبەرە لە شارەكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك دابەشكراوە، لە رێگەی داتاو زانیاری ناو فۆڕمەكان گەیشتووین بە چەندین زانیاری گرنگ و هەموو داتاكانیش بە وردی روونكراونەتەوە.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە وێڕای چەندین بەدواداچوون و كۆكردنەوەی زانیاری و چەند چالاكییەك بڕیار درا بۆ هەریەك لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی و دهۆك 50 فۆڕم بۆ فەرمانبەران و 50 فۆڕمیش بۆ هاووڵاتیان تەرخان بكرێت بە ئامانجی روپێوییەكی مەیدانی بۆ هەر پارێزگایەك، جگە لەوانەش لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەزارەتی دارایی و پلاندانان و ژوورەكانی بازرگانی و بەڕێوەبەرایەتیەكانی باجی خانووبەرە و دیوانی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاكی و كەسانی ئەكادیمی و نۆ رێكخراوی ناحكومی بەشدارییان تێدا كردووە.
ئینستیتیوتی پەی رێكخراوێكی ناحكومی سەربەخۆیە و ساڵی 2013 لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومیەكانی هەرێمی كوردستان و ساڵی 2022 لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومیەكانی عیراق لە بەغدا تۆماركراوە.

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://knwe.org/KU/Details/6828