4.jpg

بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی (NDI): بەختەوەرین كە لە كوردستان رێكخراوێكی وەكو ئینستتیوتی پەی هەیە

Feb 5, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكشەممە 5/2/2023 كاتژمێر (11:00) ی سەرلەبەیانی لە هۆتێل رامادا  لە شاری سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا بە ئامادەبوونی (ستیڤ دریهاوس) بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی (NDI)ی ئەمەریکی لە عێراق و نوێنەرانی هەمان رێكخراو و نوێنەرانی دامودەزگا فەرمییەكان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و  میدیاكاران لەلایەن ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان (PAY)، بەهاوكاری رێكخراوی پەیمانگەی دیموكراسی نیشتمانی (NDI)، راپۆرتی كۆتایی پرۆژەی (چاودێری جێبەجێكردنی سیاسەت و ڕێوشوێنەكانی باجی خانووبەرە لە هەرێمی كوردستان)دا بڵاوكرایەوە.

(ستیڤ دریهاوس) بەڕێوەبەری گشتی رێكخراوی (NDI) لە عێراق لە مەراسیمەكەدا وتەیەكی پێشكەش كرد و رایگەیاند: لەلایەن خۆمانەوە سوپاسی ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان دەكەین، كە توانیان لە ماوە رابردوو ئەم پڕۆژە گەورەیە بەئەنجام بگەیەنن، هەروەها سوپاسی نوێنەری ئەم فەرمانگانە دەكەین كە هاوكار بوون بۆ سەرخستنی پرۆژەكە.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، رێكخراوی (NDI) دەست لەناو دەست كاردەكات لەگەڵ حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بۆ بەرەو پێشبردنی ئەو رێكارە ئاساییانەی كە پێویستن، بەتایبەتی لەگەڵ رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی كە چۆن بتوانن لەگەڵ حكومەتدا هاوكاری یەكتری بكەن، وتیشی: ئەم جۆرە پڕۆژانە بەهیچ شێوەیەك بۆ ئەوە نییە كە دژایەتی حكومەت بكات، بەڵكو بۆ ئەوەیە رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی دەست لەناو دەست بن بۆ ئەوەی كارەكانی حكومەت بەرەو پێشەوە ببەن.

وتیشی: حكومەت بۆ خەڵك درووستبووە، بۆیە زۆر گرنگە حكومەت سەیری سیاسەتی كارەكانی خۆی بكاتەوە، بۆ ئەوەی ئاگاداربێت چەند كارەكانی لە خزمەتی هاووڵاتیان دایە و چەندە لێی رازین، هەروەها  رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی رۆڵێكی زۆر گرنگیان هەیە لە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لەگەڵ حكومەت كاربكەن ئەو لێپرسراویەتیە نیشانی حكومەت بدەنەوە، كەلەبەرامبەر هەر سیاسەتێكدا دەیگرێتەبەر.

لە كۆتایشدا وتی: ئێمە زۆر بەختەوەرین كە لە كوردستان رێكخراوێكی وەكو ئینستتیوتی پەی هەیە، كە دەتوانن كار لەسەر ئەم جۆرە پڕۆژانە بكەن.

 بۆ بینی دەقی وتارەكانی كلیك لێرە بكە