perleman.jpg

پەرلەمانی کوردستان بایکۆتی دادگای فیدراڵیی عێراقی کرد

Jan 30, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

بەپێی سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی كوردستانەوە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە ماڵپەرشی (روانگەی پەی) راگەیاند كە رۆژی (29/1/2023) سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاریدا تیمی پارێزەرانی پەرلەمانی کوردستان بایکۆتی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بكەن. بیانوی بایكۆتكردنەكەش وەکو ناڕەزایی دەربڕینێكە بەرامبەر دوایین بڕیاری ئەو دادگایە لە دژی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان. بەڵام سەرچاوەكە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە سەرۆكایەتی پەرلەمان پێیان وایە دادگای فیدراڵی بڕیارەكە هەر دەردەكات ئەگەر ئێمە وەك پەرلەمان بەشدار بین لە دانیشتنەكانی دادگا یان نا، بڕیارەكەش لە بەرژەوەندی پەرلەمانی كوردستان نابێت و هەر بۆیە دەستەی سەرۆكایەتی وای پێ باشتر بوو بەر لە دەرچوونی بڕیارەكە بایكۆتی دادگاكە بكەین. بڕیارە رۆژی 31ـی کانوونی دووەم دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق دووەم کۆبوونەوە لەبارەی چەند سکاڵایەک بکات کە لە دژی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراوە. سكالاكان لەلایەن هەریەك لە (د.یوسف محەمەد سادق) سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و (شاسوار عەبدولواحید) سەرۆكی جولانەوەی نەوەی نوێ و (سروە عەبدولواحید) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران و (كاوە عەبدولقادر) ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر لیستی نەوەی نوێوە تۆمار كراون. رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نادەستووریبوونی بڕیارەكانی ئەنجوومەنی وەزیرانی پێشوو و ئێستای عێراق لەبارەی ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان.