Dangiamrika.jpg

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2022دا تەنها 25 دانیشتنی ئەنجام دا

Jan 5, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 70 ڕۆژە هیچ کۆبونەوەیەکی نەکردووە و لە ماوەی دوازدە مانگی ڕابردوودا لە کۆی 100 دانیشتن کە لە ڕووی یاساییەوە پێویستبوو ئەنجامی بدات تەنها 25 دانیشتنی ئەنجام داوە، ئەمە بەگوێرەی ڕێکخراوێکی چاودێری کارەکانی پەرلەمان.

ئینستتیوتی پەی بۆ گەشەپێدان و پەروەردە کە چاودێری کارەکانی پەرلەمان دەکات دەڵێت كۆی ئەو پەیام و بەیاننامانەی کە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە ماوەی خولی پایزیدا بڵاویکردونەتەوە بریتین لە 48 پیرۆزبایی، 24 پرسەنامە، 11 هاوخەمی، 6 ئیدانە و 1 سوپاسنامە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لەو ماوەیە پەرلەمان تەنها 15 دانیشتنی ئەنجامداوە و هیچ بڕیارێکی دەرنەکردووە و هیچ لێپرسينەوەی لەگەڵ ئەندامانى ئەنجومەنى وەزيران نەكردووە.

سەبارەت بە هۆکاری سستی لە کارەکانی پەرلەمان، سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فڕاکسیۆنی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، لایەنە سیاسییەکان، بەدەنگەوە نەهاتنی پەرلەمان لەلایەن حکومەتەوە، ئەمانە هۆکاری پەکخستنی دانیشتنەکانی پەرلەمانن."

هەروەها راوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستان، کە داوایکرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی پێشتر ڕێککەوتبوون لەسەر دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان "بەڵام بایکۆتکردنی حکومەت لەلایەن تیمی یەکێتییەوە ڕێککەوتنەکەی شکست پێهێنا."

ئەو ڕاوێژکارە سەرەڕای ئالۆزبوونی پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی، پەککەوتنی کاری پەرلەمانی گەڕاندەوە بۆ پرسی دەستلەکارکێشانەوەی و بایکۆتی یەکجاری زیاتر لە 15 پەرلەمانتار بەهۆی ناڕەزایەتییان لە درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولە.

ڕاوێژکارەکە ڕایگەیاند، "پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ و ئەوانی تریش کە دانیشتنەکانی پەرلەمانیان بایکۆتکردووە، هەوڵدرا لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێ و شوێنەکانیان پڕ بکرێتەوە. بەڵام هەوڵی لایەنەکان بۆ لە خۆنزیککردنەوەی شوێنگرەوەکانیان، جارێکی تر بوویەوە کێشە."

پەرلەمانی کوردستان لە 9ی مانگی 10 ی 2022 بە دەنگی 80 پەرلەمانتار تەمەنی یاسایی خۆی بۆ ماوەی ساڵێک درێژکردەوە. لەم ماوەیەدا چاوەڕێ دەکرێت کە پەرلەمان کار لەسەر پرسی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بکات.

ئینستتیوتی پەی دەڵێت کە پەرلەمانی کوردستان "کەمتەرخەم بووە" بەو پێیەی لە ماوەی وەرزی گرێدانی بەهاردا تەنها 10 دانیشتن و لە پایزدا تەنها 15 دانیشتنی ئەنجامداوە.

بە گوێرەی ماددەی 7 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دامەزراوەکە لە ساڵێكدا دوو وەرزی گرێدانی هەیە: وەرزی گرێدانی یەکەم کە بە خولی بەهارە ناسراوە دەکەوێتە 1ی مانگی سێ بۆ 30 مانگی شەشی هەر ساڵێک و خولی پایزیش لە 1 ی مانگی نۆ هەتا 31 ی مانگی دوازدە ئەنجام دەدرێت. پشوی بەهار لە لە 1ی مانگی حەوت بۆ 31ی مانگی هەشتە و پشوی پایزیش لە 1ی مانگی 1 بۆ 28ی مانگی دووە.

بە پێی مادەی 51 لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بێت، ئەو دەزگایە بۆ هەر ورزێکی گرێدان نابێت کەمتر لە (51) دانیشتن ئەنجام بدات.

لێکۆڵینەوەکەی ئینستتیوتی پەی دەریخستووە کە ماوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان لە ساڵی 2022 تەنها 130 کاتژمێر بووە و لەو ماوەیەدا تەنها 12 یاسای دەرکردووە و خوێندنەوەشی بۆ 13 پرۆژە یاسا کردووە، بێ ئەوەی هیچ بڕیارێک دەربکات.

دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ئینستتیوتی پەی، بە دەنگی ئەمەریکای وت، "پەرلەمانی کوردستان هەمیشە پەیڕەوی ناوخۆی خۆی پێشێل دەکات. پەرلەمان دەبێت ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە کۆببێتەوە، ڕۆژانی چوارشەممەش لەگەڵ حکومەت دانیشتن ئەنجام بدات، بەڵام نزیکەی 70 ڕۆژە پەرلەمان هەر کۆنەبووەتەوە."

ئەو وتیشی، "پەرلەمان 81 ڕۆژە کاری نەکردووە لەسەر ئەو بەڵێنانەی کە دای بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کارا نەکردووەتەوە کە چوار ساڵە ماوەی بەسەرچووە، یاسای هەڵبژاردنی هەموار نەکردووەتەوە، چونکە ئیرادەی لاوازە بەرانبەر کێشمەکێشی لایەنە سیاسییەکان."

هەروەها ڕێکخراوە چاودێرەکە سەرۆکایەتی پەڕلەمانی بەوە تۆمەتبار کردووە کە "هەم پەیرەوی پێشێلكرد و هەم ئەو نەریتەیشی شكاند" بەهۆی ئەوەی کە "پێویستە لە كۆتایی هەر خولێكی گرێداندا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاری ڕاگەیاندنی كۆتایی خولی گرێدان بدات، جا یا لە كۆتایی دانیشتنی خولەكەدا یاخود بە بەیانێك رایبگەیەنێت. ئەمە هەم یەك لە ئەرك و دەسەلاتەكانی سەرۆكی پەرلەمانەو هەم وەك نەریتێكیش لە هەموو خولەكانی پەرلەماندا پەیرەو كراوە. بەلام لەكۆتایی خولی گرێدانی پاییزەدا سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی خولی رانەگەیاند...ئەمە لەكاتێكدا هەمان رۆژی كۆتایی خول سەرۆك و دەستەی سەرۆكایەتی دوو پەیامی پیرۆزباییان بۆ بابەتی لاوەكیی تر بەفەرمی بلاوكردۆتەوە، بەلام لە ئەركە فەرمییەكەی خۆیاندا كەمتەرخەم بوون."

لەسەر ئەم بابەتە دەنگی ئەمەریکا چەندین جار پەیوەندی بە سەرۆکایەتی پەڕلەمان کرد، لە نێوانیان مونا قەهوەچی سکرتێری پەرلەمان، بەڵام هیچ کام لە هەوڵەکان سەرکەوتوو نەبوون.

ئەردەڵان محەمەد، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ڕێکخستنی دانیشتنی پەرلەمان لە دەسەڵاتی سەرۆکایەتی پەرلەماندایە، ئێمە ئیش و کارە ئیدارییەکان ڕێکدەخەین."

هەندێک لە پەرلەمانتاران جەخت لەسەر ئەوەدەکەنەوە کە ناتوانن چاودێری کارەکانی حکومەت بکەن، بەتایبەت لە ڕووی داهات و خەرجییەوە چونکە ماوەی 9 ساڵە پرۆژە یاسای بودجە ڕەوانەی پەرلەمان نەکراوە و وەزیرەکانیش وەک پێویست وەڵامی پرسیارەکانیان نادەنەوە.

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی یەکێتی، دەڵێت، "ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان سەر بەو لایەنانەن کە پێکهێنەری حکومەتن، بۆیە ململانێ سیاسی و حوکمڕانییەکان ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ئیش و کارەکانیان."

دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان پێکهاتووە لە سەرۆک و جێگر و سکرتێری پەرلەمان. لەم خولەدا سەرۆکی پەرلەمان سەر بە یەکێتی نیشتیمانی یە، بەڵام جێگرەکەی سەربە فراکسیۆنی پارتی و سکرتێری پەرلەمانیش سەربە پێکهاتەی تورکمانی یە.

پەککەوتنی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان لە ناکۆکی قوڵدایە لەگەڵ حکومەتی عێراق لەسەر چەندین پرسی گرنگ، لە نێوانیان چارەنوسی ناوچە جێناکۆکەکان و وزە و بودجە.

لە ناوخۆی هەرێمیش، سەرەڕای بەردەوامی قەیرانی ئابووری و دواکەوتنی موچە، پەڕلەمان ڕووبەڕووبۆتەوە لەگەڵ چەندین یاسای گرنگ کە پێویستییان بە هەموارکردنەوە هەیە، بەتایبەت یاسای هەڵبژاردن و یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن. بۆیە ئەگەر ڕێککەوتنی سیاسی لە نێوان لایەنەکان ئەنجام نەدرێت، چاودێران بەدووری نازانن کە جارێکی تر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێتەوە.

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://www.dengiamerika.com/a/6904415.html?fbclid=IwAR2_01P1bkG0uuKiMthQ6LS5J8yeu8pr09UY8s9ElRXIS1vgAG7rfgtLXZQ