Bwar.jpg

پەرلەمانی كوردستان، لە ماوەی ساڵێكدا

Jan 4, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان، پەیڕەوی ناوخۆ پێشێل دەكات
بوار، تایبەت
پەرلەمانی كوردستان بەپێی پەیرەو دانیشتنەكانی رێكخراوە، هەروەك لە ماددەی (7)ی پەیڕەوەكەی هاتووە، كە لە ساڵێكدا دوو وەرزی گرێدانی هەیە، یەكەمیان، لە سەرەتای مانگی ئادارەوە دەسـتپێدەكات، تـا كۆتـایی مـانگی حوزەیران و بە (خولی بەهارە) ناو دەبرێت، دووەمیشیان، لە سەرەتای مانگی ئەیلولدا دەستپێدەكات، تا كۆتایی كانوونی یەكـەم و بە (خولی پاییزە) ناودەبرێت.
بەم پێیە لەژێر رۆشنایی مادەی (51)ی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەماندا، دەبوو لە ماوەی ئەو خولی گرێدانەدا بەلای كەمەوە (50) دانیشتن بكرایە، بەڵام پەرلەمان كەمتەرخەم بوو، تەنیا (15) دانیشتنی ئەنجامداوە.
جگە لەمانە پاڵپشت بە حوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (٧) و بڕگەی (سێیەم)ی ماددەی (١٨) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، پێویستە لە كۆتایی هەر خولێكی گرێداندا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاری ڕاگەیاندنی كۆتایی خولی گرێدان بدات، جا یا لە كۆتایی دانیشتنی خولەكەدا یاخود بە بەیانێك رایبگەیەنێت.
بەپێی ئامارەكان كار و چالاكییەكانی پەرلەمان لە هەردوو خولی گرێدانی (بەهارەو پاییزە)ی ساڵی 2022 بریتی بوون لە ئەنجامدانی 25 دانیشتن، كە کۆی ماوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان لە ماوەی ساڵێکدا 130 کاتژمێر بووەو کۆی ئەو یاسایانەی دەریكردوون 12 یاسا بووە.
هەروەها پەرلەمان لە ماوەی ئەو ساڵەدا هیچ بڕیارێكی دەرنەكردووەو کۆی ئەو پرۆژەو پێشنیازە یاسایانەی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كردوون 13 پڕۆژە بوون‌و هیچ پەرلەمانتارێك هیچ بیرۆكەیەكی بۆ پرۆژە پێشكەش نەكردووە.
هاوكات کۆی ئەو پرسیارانەی لەلایەن ئەندامانەوە ئاراستەی حكومەت كراون تائێستا نەزانراوەو کۆی ئەو لێپرسینەوانەی پەرلەمان لە ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی كردووە ژمارەكەی سفرەو یاسای بودجەش لەو ساڵەدا پەسەند نەكراوە.
لە كاتێكدا ژمارەی ئەو پەیام و بەیاننامانەی لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیەوە بڵاوكراونەتەوە، بریتین لە (48) پیرۆزبایی، (24) پرسەنامە و (11) هاوخەمی، (6) ئیدانە، (1) سوپاسنامەو 79 پەیام.

کلیک لێرە بکە بۆ هەواڵەکە