پەرلەمانی كوردستان بیری چوو كۆتایی بە خولی گرێدان بێنێت

Jan 2, 2023  |   هەواڵەکانی پەی 

 

پەرلەمانی كوردستان بەپێی پەیڕەو دانیشتنەكانی رێكخراوە، هەروەك لە ماددەی (٧)یدا هاتووە كە: "لە ساڵێكدا دوو وەرزی گرێدانی هەیە،  یەكەمیان، لە سەرەتای مانگی ئادارەوە، دەسـتپێدەكات، تـا كۆتـایی مـانگی حوزەیران و بە (خولی بەهارە) ناو دەبرێت.  دووەمیشیان، لە سەرەتای ئەیلولدا دەستپێدەكات، تا كۆتایی كانوونی یەكـەم و بە (خولی پاییزە) ناودەبرێت".

بەم پێیە لەژێر رۆشنایی مادەی (٥١)ی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەماندا دەبوو لە ماوەی ئەو خولی گرێدانەدا بەلای كەمەوە (٥٠) دانیشتنی بكردایە، بەلام پەرلەمان كەمتەرخەم بوو و تەنها (٢٥) دانیشتنی ئەنجامداوە.

جگە لەمانە پاڵپشت بە حوكمی بڕگەی (یەكەم)ی ماددەی (٧) و بڕگەی (سێیەم)ی ماددەی (١٨) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، پێویستە لە كۆتایی هەر خولێكی گرێداندا دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بڕیاری ڕاگەیاندنی كۆتایی خولی گرێدان بدات، جا یا لە كۆتایی دانیشتنی خولەكەدا یاخود بە بەیانێك رایبگەیەنێت. ئەمە هەم یەك لە ئەرك و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی پەرلەمانە و هەم وەك نەریتێكیش لە هەموو خولەكانی پەرلەماندا پەیڕەو كراوە. بەڵام لەكۆتایی خولی گرێدانی پاییزەدا سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی خولی رانەگەیاند، بەمەش هەم پەیڕەوی پێشێل كرد و هەم ئەو نەریتەیشی شكاند كە هەبوو. ئەمە لەكاتێكدا هەمان رۆژی كۆتایی خول سەرۆك و دەستەی سەرۆكایەتی دوو پەیامی پیرۆزباییان بۆ بابەتی لاوەكیی تر بەفەرمی بڵاوكردۆتەوە، بەڵام لە ئەركە فەرمییەكەی خۆیاندا كەمتەرخەم بوون.

 

لێرەدا ئاماری كار و چالاكییەكانی پەرلەمان لەهەردوو خولی گرێدانی (بەهارەو پاییزە)ی ساڵی 2022 دەخەینەڕوو:

ز بابەت ژمارە
١ کۆی ئەو دانيشتنانەى ئەنجامى داون ٢٥ دانیستن
٢ کۆی ماوەى دانيشتنەكانى پەرلەمان لە ماوەی ساڵێکدا ١٣٠ کاتژمێر 
٣ کۆی ئەو ياسايانەى دەريكردوون ١٢ یاسا
٤ کۆی ئەو بڕیارانەی دەريكردوون ٠
٥ کۆی ئەو پرۆژەو پێشنيازە ياسايانەى خوێندنەوەى يەكەمى بۆ كردوون ١٣ پڕۆژە
٦ کۆی ئەو بيرۆكانەى لەلايەن ئەندامانەوە پێشكەش كراون ٠
٧ کۆی ئەو پرسيارانەى لەلايەن ئەندامانەوە ئاراستەى حكومەت كراون نازانرێ
٨ کۆی ئەو لێپرسينەوانەى پەرلەمان لە ئەندامانى ئەنجومەنى وەزيرانى كردووە ٠
٩ پەسەندكردنى ياساى بودجەى هەرێمى كوردستان ٠
١٠ خستنەڕووى ئەژمارى كۆتايی بودجە و بەيانى دارايی ٠
١١ كۆی ئەو پەیام و بەیاننامانەی لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیەوە بلاوكراونەتەوە، كە بریتین لە (٤٨) پیرۆزبایی، (٢٤) پرسەنامە و هاوخەمی، (١١) هاوخەمی، (٦) ئیدانە، (١) سوپاسنامە. ٧٩ پەیام

 

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە وگەسەپێدان

٢٠٢٣/١/٢

 

 pdf پەرلەمانی كوردستان بیری چوو كۆتایی بە خولی گرێدان بێنێت بە