perleman_fidrasion.jpg

فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی: بە توندی ئیدانەی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەین

Oct 10, 2022  |   هەواڵەکانی پەی 

 

فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، یاداشتنامه‌یه‌كیان سه‌باره‌ت به‌ درێژکردنەوەکانی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌. له‌ یاداشته‌كه‌دا، كه‌ ئاراسته‌ى هه‌ریه‌كه‌ له‌ (نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان، رێكخراوە بیانی و نێودەوڵەتییەكان، سەرجەم كونسولخانەكانی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حكومەتی فیدرال، پەرلەمانی كوردستان، حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان) كراوه‌، فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، رایانگه‌یاند، دوای تێپەڕبوونی شانزە ساڵ بەسەر ناشەرعیبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستاندا، لەبری هەڵبژاردن بە پێی پەیڕەوی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢١ی ئەنجومەنی وەزیران ئەندامەکانیان بە تەعینات دانران. ئاماژه‌ به‌وه‌ش كراوه‌، پەرلەمانی کوردستانیش لە ماوەی چوار خولی هەڵبژاردنیدا حەوت جار تەمەنی خۆی درێژکردۆتەوە و بڕیارە رۆژی (٩/١٠/٢٠٢٢)پەرلەمان بۆ هەشتەمین جار بە پاساوی ئەوەی نەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی پێشنیازەیاسای درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات. له‌ یاداشته‌كه‌دا بە توندی ئیدانەی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان كراوه‌ و تیایدا هاتووه‌: ئێمە وەک فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بە توندی ئیدانەی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەین و بە پێشێلکردنی سەروەری یاسا و لەباربردنی شەرعیەتی دامەزراوەکان و پاشەکشەی دیموکراسی دەزانین لە هەرێمی کوردستاندا و لێکەوتە خراپەکانی دەخەینە ئەستۆی هەر سێ هێزی (پارتی و یەکێتی و گۆڕان) و هەموو ئەو ئەندامانەی پەرلەمان کە ئیمزایان لەسەر پێشنیازە یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کردووە بەوانەشەوە کە دەنگ لەسەر پەسەندکردنی پێشنیازە یاساکە دەدەن. ده‌قى یادداشته‌كه‌ وه‌كخۆى:

 

    بۆ بەڕیزان : 

-      نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان 

-      رێكخراوە بیانی و نێودەوڵەتییەكان 
سەرجەم كونسولخانەكانی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان

-      ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حكومەتی فیدرال

-      پەرلەمانی كوردستان

-      حكومەتی هەرێمی كوردستان

-      سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان

دوای تێپەڕبوونی شانزە ساڵ بەسەر ناشەرعیبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستاندا، لەبری هەڵبژاردن بە پێی پەیڕەوی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢١ی ئەنجومەنی وەزیران ئەندامەکانیان بە تەعینات دانران.

ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان لە (٢٤-٩-٢٠١٨)وە وادەی یاساییان تەواوبووە و بۆ کاتێکی نادیار تەمەنیان درێژکرایەوە.

پەرلەمانی کوردستانیش لە ماوەی چوار خولی هەڵبژاردنیدا حەوت جار تەمەنی خۆی درێژکردۆتەوە و بڕیارە رۆژی (٩/١٠/٢٠٢٢)پەرلەمان بۆ هەشتەمین جار بە پاساوی ئەوەی نەکەوێتە بۆشایی یاساییەوە دەنگدان لەسەر پەسەندکردنی پێشنیازەیاسای درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدات.

ئەگەر گەل سەرچاوەی دەسەڵاتەکان بێت و هەڵبژاردن شەرعیەت بداتە دامەزراوەکان کەواتە بە درێژکردنەوەی خۆبەخۆی تەمەنی پەرلەمان هیچکام لە دامەزراوەکانی پەرلەمانی کوردستان و کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان شەرعیەتی دیموکراسی و هەڵبژاردنیان نامێنێت، لەکاتێکدا هیچ پاڵپشتی و سەنەدێکی یاسایی و دەستووری لە ئارادا نییە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم درێژکردنەوەیە. 

حزبە پێکهێنەرەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەم هەنگاوە 
نا-شەرعییەیان ئەوەیان بۆ هەموومان دەرخست و دووپاتیانکردەوە کە خەمی ئەوان بوونی یاسایەکی هەڵبژاردن نییە کە تێیدا رەگەزەکانی عەدالەتی هەڵبژاردن و عەدالەتی نوێنەرایەتی جوگرافی و ئیرادەی دەنگدەر دەستەبەر بکات، بەڵکو ئەوان تەنها و تەنها بە شوێن ئەوەوەن لە هەرەمی دەسەڵاتدا بمێننەوە و چەندێک بۆیان بکرێت هەڵبژاردنە گشتییەکان لە بنچینەدا نەهێڵن و ئەگەر ئەوەشیان بۆ نەچووە سەر بتوانن هەڵبژاردنێکی شکڵی و رواڵەتئامێزی پڕ لە تەزویر و ساختە ئەنجام بدەن کە بردنەوەی خۆیانی تێدا مسۆگەر بێت، یاخود ئەگەر ئەم دووانەشیان بۆ نەکرا وەک ئێستا هەوڵبدەن لە رێگەی زۆرینەیەکی ستەمکاری پەرلەمانییەوە بۆ ماوەیەکی کورت درێژە بە دەسەڵاتی ناشەرعی خۆیان بدەن.و ئەنجامدانی هەڵبژاردن دوابخەن و تەمەنی پەرلەمان درێژبکەنەوە.

ئێمە وەک فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بە توندی ئیدانەی درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەین و بە پێشێلکردنی سەروەری یاسا و لەباربردنی شەرعیەتی دامەزراوەکان و پاشەکشەی دیموکراسی دەزانین لە هەرێمی کوردستاندا و لێکەوتە خراپەکانی دەخەینە ئەستۆی هەر سێ هێزی (پارتی و یەکێتی و گۆڕان) و هەموو ئەو ئەندامانەی پەرلەمان کە ئیمزایان لەسەر پێشنیازە یاسای درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کردووە بەوانەشەوە کە دەنگ لەسەر پەسەندکردنی پێشنیازە یاساکە دەدەن. 

 

                                          

                                    فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی

                    2022-10-09                     

                   

فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی

Federation of Civil Society Organizations 

تۆڕێكی سەربەخۆی خۆبەخشی قازانجنەویستە، کە (12) رێكخراوی ناحكومی لەخۆگرتووە و رۆژی (20-80-2006) لە شاری سلێمانی دامەزراوە و وەک گروپێكی مەدەنی فشارئامێز هەوڵدەدات لەپێناو چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی، 
مافی مرۆڤ و كۆمەڵی مەدەنی 

 

   ناوی رێکخراوەکانی فیدراسیۆن :

1-             پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن- KIE

2-             سەنتەرى پەرەپێدانی ديموكراسى و مافى مرۆڤ- DHRD

3-             رێكخراوی ماڵی سەركەوتن بۆ گەشەپێدانی تواناکان

4-              ناوەندی نیشتمانی بۆ مافی مرۆڤ

5-             رێكخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی كەلتوری مەدەنی ARAN

6-             رێكخراوی گەشەپێدانی چالاكی لاوان YADC

7-             رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمک)

8-        رێكخراوى هاريكاريى ياسايى ژنان- WOLA 

9-        ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان PAY

10-   رێكخراوی هەڵوێست 

11-     رێكخراوی تیمی ئاشتی جڤاكی CPT

12-   رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان