Parlaman2.jpg

پێویستە نەریتی نایاسایی درێژكردنەوەی پەرلەمان كۆتایی پێ بهێنرێت

Oct 5, 2022  |   هەواڵەکانی پەی 

ژمارەیەک رێکخراوى کۆمەڵگەى مەدەن، کە لەناویاندا ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان (PAY) تێدایە جەختدەکەنەوە لەسەر پێویستى تۆمارکردنى سکاڵا لە دادگاى فیدراڵى لەدژى دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان بەهۆى "پێشێلکاریی یاسایی و دەستوریی" لە پرسی درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمان.
ئەمڕۆ ٢٠٢٢/١٠/٥ پەرلەمانی کوردستان پێشنیازە یاسایەکی بە واژۆی (٨٥) ئەندام خستە بەرنامەی کارەوەو خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرد، لەهەمان کاتدا خەسڵەتی بەپەلەی پێدا تا لە زووترین کاتدا پەسەند بکرێت، بەمەبەستى درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن.
بۆ ئەم مەبەستە ژمارەیەک رێکخراوى کۆمەڵى مەدەنى لە راگەیەنراوێکداجەختیان کردووەتەوە، "لەم پێشنیازە یاسایەدا خودی سەرۆکی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتیش بوونەتە لایەنگیر و ئیمزایان لەسەر پێشنیازەکە کردووە، ئەمەش بۆ یەکەمجارە لە مێژووی پەرلەمانی کوردستاندا سەرۆکی پەرلەمان ئیمزا بەسەر پرۆژە یاسایەکی لەو شێوەیەدا بکات".
دەقى راگەیەندراوەکە وەک خۆى:

پێویستە نەریتی نایاسایی درێژكردنەوەی پەرلەمان كۆتایی پێ بهێنرێت

ئەمڕۆ ٢٠٢٢/١٠/٥ پەرلەمانی كوردستان پێشنیازە یاسایەكی بە ناونیشانی (یاسای بەردەوامبوونی خوولی ‏پێنجەمی پەرلەمان كوردستان) بە واژۆی (٨٥) ئەندام لە فراكسیۆنەكانی (پارتی، یەكێتی، پێكهاتەكان و بەشێك لە ‏پەرلەمانتارانی گۆڕان) خستبووە بەرنامەی كارەوەو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرد، لەهەمان كاتدا خەسڵەتی بەپەلەی ‏دا بە پێشنیازە یاساكە تا لە زووترین كاتدا پەسەند بكرێت. کە مەبەست لە پێشنیازەكە درێژكردنەوەی تەمەنی ‏پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردنە، ئێمە وەک رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی، وێرای ئەوەی چەندین راپۆرت و ‏یادداشتمان ئاراستەی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکان کردووە، هۆشداریی ئەو مەترسییەمان خستبووە روو کە لە ‏ئێستادا دەگوزەرێت، ئەوەتا لە دوا کۆبوونەوەیدا نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە کە لایەنە سیاسیەکان ‏رێکناکەون لەسەر هەڵبژاردن و هێشتا ناوچەی سەوز و زەرد ئەمری واقیعە، هەر لەم وتارەیدا هۆشداری دا بە ‏سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان و مەترسییەکانی دواخستن و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی خستە روو. کە پێمان وایە ‏ئەمە هۆشدارییەکی مەترسیدارە، هەر لەم پێناوەدا لێرەدا ئەم چەند سەرنجە دەخەینە روو:‏

‏١- یەكێك لە بیانووەكانی دواخستنی هەڵبژاردن (هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان) و بیانووەكەی ‏تریش (كارا نەبوونی كۆمسیۆن و پاك كردنەوەی تۆماری دەنگدەران)ە، هەردوو بیانوو ئەگەر گرفت بن و كۆسپ ‏بن بۆ هەڵبژاردن، خودی پەرلەمانی كوردستان لێیان بەرپرسیارەو لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا ئەم پرسە بوونی ‏هەبووە و ئەركی پەرلەمان بوو چارەسەریان بكات، بەڵام پەرلەمان كەمتەرخەم بوو و هیچی نەكرد.‏

‏٢- لە ٢٠٢٢/٣/١ سەرۆكی هەرێم بە فەرمانێك وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دیاریكرد تا لە ٢٠٢٢/١٠/١ ئەنجامبدرێت و ماوەی شەش مانگی دیاری كردبوو، ئەگەر لەو ماوەیەدا هەڵبژاردنیش ئەنجامنەدرا، ‏بەڵام دەكرا لەو ماوەیەدا گرفتەكانی بەردەم هەڵبژاردن چارە بكرێن، کەچی ئەو ساتەش پەرلەمان لە بری ئەوەی ‏گرفتەكان چارەسەر بكات و زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردن بكات، نەك هەر بە ئەركی خۆی هەڵنەستاو گرفتەكانی ‏چارەسەر نەكرد، بەڵكو سەرۆكی پەرلەمان رایگەیاند كە ئامادە نییە هیچ كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان بكات و بۆ ‏ماوەی سێ مانگیش دانیشتنەكانی پەرلەمانی پەكخست.‏

‏٣- ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەكان لە هەرێمی كوردستاندا بەگشتی بووە بەنەریت كە لەوادەی خۆیاندا ‏ئەنجامنەدرێن، ئەمەش نەنگییە بۆ هەرێم و ئەزموونەكەی و سەركردایەتییە سیاسییەكەی، چونكە ئەوەی گوزەراوەو ‏دەگوزەرێت لە درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەماندا بەپێی یاسا و پەیڕەو نایاساییە، بەتایبەت ئەگەر هۆكارێكی ‏تەكنیكی، یا گۆڕینی یاسا یا هەر بیانوێكی تری باوەڕ پێكەری دەرەوەی ئیرادەی پەرلەمان نەبێت، لە ئێستادا هەم ‏هیچ بیانویەک نیە لەدەرەوەی ئیرادەدا بێت و هەم لەكاتی دواخستنەكەشدا هیچ هەنگاوێك نەنراوە بۆ لابردنی ‏كۆسپەكان تا لەوادەی دەستنیشانكراودا هەڵبژاردن بكرێت.‏
 
‏٤- هەمیشە دەبێت رۆڵی سەرۆكی پەرلەمان بێلایەن بێت، ئەركی پاراستنی پەیرەو و یاسایە، بەلام لەم پێشنیازە ‏یاسایەدا خودی سەرۆكی پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتیش بوونەتە لایەنگیر و ئیمزایان لەسەر پێشنیازەكە ‏كردووە، ئەمەش بۆ یەكەمجارە لە مێژووی پەرلەمانی كوردستاندا سەرۆكی پەرلەمان ئیمزا بەسەر پرۆژە یاسایەكی ‏لەو شێوەیەدا بكات، لە خولەكانی رابردوودا پەرلەمانی كوردستان (٨) سەرۆكی بەخۆوە بینیوە، هیچ كامیان ئەم ‏كارەیان نەكردووە، ئەمەش دەریدەخات كە سەرۆك و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان خۆیان بەشێكن لە سیناریۆی ‏جێبەجێكردنی درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان.‏

‏٥- بۆ مێژوو لەم كردە نایاساییەی ئەنجامدەدرێت كە ئەتكی دیموكراسی تیادا دەکرێت و هەست و شعوری ‏دەنگدەرانی كوردستان لەبەرچاو ناگیرێت، لایەنە سیاسییەكانی (پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتی نیشتیمانی ‏كوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان و یانزە نوێنەركەی پێكهاتەكان) ئۆباڵی سیاسیی ئەو لێپرسراوییەتییە مێژووییەیان ‏دەكەوێتە ئەستۆ.‏

‏٦- پەرلەمانی كوردستان بەرزترین دامەزراوەی یاساییەو بەپێی بڕیاری خۆی "تاكە مەرجەعی سیاسی و ‏دەستوورییە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنوسسازەكانی گەلی كوردستانی عیراق"، ناكرێت بەم شێوەیە بێ ئەرزش ‏بكرێت و حیساب بۆ هیچ یاساو پەیرەوێك نەكرێت و بەم شێوازە هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكرێت، بۆیە ئەگەر هەموو ‏لایەك نەیەنە دەنگ ئەوە گرفتەكە هەر بەردەوام دەبێت و دوای ئەمە جارانی تریش ئەم كارە نایاساییە دووبارە ‏دەبێتەوە، لەبەر ئەوە پێویستە لەسەر چالاكوانان و یاساناسان و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و رۆشنبیران لە ‏ئاستیدا بێدەنگ نەبن و هەموو رێگەو فشارێكی مەدەنی بگرنە بەر.‏

‏٧- پێویستە بۆ رێگری كردن لەم پێشێلكارییە یاسایی و دەستورییە، تیمێكی پارێزەران ئامادەبكرێت و لە دادگای ‏فیدرالی لە بەغدا سكاڵا لەسەر دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان تۆمار بكرێت.‏

لەگەل رێزدا

‏٢٠٢٢/١٠/٥

ناوی رێکخراوەکان:

١- رێکخراوی هەڵوێست

٢- رێکخراوی (WOLA).

٣- سەنتەری پەرەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ (DHRD).

٤- رێکخراوی پایتەختی ئاشتی.

٥- رێکخراوی کوردستان بۆ هەموان (KEODD).

٦- رێکخراوی رووناکی بۆ گەشەپێدانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ

٧- رێكخراوی ماڵی سه‌ركه‌وتن بۆ گه‌شه‌پێدانی تواناكان

٨- رێکخراوی چاوی زانکۆ

٩- ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان (PAY)

١٠- سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان


پێویستە نەریتی نایاسایی درێژكردنەوەی پەرلەمان كۆتایی پێ بهێنرێت


يجب انهاء تقليد تمديد المدة القانونية للبرلمان‎ ‎


The-Tradition-of-Extending-the-Legal-Term-of-Parliament-Should-Be-Ended