bombaran1.jpg

یاداشتنامەی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دژی هێرشەکانی ئێران

Sep 29, 2022  |   هەواڵەکانی پەی 

 

یاداشتنامەی فیدراسیۆنی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی

   بۆ بەڕیزان : 

-     نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان 

-     رێكخراوە بیانی و نێودەوڵەتییەكان 
سەرجەم كونسولخانەكانی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان

-     ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و حكومەتی فیدرال

-     پەرلەمانی كوردستان

-     حكومەتی هەرێمی كوردستان

لە ماوەی رابوردودا چەندینجار لەلایەن دەوڵەتانی دراوسێ (ئێران و توركیا)وە سەروەری خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان پێشێلكراوە و بە فرۆكەی جەنگی، موشەكباران و لەشكركێشی هەڵیانكوتاوەتە سەری و بۆتەهۆی دروستبوونی پەشێوی و دڵەڕاوكێ لای هاوڵاتیان، لەئەنجامدا سەدان شەهید و هەزاران برینداری لێكەوتۆتەوە. 

دوا كردەی تاوانكاری و پێشێلكاریش رۆژی 28/9/2022 بوو، كە لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە چەند ناوچەیەكی جیاوازی هەرێمی كوردستان لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی كرانە ئامانج و بە فڕۆكەی بێفڕۆکەوان و موشەك، بۆردومانی خەڵكی سڤیل كراو لە ئەنجامدا (18) شەهید و (46) برینداری لێكەوتەوە.

ئەمە لەكاتێكدايه خودی (فەرماندەی هێزەكانی زەمینی ئێران) بە فەرمی رایگەیاند كە "لەرێگا موشەك و درۆنەوە (73) جار،  له (60) شوێن، بنكە و بارەگامان لەناو جەرگەی هەرێمی كوردستان كردە ئامانج".

ئێمە وەك فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، پرسە و هاوخەمی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكاری شەهیدان دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین. هاوکات 
بە توندی ئیدانەی ئەو كردە تاوانكارییەی كۆماری ئیسلامی ئێران دەكەین، لەژێر 
هەر پاساوێكدا بێت، چونكە كردەیەكی دژ بە مرۆڤایەتییەو پێچەوانەی تەواوی پرەنسیپەكانی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ و سەرجەم یاسا نێودەوڵەتییەكانە، لەئەنجامدا خەڵكی سڤیل، ژن و منداڵ، قوتابخانە و نەخۆشخانەو دامەزراوەی مەدەنی و شوێنی ژیان كراونەتە ئامانج. سەدان خێزان لە زێدی خۆیاندا ئاوارەبوون، دڵەڕاوكێی لەنێو هاوڵاتیاندا بڵاوكردۆتەوەو بۆتەهۆی شێواندنی بازاڕ و راگرتنی پرۆسەی خوێندن لەو ناوچانەدا. بۆیە داوای راگرتنی دەكەین.

لەو چوارچێوەیەدا و بۆ ئەم مەبەستە:

- داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەكەین هەرچی توانای خۆیانە بیخەنە گەڕ بە مەبەستی راگرتنی ئەو كردە تاوانكاریانەی دەوڵەتی ئێران، كە مەترسی خستۆتە سەر تەواوی ژیانی خەڵكی هەرێمی كوردستان.

- داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی لە ئاست پاراستنی سەروەریی خاكەكەی جێبەجێ بكات.

- داوا لە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین هەڵوێستی بەرپرسیارانەی 
جدی بنوێنن و هەموو هەولێك بخەنە گەڕ لەپێناو راگرتنی ئەم دەستدرێژییانەو 
بەدەم لێقەوماوان و قوربانیانەوە بچن.

                                          

                                    فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی

                    2022-09-29                     

                   

 

 

فیدراسیۆنی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی

Federation of Civil Society Organizations 

تۆڕێكی سەربەخۆی خۆبەخشی قازانجنەویستە، کە (12) رێكخراوی ناحكومی لەخۆگرتووە و رۆژی (20-80-2006) لە شاری سلێمانی دامەزراوە و وەک گروپێكی مەدەنی فشارئامێز هەوڵدەدات لەپێناو چەسپاندنی بنەماكانی دیموكراسی، 
مافی مرۆڤ و كۆمەڵی مەدەنی 

 

   ناوی رێکخراوەکانی فیدراسیۆن :

1-          سەنتەرى پەرەپێدانی ديموكراسى و مافى مرۆڤ- DHRD

2-          ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان PAY

3-          پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن- KIE

4-          رێكخراوی ماڵی سەركەوتن بۆ گەشەپێدانی تواناکان

5-           ناوەندی نیشتمانی بۆ مافی مرۆڤ

6-          رێكخراوی ئاران بۆ پەرەپێدانی كەلتوری مەدەنی ARAN

7-          رێكخراوی گەشەپێدانی چالاكی لاوان YADC

8-          رێكخراوی چاودێریی میدیای كوردی (چمک)

9-      رێكخراوى هاريكاريى ياسايى ژنان- WOLA 

10-      رێكخراوی هەڵوێست 

11-   رێكخراوی تیمی ئاشتی جڤاكی CPT

12-  رێكخراوی كوردستان بۆ هەمووان

 

یاداشتنامەکە بە هەر سێ زمانی ئینگلیزی، فارسی و عەرەبی