Bwar.jpg

وەزارەتی داد بڕیاری سەرۆكی پەرلەمان لە (وەقایعی كوردستان) بڵاوناكاتەوە

Sep 13, 2022  |   هەواڵەکانی پەی 

ئینستتیوتی پەی: سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان حەوت یاسا و بڕیارێكی پەرلەمانی پێشێل دەكات

سەرۆكی پەرلەمان یادداشتی لێپرسینەوەی وەزیرەكانی نەخستۆتە بەرنامەی كارەوەو هیچ وەزیرێك لێپێچینەوەی لەگەڵدا نەكراوە

بوار، تایبەت
لە راپۆرتێكیدا، ئینستتیوتی پەی ئاشكرایكردووە كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان حەوت یاساو بڕیارێكی تایبەتی پەرلەمانی پێشێل كردووە و ئەو یاداشتانەشی كە بۆ لێپرسینەوە لە وەزیرەكانی حكومەت پێشكەشكراون، نەخراونەتە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە، بەپێچەوانەوە بڕیاری سەرۆكی پەرلەمان لە رۆژنامەی فەرمی حكومەت بڵاونەكراوەتەوە.

ئینستیوتی پەی لە راپۆرتێكی تایبەتیدا، ئاماژەی بەوەكردووە كە دەبوو "سەرۆكی پەرلەمان لە هەموو كەسێك زیاتر پەیوەست بێت بە جێبەجێكردنی یاساوە، بەڵام بەپێچەوانەوە یاساكانی (هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، رێكخراوە ناحكومیەكان، مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان، دیوانی چاودێریی دارایی، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، یاسای دەستەی دەستپاكی و یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی) لەگەڵ بڕیاری ژمارە (5)ی ساڵی (2013)ی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە (پەیمانی هاوبەشی و گەشەپێدان لە نێوان دەسەڵاتە گشتییەكان) پێشێل كردووە".

پەی ئاماژەی بەوەشكردووە، بەدرێژایی دەسەڵاتی لەم خولەدا، سەرۆكی پەرلەمان پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانی پێشێل كردووە، لەوانە "گوێی بەداواكاری ئەندامان نەداوە، یادداشتی لێپرسینەوەی وەزیرەكانی نەخستۆتە بەرنامەی كارەوەو هیچ وەزیرێك لێپێچینەوەی لەگەڵدا نەكراوە، بەپێی پەیڕەو دانیشتنەكانی ئەنجام نەداوە، وەك پێویست رێگەی بە هەندێك پەرلەمانتار نەداوە لە دانیشتنەكاندا قسەی خۆیان بكەن و لێپێچینەوەش لە هیچ ئەندامێك نەكراوە لە كاتی ئامادەنەبوون و ئەنجامنەدانی ئەركاكانیاندا".

لە راپۆرتەكەیدا، پەی ئاشكرایكردووە كە سەرەڕای ئەوەی "پێویست بوو بەپێی پەیڕەوی پەرلەمان، حكومەت بانگهێشت بكات، بەڵام نەك هەر ئەندامانی ئەنجومەن لێپرسنەوەیان لەگەڵدا نەكراوە، بەڵكو وەزارەتی داد ئامادە نەبوو بڕیاری سەرۆكی پەرلەمان تایبەت لە رۆژنامەی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستان (وەقایعی كوردستان) بڵاوبكاتەوە".

لینكى هه‌وڵه‌كه‌:

https://www.facebook.com/Bwar.Mediaa/photos/a.119655577392799/163303259694697/