Xandan.jpg

ئینستتیوتی پەی: سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان رێگری له‌ كاره‌كانمان دەکات

Sep 10, 2022  |   هەواڵەکانی پەی 

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان له‌ راپۆرتێكدا وه‌ڵامی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند، له‌لایه‌ن لەم خولەدا دەستەی سەرۆكایەتی رێگری لە كارەكانیان كراوە، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە قبوڵیان ئەوەی نیە رێكخراوێك چاودێر بێت بەسەریەوە، چونكە لەراپۆرتەكانیاندا سەرجەم پێشێلكاریه‌كانیان خستوه‌تەڕو، ده‌شڵێت، "ئەوەی بەڕێزیان كردیان هیچ كام لە سەرۆكەكانی پێشوتری پەرلەمان نەیانكردوە".

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "ماوەی نۆ ساڵە پرۆژەی چاودێری پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدەبات، لەو چوارچێوەیەدا تا ئێستا وێرای چەندان كۆنفرانس و وۆركشۆپ و دیدار، دەیان یاداشت و 22 راپۆرتیشمان لەم بوارەدا بلاوكردوه‌تەوە، بەڵام كاردانەوەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بە پرۆژەكە و ئاسودەنەبون و بەتایبەت لە خولی پێنجەمدا پێی خۆشحاڵ نەبون، نەك هاوكار نەبونە بەڵكو هەمیشە لەمپەریان دروستكردوە و رێگرییان كردوە، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگێڕینەوە كە پێیان خۆش نەبوە هیچ چاودێرێكیان بەسەرەوە بێت". 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئەو هەڵسوكەوتەی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان خۆی لە پێشێلكردنی ئەو یاساو بڕیارانەدا دەبینێتەوە كە خودی پەرلەمان خۆی دەریكردون، كەچی هەر خۆی پێشێلی دەكات، دوا دانپێدانانی سەرۆكی پەرلەمان لەم بارەیەوە ئەوەبو لە دیدارێكیدا لەگەل رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە شاری سلێمانی رۆژی 3ی (ئه‌یلول/9)ی ئه‌مساڵ لەبەردەم سەرجەم میدیاكاندا بە راشكاوانە رایگەیاند كە "رێگری لە ئینستتیوتی پەی كردوەو دەیكات و رێگە بەو رێكخراوە نادات بچێتە ناو پەرلەمانەوەو پرۆژەكەی ئەنجام بدات، بەبێ ئەوەی هۆكارەكەیشی دەستنیشان بكات".
رۆژ لە دوای رۆژ پەرلەمان وەك دامەزراوەیەك رۆڵی پشتگوێ دەخرێت

ئینستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان ده‌ڵێت، "رۆژ لە دوای رۆژ پەرلەمان وەك دامەزراوەیەك رۆڵی پشتگوێ دەخرێت، یاساكانی جێبەجێ ناكرێت و گوێ لە بڕیارەكانی ناگیرێت، لەبەرامبەردا پەرلەمان دەنگ و رەنگی نیەو بەدواداچون ناكات، ئێمه‌ هەمو هەوڵێك دەخەینە گەڕ لە پێناو هاتنە كایەی پەرلەمانێك كە بتوانێت یاسای باش دابڕێژێت و چاودێرێكی بەهێز بێت لەسەر دامەزراوەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكردن، پەرلەمانێك كە بتوانێت رۆڵی خۆی بگێڕێت لە دیموكراتیزەكردنی بنەماكانی دیموكراسی و بەدیهێنانی هاوسەنگی لەنێوان چین و توێژەكانی كۆمەڵدا".
له‌باره‌ی رێگریكردنیان له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌، ئینستتیوتی پەی باسی له‌وه‌كردوه‌، "ستافی پەی بەئامانجی بەڕێوەچونی پرۆژەكە بە شێوازێكی تەندروست، لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمان كۆبونەتەوە و گفتوگۆی بابەتەكەیان كردوە و هەمو هاوكارییەكی خۆیان بۆ پاڵپشتی پەرلەمان (وەك دامەزراوە) دەربڕیوەو درێغیشیان نەكردوە، چەندان یادداشتیان ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی كردوە، بەڵام لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتی و بەتایبەت سەرۆكی پەرلەمانەوە رێگری لە كارەكانیان كراوە، هۆكارەكەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە سەرۆكی پەرلەمان قبوڵی ئەوەی نیە رێكخراوێك چاودێر بێت بەسەریەوە، چونكە لەراپۆرتەكانماندا سەرجەم ئەو پێشێلكاریانەمان خستۆتەڕو كە سەرۆكی پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتی كردویانە، باسی ئەوەمان كردوە كە پەرلەمان بە ئەركی خۆی هەڵنەستاوە".
پەرلەمان بەگشتی و سەرۆكەكەی بەتایبەت دەبێت لەهەمو لایەن و دامەزراوەو كەسێك زیاتر پەیوەستبن بە جێبەجێكردنی یاساوە

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "پەرلەمان بەگشتی و سەرۆكەكەی بەتایبەت دەبێت لەهەمو لایەن و دامەزراوەو كەسێك زیاتر پەیوەستبن بە جێبەجێكردنی یاساوە، بەڵام بەپێچەوانەوە زۆرترین یاسایان پێشێلكردوە، كە ئەمانەی خوارەوە چەند نمونەیەكن".

یه‌كه‌م: یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (1992) ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

دوه‌م: یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (2011) ی یاسای رێكخراوە ناحكومیەكان،.

سێیه‌م: یاسای ژمارە (11)ی ساڵی (2013) ی یاسای مافی دەسكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان،.

چواره‌م: یاسای ژمارە (2) ساڵی (2008) ی یاسای دیوانی چاودێریی دارایی.

پێنجه‌م: یاسای ژمارە (4) ساڵی (2010) ی یاسای دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ.

شه‌شه‌م: یاسای ژمارە (3) ساڵی (2011) ی دەستەی دەستپاكی، و یاسای ژمارە (7)ی ساڵی (2014)ی یاسای هەمواری یەكەمی یاسای دەستەی گشتیی دەسپاكیی لە هەرێمی كوردستان ـ عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 2011.

حه‌وته‌م: یاسای ژمارە (4) ساڵی (2014)ی یاسای كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی.

هه‌شته‌م: بڕیاری ژمارە (5)ی ساڵی (2013) ی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە (پەیمانی هاوبەشی و گەشەپێدان لەنێوان دەسەڵاتە گشتییەكان و رێكخراوە ناحكومیەكان لە هەرێمی كوردستان).

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتوه‌، "بەدرێژایی دەسەڵاتی لەم خولەدا سەرۆكی پەرلەمان پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی پێشێل كردوە، بۆ نمونە، گوێی بەداواكاری ئەندامان نەداوە، یادداشتی لێپرسینەوەی وەزیرەكانی نەخستوه‌تە بەرنامەی كارەوە و هیچ وەزیرێك لێپێچینەوەی لەگەڵدا نەكراوە، بەپێی پەیرەو دانیشتنەكانی ئەنجام نەداوە، وەك پێویست رێگەی بە هەندێك پەرلەمانتار نەداوە لە دانیشتنەكاندا قسەی خۆیان بكەن، لێپێچینەوە لە هیچ ئەندامێك نەكراوە لەكاتی ئامادەنەبون و ئەنجامنەدانی ئەركاكانیاندا".

ئینستتیوتی پەی ده‌ڵێت، "سەرۆكی پەرلەمان رێزی لە دامەزراوەكەی نەگرت، ئەوەی بەرێزیان كردیان هیچ كام لە سەرۆكەكانی پێشوتری پەرلەمان نەیانكردوە، بۆ نمونە، پێویست بو بەپێی پەیرەو و یاسا پەرلەمان حكومەت بانگهێشت بكات، كەچی لە دەستپێكەوە سەرۆكی پەرلەمان دەچو بۆ لای حكومەت كۆبونەوەی دەكرد، هه‌روه‌ها كاتێك داوای ئامادەبونی ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانی دەكرد ئامادە نەبون بچنە پەرلەمان و هیچ ئیجرائاتێكیش نەكرا".
به‌پێی راپۆرته‌كه‌ی ئینستتیوتی پەی، "سەرۆكی پەرلەمان لە بری ئەوەی خۆی بڕیاربدات و پەرلەمان وەك دامەزراوە هەنگاوی یاسایی بنێت بۆ كاركردن لەسەر دەستور و پرسە چارەنوسسازەكان، كەچی بە بیانوی ئەمەوە دەرگە بەدەرگەی هەمو حزبەكان گەڕاو هیچیشی نەكرد، هاوكات كاتێك بڕیاری دەركرد و وەزارەتی داد لە وەقائیعی كوردستان بۆی بلاونەكردەوە، بێدەنگیی هەڵبژارد و هیچ هەنگاوێكی نەنا".

رونیشیكرده‌وه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان كاتێك بڕیارێكی دەركرد و رێگریی لە پەرلەمانتاران كرد پرۆژەكان بەسەر بكەنەوە، گومانی خستە سەر پەرلەمانتاران و لە ئەركێكی پەرلەمانی بێبەشی كردن كە پەیرەو بۆی دیاریكردون.

په‌یوه‌ست به‌ بانگهێشتكردنی وه‌زیره‌كان بۆ په‌رله‌مان، له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئینستتیوتی پەیدا هاتوه‌، "لەبری ئەوەی بەپێی پەیڕەو بانگهێشتی وەزیرەكان و سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بكات بۆ لێپێچینەوە، كەچی دەڵێت داوا لە وەزیرەكان دەكەین بێن بۆ پەرلەمان خۆیان خاڵی بكەنەوە و قسەی خۆیان بكەن، ئەمەش بچوككردنەوەی پەرلەمانە لەبەرامبەر دەسەڵاتی جێبەجێكردندا، ئەمەش لەو رۆژەوە دروستبو كە سەرۆكی پەرلەمان چو بۆ ئەنجومەنی وەزیران كە لە كولتوری پەرلەمانیدا نەبوە، هه‌روه‌ها كاتێك لەلایەن ئەندامانەوە داوای بانگهێشتی وەزیرەكان دەكرا كەچی سەرۆكی پەرلەمان وتی وەزیرەكان نایەن بۆ پەرلەمان چیان لێبكەم خۆ پۆلیسیان بۆ نانێرم".

له‌باره‌ی بانگهێشتكردنی سه‌رۆك وه‌زیران بۆ په‌رله‌مان، له‌ راپۆرته‌كه‌ی ئینستتیوتی پەیدا هاتوه‌، "ئیمزای پێویست كۆكرابوەوەو داوای لێپرسنەوەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كرابو لەبری ئەوەی بەپێی پەیرەو ئامادەبێت و لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت، كەچی سەرۆكی پەرلەمان پرساندنەكەی نەخستە بەرنامەی كار و وەك میوانداری خستیە بەرنامەی كار و سەرۆكی حكومەت چوە پەرلەمان و ئەو پەرلەمانی محاسەبە كرد".

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=155399&babet=1&relat=1024&fbclid=IwAR1Njpx5OpAJ17rV8Cuedre2mzz1nfEqyc1rZcILIJ2yvPD3LSKcGJ2f3XI